پەبجی.. پەناگەی گەنجانی عێراق بۆ راکردن لەواقع

پۆڵەتیک پرێس

بەشار ئەبوخەلیل بەپۆشاکێکی پەمەیی و چەکێکی سامورای لەپشت مۆبایلەکەیەوە دژی دوژمنەکەی دەجەنگێت، ئەم دیمەنە ئەگەر لەژیانی راسەقینەدا رووبدات، کەمێک سەیر دەردەکەوێت، بەڵام لەناو جیهانی یاری پەبجی، کە لەئێستادا یەکێکە لەبەناوبانگترین یارییە جیهانییەکان لەعێراق بارێکی زۆر ئاساییە و روودەدات.

لەڕێی پەبجی “گۆڕەپانی جەنگی یاریزانە نەناسراوەکان” بە ملیۆنان یاریزان دەچنە جیهانێکی دیکەوە، ئەو نەوەیەی زۆرترین کاتەکانی بەم یارییەوە بەسەردەبات نزیکەی رێژەی %60ی عێراقییەکان پێکدەهێنێت، بەجۆرێک بە “نەوەی پەبجی” ناوبانگیان دەرکردووە.

ئەم جیهانە نوێیە کە گەنجان زۆربەی کاتەکانیان تێیدا بەسەردەبەن بووەتە رووبەرێک بۆ دروستکردنی هاوڕێیەتی و تەنانەت پەیوەندی خۆشەویستیش.

لەمبارەیەوە دالیا وەحید کە لەڕێی پەبجییەوە ژمارەیەک هاوڕێی نوێی ناسیوە دەڵێت: زۆر ئاسان دەتوانیت چاوت بەکەسانی دیکە بکەوێت لەڕێی ئەم یارییەوە.

بەڵام ئەو جیهانە خەیاڵییەی پەبجی وێنای دەکات، زۆر جیاوازە لەو ژیانە راستەقینەیەی عێراق کە ماوەی 40 ساڵە جەنگ و قەیرانی یەکبەدوای یەکی بەخۆیەوە بینیوە.

“یاری زۆر دەکەیت تا واقع لەبیربکەیت، لەناکاو دەبینیت ئەم یارییە بووەتە جۆرێک لەئالودەبوون”

سەبارەت بە بەشار ئەبوخەلیل کە ناوی “جی2 جی” لەناو یارییەکە هەڵگرتووە، ئەم یاریزانە لەپێناو لەبیرکردنی خەمەکانی دەستی بەم یارییە کردووە و دواتر بووەتە خولیای، بەقسەی خۆی “یاری زۆر دەکەیت تا واقع لەبیربکەیت، لەناکاو دەبینیت ئەم یارییە بووەتە جۆرێک لەئالودەبوون”.

لەلایەکی دیکەوە یەکێک لەیاریزانانی ئەم یارییە ئەلکترۆنییە کە ناوی رێشار ئیبراهیمە دەڵێت: هیچ دڵەڕاوکێیەک نییە لەبارەی یاری پەبجی چونکە ئەمە تەنیا یارییە و راستەقینە نییە، رێشار یاریزانێکی تەمەن ١٩ ساڵی کوردە و ماوەیەکە چووەتە سوید و لەوێ دەژی.

ماوەی چەند مانگێک بەر لەدەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانی مانگی تشرینی یەکەمی 2019، پەرلەمانی عێراق دەنگیدا بەوەی رێگری لەم یارییە بکرێت بەو هۆکارەی دەبێتەهۆی بڵاوکردنەوەی توندوتیژی و گەنجەکان لەژیانی راستەقینە دادەبڕێنێت.

رێشار ماوەیەک لەمەوبەر لەکێبڕکیی “پەبجی مۆبایل”ی عەرەبی، توانی ببێتە براوە و بەشێک لەو خەڵاتە بباتەوە کە بەهاکەی 100 هەزار دۆلار بوو و دابەشکرا بەسەر ژمارەیەک لەیاریزانە براوەکاندا.

ئەم بردنەوەیە ئاسان نەبوو، بەتایبەت یەکێک لەیاریزانەکانی ناو تیمەکەی رێشار لەهەرێمی کوردستان بەدوای ئینتەرنێتی باشدا وێڵ بوو، یەکێکی دیکەش لەیاریزانەکانی ئەو تیمە لەنیوەی یارییەکەدا کارەبای لێبڕابوو.

لەڕێی پەبجی “گۆڕەپانی جەنگی یاریزانە نەناسراوەکان” بە ملیۆنان یاریزان دەچنە جیهانێکی دیکەوە

لەئەنجامی نەبوونی پاڵپشتی دەوڵەت بۆ یارییە ئەلیکترۆنییەکان، حەیدەر جەعفەر لەساڵی 2011 یەکێتی یارییە ئەلیکترۆنییەکانی دامەزراند، حەیدەر دەڵێت: ستراتیژی وەزارەتی لاوان لەبارەی یارییە ئەلیکترۆنییەکانەوە لەساڵی 2009ەوە نەگۆڕاوە.

لەساڵی 2020 یەکێتی یارییە ئەلیکترۆنییەکان سەرکەوتنی بەدەستهێنا کاتێک چووەپاڵ یەکێتی نێودەوڵەتی یارییە ئەلیکترۆنییەکان بەتایبەت لەدوای بەرفراوانبوونی ناوبانگی پەبجی لەعێراق.

بەپێی ئامارێکی داتا پۆرتال، لەدوای رووخانی دەسەڵاتی سەدام حسێن، سەرۆکی پێشووتری عێراق لەساڵی 2003، نیوەی عێراقییەکان کەوتنەژێر ئابڵوقەی نێودەوڵەتی، بەڵام ئەمڕۆ بەنزیکەیی هەموو دانیشتووانی عێراق مۆبایلیان پێیە و %75یان ئینتەرنێت بەکاردەهێنن.

عێراق کەلەڕووی ئابوورییەوە بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بە نەوت و سەرچاوە نەوتییەکان دەبەستێت، نەیتوانیوە دیاردەی پەبجی بکاتە دەرگایەک بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوت و قازانج، لەکاتێکدا بەهای بازاڕی یارییە ئەلیکترۆنییەکان لەسعودیە و ئیمارات 821 ملیۆن دۆلار تێدەپەڕێنێت.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک