بەهێزكردن یان پووكاندنەوەی هەرێم؟

گەلی كوردستان هەمیشە كوشتەی دەستی ستەم و ناوەندیێتی توندی دەسەڵاتە داگیركارەكان بووە، بۆیە دەكرێ بڵێین ئێمە مارانگازی سیستەمی تۆتالیتاری و مەركەزیەتین، كەواتە چۆن دەكرێ ئێمە شوێن پێی ئەوانە هەڵگرین كە نەك بڕوامان پێیان نەبووە نییە، بەڵكو بەمەرگی خۆمان ڕووبەڕوویان بوینەتەوە؟

وڵاتە پێشكەوتووەكانی جیهان بەدابەشكردن و شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكانی حكومەت، دیموكراسی و پاراستنی مافی مرۆڤ تا دێ گەشەی پتر دەكەن زیاتر پێش دەكەون، بەڵام ئەو وڵاتانەی كە دیكتاتۆر و تاك حزب حوكمیان كردون و دەكەن سیستەمەكانیان تۆتالیتاری و ناوەندیێتی توندن، هەرگیز بێ گرفتی گەورەی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی نەبوونە و نابن، بۆیەشە لە جیاتی بەرەو پێشەوە چوون لە قوڕدا چەقیون و بوونەتە هۆی ماڵوێرانیەكی گەورەش بۆ گەلەكانیان.

عێراقی سەردەمی سەدام، سوریا، لیبیا، یەمەن و ….. ئەو نمونانەن كە پێویستە لەبەر چاوبگیرێن.

گفتوگۆ كردن لەسەر نا ناوەندیێتی (لامەركەزیەت) كارێكی چاك و پێویستە، بەڵام خۆ لێ نەبان كردن و ڕەتكردنەوەی بێ پاساوە. چونكە كەس نییە نەزانێ سیستمی حوكمڕانی كوردستان پێویستی بە ریفۆرمێكی بنەڕەتی هەیە و جێبەجێ كردنی نا ناوەندیێتیش بنەمایەكی سەرەكی ئەو ریفۆرمەیە، كەواتە لەسەرچی وەستاوین؟!

شۆڕكردنەوە و دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی حكومەت هەنگاوی بەهێزكردنی قەوارە و دەسەڵاتەكانی هەرێمن، بەپێچەوانەشەوە ڕۆژ دوای ڕۆژ سیستەمە حوكمڕانیەكە نا كارا و بێ گاریگەریتر دەبێ و دەپووكێتەوە!

من پێم وایە لەم قۆناغەدا هەر لایەنێك بڕوای بە شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكان و گرنگیدان بە تەواوی ئەنجومەن و یەكە ئیدارییەكان نەبێ، دەبێ گومان لە ئەهلیەتی سیاسی بكرێ، لەبەر یٔەوەی لە كوردستان بەگشتی و تێكڕای حزبەكان لە دژی دیكتاتۆریەت و ناوەندیێتی توند قوربانی زۆرمانداوە، بۆیە دەبێ بەگشتی و بە تێكراش لەگەڵ دیموكراسی و ئەو سیستەمە بین، كە بۆ هەلومەرجەكانی سەردەم دەگونجێ و رێگریش دەبێ لە دروستكردنی دیكتاتۆری و تۆتالیتاری.

گرتنەبەری رێگای نا ناوەندیێتی لەبەرژەوەندی خەڵك و دەسەڵاتی نیشتیمانیدایە، بەپێچەوانەوە خەمساردی و بە هەند هەڵنەگرتنی ئەو بابەتە دژی بەرژەوەندیەكانی خەڵك و قەوارەی هەرێمە.

ئەگەر دەمانەوێ قەوارەی هەرێم و دەسەڵاتی نیشتیمانیمان بەهێز و تۆكمە بكەین، پێویستە بەشێوەیەكی گشتی بە سیستەمی حوكمڕانیماندا بچینەوە و یەك و دووش لە جێبەجێ كردنی لامەركەزیەت نەكەین.

ئارێز عەبدوڵڵا

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا