پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
پارێزگاری دهۆک رایگەیاند، بەهۆی بارانبارین و بە مەبەستی پاراستنی گیانی هاووڵاتییان سبەی لە پاریزگای دهۆک پشووی فەرمی دەبێت.
رۆژی سێشەممە 19ی ئاداری 2024 عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک رایگەیاند، بۆ مەبەستی پاراستنی گیانی هاووڵاتییان، هەروەها بەهۆی بارینی بارانی بەخووڕ، سبەی چوارشەممە لە سەرتاسەری پارێزگای دهۆک پشووی فەرمی دەبێت.
پارێزگاری دهۆک، ئاماژەی بەوەدا، سبەی تەنیا دەوامی بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرگری شارستانی، پۆلیس، ئاسایش، کۆچ و کۆچبەران، شارەوانی و کارەبا هەیە، بۆ ئەوەی لە ئامادەباشیدابن لە ئەگەری روودانی هەر حاڵەتێکی نەخوازراو.
عەلی تەتەر، داواکارە لە هاووڵاتییان بۆ پاراستنی گیانی خۆیان و کەسوکاریان لە ماڵەکانی خۆیان دەرنەچن، بۆ ئەوەی تیمەکانی فریاگوزاری بتوانن کاری خۆیان بە باشترین شێوە ئەنجامبدەن.
ئەمەش لەکاتێکدایە بەرەبەیانیی رۆژی سێشەممە، شەپۆلێکی بارانی بەخوڕ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی گرتەوە و کاریگەریی شەپۆلەکە زیاتر لەسەر پارێزگای دهۆک بوو. بەهۆی بارانەکەوە، لە چەند گەڕەکێکی شارەکە لافاو هەڵسا، ئاو چووە ناو ژمارەیەک خانوو و بەشێک لە رێگاکانیش بەڕووی شۆفێراندا داخران.
لە ئەنجامی لافاوەکە دوو هاووڵاتی خنکاون و تا ئێستە تەرمەکانیان نەدۆزراونەتەوە، بەهۆی ئەوەی بە دەیان کیلۆمەتر لەگەڵ خۆی بردوونی.