شیعرێکی نازم حیکمەت بە وەرگێڕانی دلاوەر قەرەداغی

شیعر: نازم حیکمەت *
وەرگێڕانی: دلاوەر قەرەداغی 
دەکەومە سەر ئەژنۆ، لە خاک دەنۆڕم
دەنۆڕم لە گژوگیا
گوڵ بە ڕەنگی شین شین
پشکوتوون
لێیان دەنۆڕم
تۆ وەک خاکی بەهارانیت، دوڵبەری من
لە تۆ دەنۆڕم
لەسەر پشت ڕاکشاوم، ئاسمان دەبینم
پەلکی درەختان دەبینم
لەقلەقەکان لە کاتی فڕیندا دەبینم
بە چاوانێکی کراوەوە، خەون دەبینم
تۆ وەک ئاسمانی بەهارانیت، دوڵبەری من
تۆ دەبینم
شەو، ئاگرێک لەو دەشتە دەکەمەوە
دەست لە ئاگرەوە دەدەم
دەست لە ئاوەوە دەدەم
دەست لە زیوەوە دەدەم
تۆ وەک ئاگرێکی هەڵایساو لە ژێر ئەستێراندایت
دەست لە تۆ دەدەم
لە تەنیشت ئینسانەوە دەژیم
ئینسانم خۆش دەوێ
جووڵەم خۆش دەوێ
بیرکردنەوەم خۆش دەوێ
بەرخۆدانم خۆش دەوێ
تۆ ئینسانی بەهارانیت
دوڵبەری من
تۆم خۆش دەوێ
* لە کتێبی شیعری “شەوێ کە بەفر تا سەر ئەژنۆ باری بوو”، نازم حیکمەت، وەرگێرانی دلاوەر قەرەداغی، چاپکراوی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم ٢٠١٨ 

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا