بافڵ جەلال تاڵەبانی : ئێمە هەرگیز كەركوكمان جێنەهێشتووە و هەمیشەش هەر وادەكەین

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە كەركوك لەگەڵ ژمارەیەكی بەرچاو لە مامۆستا، زانای ئاینی و كەسایەتییە كۆمەڵایەتییەكانی سنووری پارێزگاكە كۆبووەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا كە رەفعەت عەبدوڵڵا، ئاسۆ مامەند، شاڵاو عەلی عەسكەری، هاوڕێ شێخ دارۆ و شێخ ئەحمەد حەمەكەریم، ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و رێبوار تەها، سەرۆكی لیستی هاوپەیمانی كەركوك هێز و ئیرادەمانە ئامادەبوو، بافڵ جەلال تاڵەبانی ستایشی رۆڵ و پێگەی مامۆستایانی ئاینی و كەسایەتییە كۆمەڵایەتییەكانی كەركوكی كرد لە هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگە، گەشەپێدانی بیری میانڕەوی و قووڵكردنەوەی پێكەوەژیان و رایگەیاند: یەكێتی بە رێزەوە لە هەوڵەكانتان دەڕوانێت و پشتگیریی هەر هەنگاوێكیش دەكات كە ئامانجی پەرەپێدانی گیانی تەبایی و پێكەوەژیان بێت لەنێوان سەرجەم نەتەوە و پێكهاتەكانی كەركوكدا.

لە درێژەی وتەكانیدا بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بە بەرنامە سیاسی و خزمەتگوزارییەكانی هاوپەیمانی كەركوك هێز و ئیرادەمانە كرد و رایگەیاند: هەوڵەكانمان بۆ وەرگرتنەوەی دەسەڵات و راستكردنەوەی رێڕەوی حوكمڕانییە لە ناوچەكە، خزمەتكردنی كەركوك و داكۆكیكردن لە مافە رەواكانی خەڵكە خۆڕاگرەكەی ئەركی ئێمەیە، ئێمە لەسەر رێرەوی سیاسەتە دروستەكەی سەرۆك مام جەلال هەنگاودەنێین كە خۆی لە پاراستنی مافی سەرجەم نەتەوە و پێكهاتە رەسەنەكانی كەركوك دەبینێتەوە و بەهەموو شێوەیەك پەڕاوێزخستن و جیاكاری رەتدەكاتەوە.

بافڵ جەلال تاڵەبانی داوای لە كەركوكییەكانیش كرد وەك چۆن لە رابردوودا مێژوویەكی پڕ لە سەروەری و شانازیتان نووسیووەتەوە، ئێستاش بە هەمان رۆحییەتەوە بچنە سەر سندووقەكانی دەنگدان و هاوپەیمانی كەركوك هێز و ئیرادەمانە هەڵبژێرن، دەنگ بە لیستی ١٤٢ بدەن و شانازییەكی تر لە مێژوودا تۆماربكەن و بەرگری لە كوردستانیبوونی كەركوك بكەن.

لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆیەكی كراوە بەڕێوەچوو و لەبەرامبەر سەرنج و پێشنیارەكاندا سەرۆكی یەکێتی نیشتمانی کوردستان وتی: كەركوك لە دڵماندایە و ماڵی هەموو كەركوكییەك، ماڵی من و یەكێتیشە، ئێمە هەرگیز كەركوكمان جێنەهێشتووە و هەمیشەش هەر وادەكەین، ئێستاش بە سەركەوتنی هاوپەیمانیی كەركوك هێز و ئیرادەمانە، مێژوویەكی دیكە بۆ یەكێتییەكەمان دەنووسینەوە و لە قەڵا دێرین و سەربەرزەكەی خۆتانەوە مژدەی سەركەوتن رادەگەیەنین.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا