قوباد تاڵەبانی: ئابووریی هەرێم و کەرتی تایبەت پێش ناکەوێت بەبێ رێکخستنەوەی سیستمی بانکی و دروستکردنی متمانە

پۆڵەتیک پرێس:

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران لە میانەی بەشداریکردنی لە سێیەمین پێشانگای تێکفێست لە سلێمانی رایگەیاند، خاڵی لاوازی ئابووریی کوردستان نەبوونی سیستمێکی بانکی پێشکەوتووە، بۆیە کاردەکەن بۆ رێکخستنەوەی سیستمی بانکی.
لە پێشانگەی تێکفێست کە ئەمڕۆ پێنجشەمە بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی ستایشی رێکخەران و بەڕێوەبەرانی سێیەمین پێشانگای تێکفێستی کرد و رایگەیاند، تێکفێست داهاتووی کوردستانە و چەندە بتوانین پشتگیری گەنجە داهێنەرەکانمان بکەین بۆ داهێنانی تەکنەلۆژیا، ئەوەندە خزمەتی داهاتووی وڵاتەکەمان دەکەین.
سەبارەت بە تواناکانی گەنجانی کوردستان لەڕووی تەکنەلۆژیا و داهێنانەوە ئاماژەی بەوەشکرد، گەنجانی کوردستان توانای خۆیان سەلماندووە، لە پرسی بە ئەلکترۆنیکردنی دامودەزگاکانی حکومەت و تۆماری بایۆمەتری و زۆربەی بوارەکانی دیکە تەواو پشتمان بەتوانای گەنجانی خۆماڵی بەست و سەرکەوتووش بووین. هەربۆیە ئەرکی حکومەتە بۆ پەرەپێدان بە توانای گەنجان، ژینگەیەکی لەباریان بۆ دابین بکات.
هەر لەم چوارچێوەیەدا، قوباد تاڵەبانی باسی لەوەکرد لە ماوەی رابردوودا کاریان کردووە بۆ ئەوەی گەنجان ئاسانتر بتوانن ببنە خاوەنی بزنسی خۆیان، ئەگەر پێشتر تۆمارکردنی کۆمپانیایەک چەند مانگ کاتی پێویست بوایە، ئێستا دەتوانرێت لە ماوەی رۆژێکی کارکردندا جێبەجێ بکرێت.
لە بەشێکی دیکەی پانێلکەدا جێگری سەرۆک وەزیران، ئاماژەی بە پێویستیی دروستکردنی هەماهەنگیی بەهێز لە نێوان زانکۆ و ناوەندە ئەکادیمییەکان لەگەڵ بازاڕ و دامەزراوەکانی حکومەتدا کرد و رایگەیاند، بۆ بڕیاردان پێویستە پشت بەتوێژینەوە زانستییەکان ببەستین نەک بۆچوونی کەسیی خۆمان بۆ ئەوەی کەمتر بڕیاری هەڵە بدەین، پێویستە زانکۆکان و ناوەندە ئاکادیمییەکان بە توێژینەوەکانیان؛ حکومەت و بازاڕ و کەرتی تایبەت بەرچاوڕوون بکەن کە دەبێت چۆن هەنگاوبنێن بەرەو بووژانەوە و گەشەپێدانی ئابووری و هەموو بوارەکانی تر.
سەبارەت بە پرسی شەفافییەتیش، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، شەفافییەت بنەمای متمانەیە لە نێوان هاووڵاتی و حکومەتدا و مافی هاووڵاتیانە ئاگاداری داهات و خەرجییەکانی حکومەت بن، لەم چوارچێوەیەدا ئاماژەی بە وێبسایتی شەفافییەت کرد کە ئێستا لەڕێی ئەم وێبسایتەوە رۆژانە هەم حکومەت و هەم هاووڵاتی ئاگاداری داهاتی نانەوتین و ئەمەش لە بەرژەوەندی هەموو لایەکدایە، حکومەت رۆژانە لەڕێی داتاکانی وێبسایتەکەوە دەتوانێت بزانێت بۆچی داهاتی کەمیکردووە یان زیادیکردووە، ئەگەر بەهۆی بڕیارێکەوە داهات لە شوێنێک کەمیکردووە حکومەت دەتوانێت بڕیارەکەی بگۆڕێت، لە کاتێکدا پێشتر بەهۆی نەبوونی داتاوە بەئاسانی نەدەتوانرا ئاگاداری هەڵە و کەموکوڕییەکان بین.
جێگری سەرۆک وەزیران راشیگەیاند، ئێستا کاردەکەین بۆ ئەوەی لە داهاتوودا هاووڵاتیان رۆژانە ئاگاداری خەرجییەکانی حکومەتیش بن و بزانن ئەو پارەیەی لەڕێگەی باج و رسوماتەوە دەیدەنە حکومەت چۆن خەرج دەکرێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەکێشە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند، خاڵی لاوازی ئابوری هەرێم نەبوونی سیستمێکی بانکی پێشکەوتووە و ئێستا کاردەکەین بۆ رێکخستنەوەی سیستمی بانکی بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان. وتیشی: ئابووریی هەرێم و کەرتی تایبەت پێش ناکەوێت بەبێ رێکخستنەوەی سیستمی بانکی و دروستکردنی متمانە لە نێوان هاووڵاتیان و بانکەکاندا. ئاماژەی بەوەشدا ئەگەر سیستمی بانکی رێکبخەینەوە بەشێکی بەرچاوی کێشە ئابو،رییەکان و کۆسپەکانی بەردەم گەشەپێدانی ئابووری هەرێم چارەسەر دەبن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا