شكاندنی ڕەمزەكانی سلێمانی لەبەرچی و بەسودی كێ؟

سیاسیەكانی كورد له ئێستاو له ڕابردووشدا هێندەی كاریان لەسەر شكاندنی یەكتری كردووە نیو هێندە كاریان بۆ خزمەتی خەڵك نەكردووە، (ئاڕهای)، حاكمی سیاسی بەریتانیا لە هەولێر لە كتێەكەیدا بەناوی دووساڵ لەكوردستان، دەڵێت: كوردەكان گەلێكن چێژ له شكاندنی یەكتری وەردەرگرن.

ڕەنگە ئەو قسەیە بۆ ئێمە ناخۆش بێت بەڵام دۆخی ئێستا زیاتر قسەكەی ئاڕهای دەسەلمێنیت. سیاسیەكانی كورد لە پێناو دەستكەوتی خۆیاندا ئامادەن سازش بۆ هەر هێزێكی بیانی بكەن، بەڵام ئامادەنین سازش بۆ یەكتری بكەن لە پێناو گەلدا.

سیاسەكانی كورد هەموویان دژی هەموویانن، هەرچی هەوڵو كۆششیانە بۆ ئەوەیە كە كامیان لە كامیان گەورەترەو گەورەتر دەربكەوێت، سیاسی كورد بە گشتی دەرون نەخۆش و ڕقنن، هەمیشە خۆیان لە لوتكەو بەرانبەرەكانیشیان لە خوارەوەی خۆیان دەبینن.

كۆچكردوو ئیبراهیم ئەحمد وەك شاعیرو نوسەرێكی دیاری كورد دوای چەندین ساڵ تێكۆشان و خەبات بۆ گەلی كورد، كەچی پێیان دەووت عێراقچی، یان ئێرانچی، سەرەڕای بەهێزی سەنگەری پارتی لەوكاتەدا بەڵام تا ئێستاش ئیبراهیم احمد خاوەن ناوو ناوبانگی خۆیەتی و لای بەشێكی خەڵك وەك ڕەمزێك ماوەتەوە.

كۆچكردوو نەوشیروان مستەفا و جەلال تاڵەبانی، دوای پەنجا ساڵ لە خەبات و تێكۆشان هەر یەكەیان و بەجیا بۆ حیزب و كەسانێك بوون بە ڕەمزێكی سیاسی، ئەم بوون بە ڕەمزەش هیچ بە قازانجی پارتی نیە و دەزانن گەورەبوونی ئەم دوو ڕەمزە زیاتر ڕەمزەكانی كۆچكردوو ئیدریس بارزانی و مەلا مستەفا كاڵدەكاتەوە، پارتی له پێناو شكاندنی ڕەمزەكانی سلێمانیدا هەموو كارێك دەكات و سڵ لە گرتنەبەری هیچ ڕێگایەك ناكاتەوە، یاریكەری سەرەكی ئەم یارییەش نێچیرەڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە، كە لەڕێگەی چەندین بەناو نوسەر و ڕاوێژكارەوە پڕۆسەكە ئاڕاستە دەكات و لە میدیاشەوە گرنگیەكی زۆری پێدەدات.

سیاسیەكانی كوردستان جیاواز له سیاسیەكانی دیكەی جیهان لەبری ئەوەی لەڕێگەی خزمەتكردنەوە بەخەڵك ببنە ڕەمزی سیاسی بۆ خەڵك، دێن و دەیانەوێت لە ڕێگەی بچووككردنەوەی یەكترییەوە ببنە ڕەمز بۆ خەڵك.لەدوای بڵاوبونەوەی بیرەوەری سیاسیەك، كە لەبەشێكی زۆریدا كاری لەسەر تێكدان و شێواندن و دێواندنی مێژووی نەوشیروان مستەفا كردووە، هەر زوو هەستپێكرا كە ئەمكارە بەبێ هۆ نیەو هۆكارێكی گەورەی لە پشتە، هەندێك لە لایەنگرانی یەكێتی نیشتیمانی ئەتووت هەنگوینیان لەداردا دۆزیوەتەوە هێندە دڵخۆش بوون بەو شێواندنە مێژوویەی كە بۆ نەوشیروان مستەفا كرابوو، هەر ئەوكات لە نوسینێكدا ئاماژەم پێدا كە ئەم شێواندنەی مێژوو بەتەنیا نەوشیروان مستەفا ناگرێتەوە و ڕەنگە لەداهاتوودا كتێبێكی هاوچەشن لەسەر خودی جەلال تاڵەبانیش بڵاو بكرێتەوە، كە ئێستا كاری بۆ دەكرێت لەسەر خواستی پارتی!

شكاندنی ڕەمزەكانی سلێمانی قازانجێكی باش بە پارتی دەدات چونكە سروشتی مرۆڤ وایە كە هەمیشە هەوڵدەدات كەسێك بۆخۆی بكات بە ڕەمز، نێچیرەڤان بارزانی لە مێژە كار بۆ ئەوە دەكات ببێتە ڕەمزێكی سیاسی لەم سنورە، وە دەیەوێت بەشێواندنی مێژووی نەوشیروان مستەفا و جەلال تاڵەبانی كارەكە بۆخۆی ئاسانتربكات.بریا نێچیرەڤان بارزانی ئەوەندەی لە ڕێگەی دەستی دووهەمەوە كار لەسەر شكاندنی ڕەمزەكانی سلێمانی دەكات، نیو هێندە هەوڵی بدایە لە ڕێگەی كردارەكانیەوە خۆی بكات بە ڕەمزێكی سیاسی.

ئەمیر مام والی

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا