چاپی دووەمی “ڕاستنووسی” بڵاو کرایەوە

پۆڵەتیک پرێس

چاپی دووەمی کتێبی ” ڕاستنووسی”، لە نووسین و ئامادەکردنی کوردۆ شابان بڵاو کرایەوە.

لەبارەی کتێبەکەوە کوردۆ شابان بە بەشی فەرهەنگی پۆڵەتیک پرێسی وت، کتێبی “ڕاستنووسی”، لە بیرۆکەیەکی بچووکەوە دەستی پێ کرد. کاتێک سەرنووسەری یەکێک لە ماڵپەڕەکان بووم، بەهۆی خراپیی زمانی هەواڵنووس و هەواڵنێر و پەیامنێرەکانەوە، لەسەر بنەمای ڕێنوێنییەکانی ئەکادیمیای کوردی، مەلزەمەیەکم بۆ ستافەکەم دروست کرد، تێیدا بریتی بوو لە هەندێ ڕێسای ڕێنووس و چاککردنەوەی هەڵە باوەکانیان و خاڵبەندی.

وتیشی: ئەمەی ئامادەم کرد، بەناو ڕۆژنامەنووساندا تەقییەوە و لە گرووپەکانی سۆشیاڵ میدیا بڵاویان دەکردەوە و بووە سەرچاوە بۆیان. لێرەدا ئەو بیرۆکەیەم بۆ هات، بیکەمە کتێب، بەڵام هەر بەو زمانە سادەیە کە ڕۆژنامەنووس و نووسەران تاقەتییان هەبێ بەردەوام بۆی بگەڕێنەوە. ئیدی کاتێک ئامادەم کرد، جگە لە ڕێنووس و خاڵبەندی، ڕێزمانیشم بۆ خستە سەر. ئەم کتێبەی من، یەکەم بەرهەمە لە مێژووی کورد، بەجارێ هەر سێ جومگەکەی نووسین لەخۆ بگرێت و ئاوا کورت و پوخت بێت.

لەبارەی چاپی دووەمی کتێبەکەوە کوردۆ شابان دەڵێت: چاپی یەکەمی بە خێرایی تیشک لە بازاڕدا نەما، بۆیە بڕیارم دا چاپی دووەمی بکەمەوە. ئەم جارەیان، هەندێ زانیاری نوێم بۆ زیاد کردووە و پێش لەچاپدانی، پیشانی مامۆستا بەدران ئەحمەد حەبیب، پسۆڕی گەورەی زمانم داوە. ئەو پێیدا چووەتەوە و پێشەکییەکی بۆ نووسوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، بەداخەوە دۆخی کۆڕۆنا نەبوایە، ئێستە ڕەنگە لە چاپی چوارەم بوومایە، چونکە ئەم کتێبە، زادەی خەیاڵی نووسەرێک نییە، بەڵکوو هەمووی بنەمان بۆ هەر کەسێک دەیەوێ زمانی نووسینەکانی خاوێن بکاتەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا