سەرۆک و تیمی وەزاری یەكێتی لە كابینەی نۆیەم وەڵامێكی توندی مەسرور بارزانی دەداتەوە

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

سەرۆك و تیمی وەزاری یەكێتی لە كابینەی نۆیەم وەڵامێكی توندی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەداتەوە و رایدەگەیەنێت: ئێمە گلەیی و هەڵوێستمان هەبووە لەكردەوە و شێوازی ئیدارەدانی ئەم كابینەیە كە مەسرور بارزانی سەرۆكیەتی. گلەییەكانیشمان هی خەڵكن. پەیوەندییان بە شێوازی حوكمڕانیە، پەیوەندییان بە خراپی خزمەتگوزاریە. پەیوەندییان بە نا دادپەروەرییە لە نێوان شارێك بۆ شاركی ترە.

لە راگەیەندراوێكدا سەرۆك و تیمی وەزاری یەكێتی لە كابینەی نۆیەم رایگەیاند: بە‌داخەوە سەرەڕای بوونی دنیایەك كێشەو قەیران و قووڵبوونەوەی زیاتری ناكۆكییەكان، چاوەڕوان بووین بۆ یەك جار سەرۆكی حكومەت وەك سەرۆكی حكومەتی هەرێم قسە بكات، چاوەڕوان بووین پەیامەكەی دەستپێشخەری بێت بۆ چاككردنی دۆخی ژیانی هاووڵاتیان و كۆتایی هێنان بە كێشەكانی نێوان هێزو لایەنە سیاسییەكانی ناو حكومەت بێت، بەداخەوە وانەبوو، ئێمە چاوەڕیی هەڵوێستێك بووین كە هەوڵێك بێت بۆ نزیكبوونەوەی لایەنەكان بەتایبەت یەكێتی و پارتی كە ئامادەكاری دەكرێت بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەیەكی چارەنوسساز لەنێوانیادا.

لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا هاتووە، ئێمە گلەیی و هەڵوێستمان هەبووە لەكردەوە و شێوازی ئیدارەدانی ئەم كابینەیە كە مەسرور بارزانی سەرۆكیەتی. گلەییەكانیشمان هی خەڵكن. پەیوەندییان بە شێوازی حوكمڕانیە، پەیوەندییان بە خراپی خزمەتگوزاریە. پەیوەندییان بە نا دادپەروەرییە لە نێوان شارێك بۆ شاركی ترە. گلەییەكانیشمان گەیاندووە لەڕێی نوسراوێكەوە نەك لەمیدیا بڵاوی بكەینەوە بۆ موزایەدە كردن و چارەسەرەكانیشمان داڕشتووە لەپیناو پاراستنی بەرژەوەندییە گشتییەكانی هەرێمەكەمان، بەڵام لەبری ئەوەی دەستی چارەسەر درێژ بكەنەوە، یاخود سەرۆكی حكومەت راستەوخۆ لێمان بپرسێت ئەرێ كێشەتان چیە؟ راگەیەندراوێكی لەو جۆرە بڵاو دەكاتەوە.

ئەوەشهاتووە، لەبارەی شەهیدكردنی عەقید هاوكار جاف سەرۆكی حكومەت دەیەوێت بەزۆری زۆرداری یەكێتیی و چەند كەسایەتییەك لەناو یەكێتی تۆمەتبار بكات، بیریان چووە لە سەرەتای رووداوەكەوە ئەوە یەكێتی بوو داوای لێكۆڵینەوەی هاوبەشی كردو داواشی كرد لایەنە نێودەوڵەتییەكان بەشداربن لە لێكۆڵینەوەكان، كەچی دەزگا ئەمنییەكەی سەرۆكی حكومەت هەر زوو سیناریۆكەی خۆیان بڵاوكردەوەو دەیانەوێ بیكەنە ئەمری واقیع، تازە بەتازە سەرۆكی حكومەت قسەی یەكێتی دووبارە دەكاتەوەو دەڵێ با لایەنی نێودەوڵەتی بێنە ناو لێكۆڵینەوەكان، پاش چی! دوای ئەوەی سیناریۆكانتان بڵاوكردۆتەوە، و تەواوی بودجەی هێزێكی نیشتمانی قارەمانی وەك دژە تێرۆرتان بڕی، و هەوڵی بڕینی قووتی سەدان قارەمانی ئەم نیشتیمانەتان داوە، تازەش بیرتان كەوتۆتەوە كە ئەم رووداوە لە جەرگەی پایتەختی هەرێمی كوردستان ئەنجامدراوە، پێدەچێت سەرۆكی حكومەت ئاگای لێ نەبێ یان نەیەوێت ئاگای لێبێت هەر لەو جەرگەی هەولێرە هێزێكی یاخی و لەیاسا دەرچوو هەڕەشەی چوونە سەر ماڵی جێگری سەرۆكی حكومەت كرد و هەر لەو جەرگەی پایتەختەش رۆژنامەنووس و دەیان و سەدان كەسیش تیرۆر دەكرێ و تاوانبار داڵدە دەدرێ و فەوجیشی بۆ دەكرێتەوە.

ئەوەشخراوەتە ڕوو، ئینجا سەرۆكی حكومەت لە راگەیەنراوە پڕ لە چەواشەكارییەكەی دەڵێت؛ یەكێتی بەرپرسە لەو دۆخەی لە سلێمانی، هەڵەبجە، راپەڕین و گەرمیان دروست بووە، چاوەڕوان بووین سەرۆكی حكومەت بڵێ بڕیارمدا بەشێوەیەكی مەیدانی خۆم سەردانی سلێمانی و دەڤەرەكە بكەم و لە كێشەكان بكۆڵمەوە، بەڵام بەداخەوە وەك كاری هەمیشەیی تۆمەتی بەخشیوەتەوە، بەم هەنگاوەشی سەلماندی كە نایەوێت سەرۆكی حكومەتی هەموو هەرێمی كوردستان بێت و ‌ دەبێ خەڵكی خۆڕاگرو خۆشەویستی سلێمانی بپرسن: كە ئەو سەرۆك حكومەتە لەماوەی نزیكەی چوار ساڵدا چەند جار ‌هاتۆتە ئەو سنووره؟ هەر جارێكیش هاتبێ بۆ قردێلە بڕینێك هاتووەو خێرا گەڕاوەتەوە.. بەڵێ ئابڵوقە خراوەتە سەر سلێمانی، ئەی ئابڵوقە لای ئێوە چی ئەگەیەنێت؟ نەدانی شایستە داراییەكانی سلێمانی چی ناو دەنێن؟ دواكەوتنی مووچە لە سلێمانی و دابەشكردنی لەهەولێر چی ناو دەنێن؟ پیلانی كەمكردنەوەی داهاتی سلێمانی بۆ نانەوەی ئاژاوە نەبێت چیی پێدەڵێن؟ لەوەیان تەنها سیاسەتی چەوت كەڵكی نییە، ئێمە دەتوانین بەزمانی داتا و ژمارە پێتان بڵێین: بەڵێ بە پیلان ئابڵوقەتان خستۆتە سەر سلێمانی.

سەرۆك و تیمی وەزاری یەكێتی لە كابینەی نۆیەم باس لەوەش دەكەن، هەمووان دەزانن كێشەی سەرەكی و گەورەی كوردستان داهاتی نەوتە نەك تەنها داهاتی ناوخۆ، ئەوە سەرۆكی حكومەت و سیاسەتە داراییەكەیەتی كە هەرێمەكەمانی كردۆتە قوربانی سیاسەتی ناڕوون و نا شەفافی داهاتی نەوت! لەبری نیعمەت، نەوتیان كردۆتە نەعلەت!

لە داهاتی ناوخۆش، ئەرێ بێ زەحمەت پێمان بڵێن كێ دەزانێ داهاتی ئیبراهیم خەلیل چەندە؟ ئەو لیژنانەی سەرۆكی حكومەت باسیان دەكات بۆ ناچن كۆنتڕۆڵی داهاتی ئیبراهیم خەلیل و حاجی ئۆمەران و خاڵە سنوورییەكانی تر بكەن؟

ئاماژە بەوەشكراوە، كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی رێككەوتنی سیاسی پێكهات، ئێمەی یەكێتی لە گفتۆگۆكانمان وتمان زیاتر لە كابینەكانی پێشوو دەبێت كار لەسەر نەهێشتنی ئاسەواری دوو ئیدارەیی بكەین، ئێمە ئەوكات كە ئەو داوایەمان هەبوو لەخەمی ئەوە بووین كە غەدر لە سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی راپەڕین و گەرمیان نەكرێت، كە بەداخەوە وەك پێشبینیمان كرد، غەدرەكە كرا و بەسەروزیادەوە، ئەوەش یەكێك بووە لە نیگەرانییەكانمان لە خودی سەرۆك حكومەت.

ئەوەش روونكراوەتەوە، هەرزوو ئەم رێككەوتنەی حكومەتی پێ پێكهێنرا شكێنرا، بەڵام هەر دانمان بەخۆماندا گرت و گوتمان بەڵكو باشتر بن و وردە وردە فێربن كە حوكمڕانی بەو ‌ عەقڵیەتە ناكرێت!

لە درێژەی راگەیەندراوەكەدا هاتووە، لێرەدا بە پێویستی دەزانین بڵێین؛

ئەگەر سەرۆكی حكومەت ئەوەندە چاكسازی خوازە، چەند ساڵە بۆ پڕۆژە یاسای بودجە نا نێرێتە‌ پەرلەمان؟ تیمی یەكێتی رێگربوون؟. بەڕێز سەرۆكی حكومەت، لە جیاتی خۆ دزینەوە لە بەرپرسیارەتی كەرەستەی حكومەت بخەرە گەڕ بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی سووتەمەنی، كارەبا، نەوتی سپی ماڵان، غاز، گرانی بازاڕ و دابین كردنی دەرمان بۆ هاوڵاتیان. ئاشكرایە كە داهاتی كوردستان بەشی تەواوی مووچە دەكات، دەبا وەك چۆن لەو نامەیەی كە بۆمان ناردویت نوسیبوومان؛ داهاتی كوردستان یەك بخە و مووچە و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان وەك خەرجی سیادی مامەڵەی لەگەڵ بكرێت دوور لە فەلسەفەی دوو ئیدارەیی تاكو هەموو هاوڵاتیانی كوردستان سودمەند بن.

لەكۆتاییدا بەوپەڕی راشكاوییەوە دەڵێین:

یەكێتی هیچ كات لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن نەترساوەو ئامادەین بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد، بە یاسایەكی هەمواركراوو لیستێكی پاكی تۆماری دەنگدەران و زامنكردن و پاراستنی مافی پێكهاتەو نەتەوە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان.
پێشمان وایە: راگەیەنراوەكەی ئەمڕۆی سەرۆكی حكومەت باشترین وەڵامە بۆ پرسیاری خەڵكی كوردستان كە دەڵێن؛ بۆ تیمی یەكێتیی ناچنە كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران؟. بە داخەوە ئەم كابینەیە خراپترین كابینە بووە لە مێژووی حوكمڕانی كوردستان.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا