سوپای ئەمریکا ٢٣ کەسی مەدەنی دەکوژێت

پۆڵەتیک پرێس

سوپای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دانی نا بەوەی لەو پرۆسە سەربازی و ئۆپراسیۆنانەی لە ساڵی ٢٠٢٠ دا ئەنجامیداوە ٢٣ کەسی مەدەنی کوشتووە.

وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لە ڕاپۆرتێکیدا ڕاشیگەیاندووە، جگە لە کوژرانی ئەو ژمارەیە، ١٠ کەسی دیکەش برینداربوون.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی بەرگری ئەمریکا، زۆرینەی قوربانییە مەدەنیەکان لە ئەفغانستان بوون، بەجۆرێک لە کوژراوەکان  ٢٠ کەسیان لە ئەفغانستان و یەکێکیان لە سۆماڵ و یەکێکیش لە عێراق بووە، ئاماژە بە شوێن و کاتی کوژرانی کەسەکەی دیکەش ئاماژەی پێنەدراوە.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، لەگەڵ ئەوەی پنتاگۆن بودجەیەکی سێ ملیۆن دۆلاری بۆ قەرەبووکردنەوەی خێزانی قوربانییە مەدەنییەکان تەرخان کردووە بەڵام تا ئێستا خێزانەکان ئەو قەرەبووەیەیان وەرنەگرتووە.

ئەم دانپێدانانەی پنتاگۆن لەکاتێکدایە، پێشتر دامەزراوە “ئایرورز”ی ناحکومی ئاماژەی بەوە کردبوو، ژمارەی ئەو کوژراو و بریندارانەی لە هێرشە ئاسمانیەکان لەسەر ئاستی جیهان کوژراون پێنج ئەوەندەی ئەو ژمارەیەیە کە پنتاگۆن بڵاویدەکاتەوە.

ئەو دامەزراوەیە لە زاری نێردراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەفغانستان گواستوویەتیەوە، لە ساڵی ٢٠٢٠ دا تەنها لە ئەفغانستان بەهۆی هێرش و بۆردومانە ئاسمانیەکانەوە ٨٩ کەسی مەدەنی کوژراون و ٣١ کەسیش برینداربوون.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا