هاووڵاتیانی هەرێم بەردەوامن لەكڕینی تمەنی ئێرانی

پۆڵەتیك پرێس:
سەرەرای دابەزینی بەردەوامی نرخی تمەنی ئێرانی بەرانبەر دۆلاری ئەمریكی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بەردەوامن لەكڕینی ئەو دراوەو بازرگانێكیش ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، هاووڵاتیانی هەرێم شارەزاییان كەمە، بۆیە تمەن دەكڕن و حەواڵەی ئێرانی دەكەن.

ماوەیەكە خەڵكی هەرێمی كوردستان بەگشتی‌و خەڵكی سلێمانی بەتایبەتی دەستیان بە كڕینی دراو كردووە، كە بەقسەی بازرگان‌و شارەزایان كڕینی تمەن بەو قەبارە زۆرە، زیانی گەورە بە ئابووری هەرێم دەگەیەنێت.

ئەحمەد ئابڵاخی، بازرگان، لەو بارەوە بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: ئێمە ئەزموونی رابردوومان هەیە كاتێك لە عێراق پارەی عێراقی گۆڕدرا خەڵكی بە مەبەستی گەرانەوەی پارەی سویسری ئەوكاتی عێراقی پارەیان دەكڕی و بە هیوابوون قازانج بكەن، بەڵام وەك بینمان ئەوە رووی نەداو خەڵكانێكی زۆر زەرەرمەندبوون، بۆیە ئەوەی ئێستاش روو دەدات لەناوچەكەدا و هاووڵاتیانی هەرێم تمەن دەكڕن چاوەروانی داهاتوویەكی باشی لێناكرێت.

هاوڵاتیان بەگشتی لەدوو رێگەوە تمەن دەكڕن، یەكێك لەرێگەكان بەرێگەی حەواڵەیەو یەكێكی تریش لەرێگەی كڕینی راستەوخۆوەیە، كە ئەوەی یەكەمیان نرخی كەمترە، بەڵام كێشەدارترە بۆ خەڵكی.

سەبارەت بەكرینی دراوی تمەن لەلایەن هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانەوە، سیروان محەمەد، سەرۆكی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بۆ پۆڵەتیك پرێس رایگەیاند، ئێمە لە سەرەتاوە بە هاووڵاتیانمان راگەیاندووە، خۆیان دوور بگرن لە كڕینی تمەن بەو قەبارە زۆرە، چونكە زیانی گەورە بە ئابووری هەرێم دەگەیەنێت.

سەرۆكی ژووری بازرگانی راشیگەیاند، داواكارم لە هاووڵاتیان خۆیان بەدوور بگرن لەكڕینی تمەنی ئێرانی بە رێژەیەكی زۆر، چونكە ئابووری ئێران لە لێواری هەرەس دایە، ئەمە جگەلەوەی، كە بەشێكی زۆری ئابووری ئێران پشتی بە ستووە بە نرخی نەوت ئاشكراشه لە ئێستادا نرخی نەوت جێگیر نییە.

ئێران، سێ دەروازەی نێودەوڵەتی و 12 دەروازەی لاوەكی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا هەیە، ئاڵوگۆڕی ساڵانەی ئەو دەروازانە نزیكەی پێنج بۆ شەش ملیار دۆلارە، ئەمە لەكاتێكدایە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ئێران لەگەڵ عێراق 10 ملیار دۆلارە، كە 60%ـی لەڕێگەی هەرێمی كوردستانەوەیە، كە ئەوە كاریگەری لەسەر هەرێم داناوەو بەو هۆیەشەوە خەڵكی تمەن دەكڕن، كە ماوەیەكە بەهۆی گەمارۆكانی ئەمریكاوە رۆژانە نرخەكەی نزمدەبێتەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا