عێراقییەكان بەدوای ونبووەكاندا دەگەڕێن

پۆڵەتیك پرێس: لاڤە واحید
ساڵێك تێپەڕی كەچی هێشتا عێراقییەكان هوتافی “لەكوێن” بەكاردەهێنن، لە هەوڵی گەڕان بەدوای ئەو كەسانەی لەماوەی خۆپیشاندانە گەورەكەی تشرینی یەكەمی ٢٠١٩ دژی حكومەت بەڕێوەچوو ون بوون.

هاوكات، لەگەڵ ساڵیادی خۆپیشاندانەكانی تشرینی یەكەم، كە بە شۆڕشی تشرینیش ناودەبرێت روانگەی عێراق بۆ مافەكانی مرۆڤ بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە تێیدا هاتووە، هێشتا ٥٥ كەس لەوانەی لە ١ی تشرینی یەكەمی ٢٠١٩دا ون بوون، نادیارن.

لە نوێترین راپۆرتیدا، نووسینگەی مافەكانی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ هاوكاریكردنی عێراق بێسەروشوێن بوونی ١٢٣ كەسی لەماوەی نێوان ١ی تشرینی یەكەمی ٢٠١٩ هەتا ٢١ی ئازاری ئەمساڵ دۆكیومێنت كردووە.

 

٩٨ كەس لەو ١٢٣ كەسە ونبووە دۆزراونەتەوە بەڵام هێشتا ٢٥ كەسی دیكەیان لە لیستی ونبوواندان

 

مانگی ئایاری پێشوو، نەتەوەیەكگرتووەكان لە راپۆرتێكدا ئەوەی خستەڕوو، ٩٨ كەس لەو ١٢٣ كەسە ونبووە دۆزراونەتەوە بەڵام هێشتا ٢٥ كەسی دیكەیان لە لیستی ونبوواندان.

لای خۆیەوە محەمەد ئەلكندی چالاكوان باسی لەوەكرد، دووچاری چەندین هەڕەشەی توند و جۆراوجۆر هاتووەو لەچەندین هەوڵی كوشتن رزگاری بووە یەكێك لەو هەوڵانە لەڕێی چەكی بێدەنگەوە بووە.

ئەلكندی دەڵێت: لەڕێی دەیان تەلەفۆنەوە پەیوەندیم پێوەكراوەو هەڕەشەم لێكراوە، لەناو ئەو تەلەفۆنانەشدا كۆدی تەلەفۆنی نیودەوڵەتی سوریا هەبووە، سەرباری ئەوەی جارێكیان كەسێك هاتە ماڵەكەم و زەرفێكی دامێ، كە نامەیەكی هەڕەشەئامێز و ژمارەیەك گولـلەی تێدابوو.

هاوكات، یەكێكی دیكە لەهەوڵەكانی كوشتنی ئەلكندی لەگۆرەپانی ئەلخەلانی بوو لەناوەڕاستی بەغدا كاتێك لە دوورەوە تەقەی لێكرا.

 

یەكێكی دیكە لەهەوڵەكانی كوشتنی ئەلكندی لەگۆرەپانی ئەلخەلانی بوو لەناوەڕاستی بەغدا كاتێك لە دوورەوە تەقەی لێكرا

 

لەلایەكی دیكەوە، رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لەراپۆرتێكی ساڵی ٢٠١٩دا ئاماژەی بەوە كردووە، ژمارەیەك لەبریندارانی نەخۆشخانەكانی بەغدا و كەربەلا بێسەروشوێن كراون، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی ئەو كەسانەی دیكە، كە برینداربوون خۆیان لە نەخۆشخانەكان و هاوكارییە پزیشكییەكان بەدوور بگرن.

ئەلكندی دەشڵێت: لەدوای ئازادكردنی چالاكوانان، نامەی هەڕەشەئامێز دەنێررێت بۆ خزم و كەسوكاریان كە تێیدا نوسراوە “ئەگەر قسە بكەن دەتانكوژین”.

ئەلكندی ئاماژەی بەوەشكرد، زۆرێك لەو چالاكوانانەی لە خۆپیشاندانەكانی تشرینی یەكەمی ٢٠١٩ بەشداربوون و بێسەروشوێن كران، چوونە دەرەوەی عێراق و پەنایان بۆ هەرێمی كوردستان برد.
بەڵام سەبارەت بە كچە چالاكوانەكان، ئەو دڕندەیی و زۆرداریەی رەنگە دووچاریان ببێتەوە، رێیان پێنادات ئەزموونی رفاندنی خۆیان باس بكەن.

ئەوەش دەڵێت: ئێمە كۆمەڵگایەكی خێڵەكین، نامانەوێت لەبارەی رفاندنی ئەو كچە چالاكوانانەوە قسە بكەین، ئەگەر باسیشی بكەین، رەنگە ژیانیان رووبەڕووی مەترسی ببێتەوە.

 

ئێمە كۆمەڵگایەكی خێڵەكین، نامانەوێت لەبارەی رفاندنی ئەو كچە چالاكوانانەوە قسە بكەین

 

بەپێی راپۆرتە نوێیەكەی نەتەوە یەكگرتووەكان، ئەو چالاكوانانەی بێسەروشوێن كراون و دواتر ئازادكراون، پێناسی ئەو كەس و لایەنانە نازانن كە بەرپرس بوون لە رفاندنیان.

لە رۆژی ١ی تشرینی یەكەمی ٢٠١٩، خۆپیشاندانەكانی عێراق دژی گەندەڵی سیاسی و كەمی خزمەتگوزارییە گشتییەكان لە گۆڕەپانی ئازادی بەغداوە دەستیپێكرد و بەرەو پارێزگاكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق درێژبووەوە.

بەپێی ئامارەكانی كۆمسیۆنی مافی مرۆڤ، ئەو خۆپیشاندانانە كە چەندین مانگی خایاند، ژمارەیەكی زۆر كوژراو و برینداری لێكەوتەوە بەجۆرێك، ژمارەی كوژراوان زیاتر لە ٥٦٠ كەس و ژمارەی برینداران زیاتر لە ٢٤ هەزار كەس بوون.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا