پۆڵەتیک پرێس ناوی بەشێک لە بەربژێرانی یەکێتی لە بازنەکانی هەڵبژاردن بڵاودەکاتەوە

پۆڵەتیک پرێس:

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

هەرچەندە ئەمڕۆ (پێنجشەممە 28ـی ئادار) کۆتا رۆژی ئەو وادەیەیە کە کۆمسیۆن بۆ پێشکەشکردنی دوایین لیستی ناوی بەربژێران دیاریکردبوو، بەڵام 48 کاتژمێری دیکە خرایە سەر ئەو وادەیە و لیست و قەوارە و هاوپەیمانێتییەکان تا 31ـی ئاداریان لەبەردەست ماوە بۆ پێشکەشکردنی لیستەکانیان، پۆڵەتیک پرێس ناوی بەشێک لە بەربژێرانی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان لە بازنەکانی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان بڵاودەکاتەوە،

بەگوێرەی زانیارییەکان، یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بە 76 بەربژێر لە بازنەی سلێمانی بەشدار دەبێت و لەناو بەربژێرەکان ناوی هەریەکە لە سالار مەحموود، لێپرسراوی مەڵبەندی گەرمیان، ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی، بارزان عوسمان، وتەبێژی پێشووی پۆلیسی هەڵەبجە و هەریەک لە دکتۆر یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا و دکتۆر ئومێد عەلی، بەڕێوەبەری پێشووی نەخۆشخانەی شار هەیە.

بەشێکی دیکە لە بەربژێرەکانی یەکێتی لە بازنەکانی هەڵبژاردن بریتی دەبن لە؛ ژوان حەمە رەش، سالاری بازیان، لوقمان وەردی، ئارام بەکر، بورهانی سەعید سۆفی (بورهانی کۆمیتە) ، قادر رزگەیی، زانا حەسەن، سەرکۆ ئازاد گەڵاڵی، فەرهاد پیرەمەگروونى و رەوەند شەهید غەریب هەڵەدنی.

ئەوەی زاندراوە لە بازنەی هەولێر، شاڵاو کۆسرەت رەسووڵ سەرپەرشتیی لیستی یەکێتی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەم دەکات و سەرۆکی لیست دەبێت.

رۆژی چوارشەممە، سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان رایگەیاند: رۆژی پێنجشەممە (28-3-2024) یەکێتی لیستی کاندیدەکانی پێشکەشی کۆمسیۆن دەکات.

ئەوەی یەکلابووەتەوە ئەوەیە یەکێتی بە نزیکەی 200 کاندیک دەچێتە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی هەرێمی کوردستان و بۆ هەر کورسییەک دوو کاندیدی دەبێت.

هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی کوردستان جیاواز لە جارەکانی پێشوو، بەبێ 11 کورسیی کۆتاکان بەشێوەی فرەبازنەیی بەڕێوەدەچێت بەڕێوەدەچێت.

رۆژی 21ـی شوباتی 2024، دادگای فیدراڵیی عێراق بڕیاریدا ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە 111 کورسییەوە بۆ 100 کورسی کەمبکاتەوە و 11 کورسیی کۆتایی پێکهاتەکانی تورکمان و کەمینەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بە ‘نادەستووری’ دانا..

رۆژی 3ـی ئاداری 2024، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەرسوومی تایبەتی سەرۆکایەتی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان دەرکرد و رۆژی 10ـی حوزەیران/6 ی ئەمساڵی وەک وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد.

 

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا