پلەکانی گەرما دادەبەزن و شەپۆلێکی بارانبارین روو لە ناوچەکانی هەرێم دەکات

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

بەڕێوەبەری کەشناسی سلێمانی رایدەگەیەنێت، بەهۆی ئەو نزمە پاڵەپەستۆیەی رووی لە ناوچەکانی هەرێم کردووە، پلەکانی گەرما دادەبەزن و بارانبارینی پچڕپچڕ لە چەند ناوچەیەکی دیاریکراوی هەرێم بەردەوامی دەبێت. هاوکات دەشڵێت، “بەپێی زۆرێک لە نەخشە کەشووهەواییەکان، پێشبینی دەکرێت وەرزی بارانبارینی ئەمساڵمان بەراورد بە یەک دوو وەرزی رابردوو باشتر بێت”.

ئاسۆ کەمال تەیب، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی سلێمانی، لە دیدارێکی تایبەتی پۆڵەتیک پرێسدا رایگەیاند، “بەهۆی کاریگەری ئەو نزمە پاڵەپەستۆیەی کە ناوچەکەی گرتووەتەوە، کەشوهەوای هەرێمی کوردستان و ناوچەکە ناسەقامگیری بەخۆوە دەبینێت و شەپۆلێکی بارانبارین بە بڕی جیاجیا هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە”.

بەڕێوەبەری کەشناسی سلێمانی ئەوەشی ووت، لە ئێستادا کاریگەری ئەم شەپۆلە زیاتر لەسەر ناوچەکانی باکووری هەرێم و ناوچەکانی دهۆک و زاخۆیە و باکووری رۆژهەڵاتی هەرێم بەدی دەکرێت.

سەبارەت بە پلەکانی گەرما، ئاسۆ کەمال رایگەیاند، “پلەکانی گەرما روو لە نزمبوونەوە دەکەن و کاریگەرییەکانی ئەم نزمە پاڵەپەستۆیە لە رۆژانی داهاتووشدا بەردوامی دەبێت و بارانی ناوبەناو دەست پێدەکات و سەرەتای وەرزی بارانبارینە لە ناوچەکە”.

بەڕێوەبەری کەشناسی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، “بەراورد بە ساڵی رابردوو، وادەی بارانبارین لەناوچەکە و پارێزگای سلێمانی پێشکەوتووە”. وتیشی، “ساڵی پار (2022)، لە رێککەوتی 20ی مانگی 10 بارانبارینەکان دەستی پێکردووە”.

لەکۆتایی قسەکانیدا، ئاسۆ کەمال، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی سلێمانی ووتی، “بەشێوەیەکی گشتی وەرزی بارانبارین و ئەو کاتەی لە کوردەواریدا پێی دەڵێین کاتی “پەڵەدان” لە مانگی 10 دەستپێدەکات. بەڵام دواکەوتن و پێشکەوتنی ئەو وادەیە شتێکی سرووشتییە و چەندین ساڵ ئەو حاڵەتانە روویانداوە”. وتیشی، “بەپێی زۆرێک لە نەخشە کەشووهەواییەکان، پێشبینی دەکرێت وەرزی بارانبارینی ئەمساڵمان بەراورد بە یەک دوو وەرزی رابردوو باشتر بێت”.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا