ریفراندۆم.. هەموو شتێكی بۆ كورد هێنا سەربەخۆیی نەبێت

پۆڵەتیك پرێس:
3 ساڵ بەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان تێپەڕ دەبێت، ئەو ریفراندۆمەی هەموو شتێكی بۆ كورد هێنا سەربەخۆیی نەبێت.

دوای سێ‌ ساڵ لەئەنجامدانی ریفراندۆم، بەشێكی زۆر لەلایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی لەلایەن پارتی دیموكرات‌و سەركردەكەی بەلارێدا براون، كە ئێستا داوای گەڕانەوە بۆ بەغداو رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی عێراق دەكەن.

لە ساڵی 2017دا، مەسعود بارزانی، كە ئەوكات سەرۆكی ماوەدرێژكراوەی هەرێمی كوردستان بوو، فشارە نێودەوڵەتییەكانی بۆ دواخستنی ڕیفراندۆم ڕەتكردەوەو سووربوو لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی‌و ئەوەش بەجۆرێك لەیاریكردن بەئاگر وەسفكرا.

 

بارزانی فشارە نێودەوڵەتییەكانی بۆ دواخستنی ڕیفراندۆم ڕەتكردەوەو سووربوو لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی‌و ئەوەش بەجۆرێك لەیاریكردن بەئاگر وەسفكرا

 

دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمەكەش، بەچەند هەفتەیەكی كەم، هێزە عێراقییەكان هێرشیان كردە ناوچە كوردییە كێشە لەسەرەكانی نێوان هەولێرو بەغداو لەچاوتوركانێكدا ئەو ناوچانەیان كۆنتڕۆڵ كرد، كە ئەوەش بووە هۆی هاتنی نەهامەتییەكی زۆر بۆ هەرێمی كوردستان.

ئەوكات‌و ئێستاشی لەسەر بێت، مەسعود بارزانی‌و سەركردەكانی پارتی دانیان بەوەدا نەنا، كە ئەو هەنگاوەی نایان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم سەركەوتوو نەبوو، هۆكاری شكستەكەشیان خستە ئەستۆی ئەوانەی چەندین جار ئامۆژگاریان كردن، كاتی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی نییە.

پێش ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی، هەرێمی كوردستان شێوە سەربەخۆییەكی خۆی هەبوو، بەڵام هیچ كاتێك لەهەموو ڕوویەك ڕێگا بۆ سەربەخۆیی خۆش نەكرابوو، هەرچەندە حكومەتی هەرێم لەساڵی 2013 دا دەستیكرد بە هەناردەكردنی نەوتی بەشێوەی سەربەخۆ، بەڵام نەیتوانی ژێرخانێكی باش بۆ ئابوورییەكی بەهێز دامەزرێنێت بۆ ئەوەی پشت بە خۆ بەستن لە دۆخی ئابلوقەی ئابووری لەلایەن دەوڵەتانی دراوسێوە.

هەروەها شكستی حكومەتی هەرێم لەشەفافی داهاتی نەوت و سەرچاوەكانی دیكە و وای كرد، كە بەشێك لەسەركردەكانی كورد هۆشداری بدەن لەئەنجامدانی ریفراندۆم، بەوەی هەرێم ئامادەنییە بۆ ئەو پرۆسە گەورە.

بارزانییەكان‌و نهێنی ئەنجامدانی ریفراندۆم
لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا، هەر كەسێك لەهەر ئاستێك بوو بێت لەهەرێمی كوردستان، قسەی لەبارەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كردبێت، كە بەدڵی بەرپرسانی پارتی ‌و بنەماڵەی بارزانی نەبووبێت، ئەوە ئەو پارتە ماكینەیەكی راگەیاندنی زەبەلاحی لەبەرانبەر تەیاركردووەو بە “خیانەتكاری” وەسف كردووەو دەیان تۆمەتیشیان داوەتە پاڵ.

بەشێكی زۆر لەو كەسانەی لەماوەی رابردوو قسەیان لەسەر ریفراندۆم كردووە، تەنیا ئەوەیان وتووە كاتی ئەنجامدانی ریفراندۆم لەهەرێم لەساڵی 2017 گونجاو نەبووە، بەڵام بەرپرسانی پارتی سەرەڕای ئەوەی ئەو كەسانەیان بە “خیانەتكار” وەسف كردووە، باسیان لەوەش كردووە، نابێت رێگە بدرێت ئەو كەسانە لەكوردستان بمێننەوەو تەنانەت هەڕەشەی راستەوخۆشیان لێكردووە.

هەروەها بەپرسانی پارتی لەو ماوەیە بە بەردەوامی جەختیان كردووەتەوە، ریفراندۆمیان بۆ سەربەخۆیی كوردستان كردووەو بە بەردەوامیش باس لەوە دەكەن، ریفراندۆم كارتێكی بەهێزەو هەر كاتێك بیانەوێت بۆ سەربەخۆیی كوردستان بەكاریدەهێنن.

ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەو هەڵوێستانەی بەرپرسانی پارتی تەنیا لەئاستی ناوخۆی هەرێمی كوردستان زەقكراوەتەوە، چونكە هەركاتێك میدیایەكی جیهانی لێدوان‌و چاوپێكەوتن لەبەرپرسانی ئەو حیزبە وەربگرێت، بەپێچەوانەوە قسە دەكەن‌و ئەوە دەخەنەڕوو، كە ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی نەبووەو ئەنجامدانی هەڵە بووە.

 

ەوەی جێگەی سەرنجە ئەو هەڵوێستانەی بەرپرسانی پارتی تەنیا لەئاستی ناوخۆی هەرێمی كوردستان زەقكراوەتەوە

 

مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە هاوكات ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتییە، لەچاوپێكەوتنێكدا دەڵێت: بەهیچ شێوەیەك ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی نەبووەو تەنیا ئامانجیان ئەوە بووە بزانن خەڵك چی دەوێت.

ئێستاو دوای تێپەڕبوونی نزیكەی سێ ساڵ بەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم‌و قسەكردنی بەرپرسانی پارتی‌و بنەماڵەی بارزانی لەسەر ریفراندۆم بەم شێوەیە، چەند پرسیارێك گرنگە بكرێن‌و خەڵكیش وەڵامی بدەنەوە، ئەوانیش ئەوەن، ئایا ریفراندۆم بۆچی كرا؟ بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی بوو؟ یان پارتی تەنیا وەك یارییەكی سیاسی ئەو پرۆسەی بەرێوەبرد؟ بۆ ئەوەی ئەو قەیرانانەی ئەوكات هەرێمی كوردستانی تێكەوتبوو بەتایبەتی پرسی سەرۆكایەتی هەرێم تێپەڕێنێت؟

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا