هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی رووسیا پوتین دەکات بە ئیمپراتۆر

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

دەزگای هەواڵگری ڕووسیا ئەمریکای تۆمەتبار کرد بەوەی کە هەوڵی دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ڕووسیا دەدات کە لە ماوەی چەندی داهاتوو دەست پێدەکات، هەروەها باسی لە پلانێکی ئەمریکا کرد بۆ بە ئامانجگرتنی سیستەمی ئەلیکترۆنی دەنگدانی ڕووسیا.

چاوەڕوانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا بە ئاسانی سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت

هەواڵگری ڕووسیا زیادی کرد: واشنتۆن هێرشی ئەلیکترۆنی لە دوورەوە ئامادە دەکات بۆ سەر سیستەمی دەنگدانی ئەلیکترۆنی، ئەمەش وا دەکات کە دەنگەکانی ڕێژەیەکی زۆر لە دەنگدەرانی ڕووسیا مەحاڵ بێت، بەپێی ئەوەی لە بەیاننامەکەدا هاتووە.

چاوەڕوانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا بە ئاسانی سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت، ئەمەش ڕێگەی پێدەدات تا ساڵی 2030 لە دەسەڵاتدا بەردەوام بێت لە پۆستەکەی، لەم دواییانەدا پوتین هۆشداریی بە ڕۆژئاوا دا کە هەر هەوڵێکی زلهێزە بیانییەکان بۆ دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ڕووسیا بە کارێکی دوژمنکارانە دادەنرێت.

لە دوای هاتنە سەر دەسەڵات، سەرەتا وەک سەرۆک وەزیران، پوتین هەموو جۆرە ئۆپۆزسیۆنێکی لەناوبردووە و دەستی بەسەر حکومەتدا گرتووە بە شێوەیەک کە دووبارە هەڵبژاردنەوەی بۆ شەش ساڵی دیکە بەمسۆگەر دادەنرێت.

هەڵبژاردنەکان کە لە ماوەی سێ ڕۆژدا 15 _17 ی ئازار بەڕێوەدەچێت، ماوەیەکی نوێ بە پوتین دەبەخشێت کە تا ساڵی 2030 بەردەوام دەبێت، ئەمەش دەبێتە ئەو سەرکردەیەی کە بۆ درێژترین ماوە حوکمڕانی ڕووسیای کردووە لە دوای ئیمپراتۆری کاترینی دووەم لە سەدەی هەژدەهەمدا.

هەڵبژاردنەکان لە کاتێکی گونجاودا دێت بۆ پوتین هێزەکانی ڕووسیا لەم دواییانەدا پێشکەوتنی مەیدانییان لە ئۆکرانیا بەدەستهێنا، دیارترین نەیارەکەشی، کە ئەلێکسی ناڤالنی، لە پشت مێزی زیندانەکەی لە بازنەی جەمسەری باکوور گیانی لە دەستدا، هەروەها ئابووری ڕووسیا سەرەڕای سزاکانی ڕۆژئاوا کە بەسەر مۆسکۆدا سەپێنراوە، بە هاوردەکردنی بەرهەمی سەرەتایی لە ڕێگەی لایەنی سێیەمەوە، یان ئاڕاستەکردنەوەی بەرهەمهێنانی وزەی ڕووسیا بەرەو بازاڕەکانی ئاسیا، بە جێگیری ماوەتەوە.

ئەمساڵ پوتین ڕووبەڕووی سێ ڕکابەری پەسەندکراو دەبێتەوە کە بریتین لە لیۆنید سلۆتسکی ناسیۆنالیست، نیکۆلای خاریتۆنۆڤی کۆمۆنیست و بازرگان ڤلادیسلاڤ داڤانکۆڤ، ئەو سێ کەسە پێشتر پشتگیریان لە هێرشی سەر ئۆکرانیا کردووە.

هەڵبژاردنەکان لە کاتێکی گونجاودا دێت بۆ پوتین هێزەکانی ڕووسیا لەم دواییانەدا پێشکەوتنی مەیدانییان لە ئۆکرانیا بەدەستهێنا

ڤلادیمێر پوتین:

سەرۆکی ئێستا. لە 7ی تشرینی یەکەمی 1952 لە شاری لینینگراد/ سانت پترسبۆرگ لەدایکبووە، دەرچووی فاکەڵتی یاسا. دوای بەدەستهێنانی بڕوانامەکەی لە ساڵی 1975 لە کەی جی بی (هەواڵگری سۆڤیەت) کاری کردووە.

لە ساڵی 1984 ڕەوانەی پەیمانگای کەی جی بی کرا بۆ خوێندن، کە تایبەتە بە هەواڵگری بیانی، ئەڵمانی خوێندووە و بۆ خزمەتکردن لە ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات ڕاهێنانی پێکراوە.

لە ساڵی 1990 دەبێتە ڕاوێژکاری سەرۆکی شارەوانی سانت پترسبۆرگ و لەگەڵ گواستنەوەی بۆ کارێکی نوێ دەستی لە کارەکەی لە بواری هەواڵگریدا کێشاوەتەوە، لە ساڵی 1994 وەک جێگری یەکەمی سەرۆکی حکومەتی سانت پترسبۆرگ دەستنیشانکرا.

لە ماوەی 3 ساڵدا لە جێگری بەڕێوەبەری کاروباری سەرۆکایەتییەوە بەرزبووەوە بۆ سکرتێری ئەنجومەنی ئاسایش، لە ساڵی 1996 پۆستی ئەفسەری کارگێڕی جێگری سەرۆک کۆماری وەرگرتووە و سەرپەرشتی بەشی یاسایی و بەڕێوەبردنی موڵک و ماڵی بیانی ڕووسیای کردووە.

لە ساڵی 1998 بووەتە سەرۆکی دەزگای ئاسایشی فیدراڵی کە بە FSB ناسراوە و دوای 6 مانگ پۆستی سکرتێری ئەنجومەنی ئاسایشی فیدراسیۆنی ڕووسیای وەرگرتووە، لە بەهاری ساڵی 1999 بوو بە سەرۆک وەزیران.

لە 31 ی کانوونی دووەمی 1999 بۆریس یێڵتسین دەستی لەکارکێشایەوە و پوتین بوو بە سەرۆک کۆمار بە وەکالەت. لە مانگی ئازاری ساڵی 2000 بە سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرا و لە ساڵی 2004 بۆ خولی دووەم هەڵبژێردرایەوە.

لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکاندا کە لە ساڵی 2012 بەڕێوەچوو، پوتین بە 63.6%ی دەنگەکان قۆناغی یەکەمی بەدەستهێنا و بۆ جاری سێیەم پۆستی سەرۆکایەتی کۆماری گرتە دەست، ساڵی 2018 جارێکی دیکە وەک سەرۆکی وڵات هەڵبژێردرایەوە.

ئەو هەموارکردنەوەی دەستوورەی لە ساڵی 2020 پەسەند کرا، ڕێگەی بە سەرۆکی ئێستا دا کە جارێکی دیکە خۆی کاندید بکاتەوە بۆ پۆستی سەرۆکی رووسیا.

 

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا