دوای لەسێدارەدانی عەلی ڕەزا ئەکبەری.. “سیخوڕە ناوازەکە” کێ بوو؟

پۆڵەتیک پرێس:

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress 

لەدوای جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان بەسەر عەلی ڕەزا ئەکبەری، جێگری وەزیری پێشووتری بەرگری ئێران بەتۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ بەریتانیا و ناردنە دەرەوەی زانیاری گرنگی ئێران بۆ ئەو وڵاتە، خەریکە سزای لەسێدارەدان دەبێتە خاسیەتێکی دیاری حکومەتی ئێران.

پێشتر ئاژانسی میزانی سەربە دادگای ئێران بڵاویکردەوە، “بەیانی ئەمڕۆ بەتۆمەتی گەندەڵی و ناردنە دەرەوەی زانیاری پەیوەست بە ئاسایشی نیشتمانی ئێران بۆ دەرەوەی وڵات و سیخوڕیکردن بۆ بەریتانیا، عەلی ڕەزا ئەکبەری لەسێدارەدرا”.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی سکای نیوز، عەلی ئەکبەری تەمەن 61 ساڵ بەبێ بوونی بەڵگە تۆمەتبار کراوە بەوەی سیخوڕی بۆ دەزگای هەواڵگری بەریتانیا  “MI6” کردووە.

دەسەڵاتدارانی ئێران دەڵێن، گوایە ئەکبەری لە تیرۆرکردنی موحسین فەخریزادە، زانای ئەتۆمی ئێران لە ساڵی 2020 تێوەگلاوە.

پۆستەکانی پێشووی عەلی ئەکبەری چی بوون؟

ئەکبەری لە زۆرێک لە پۆستەکانی هەیکەلی بەرگری و ئاسایشی ئێراندا کاری کردووە، لەنێویاندا، جێگری وەزیری بەرگری بۆ پەیوەندییە دەرەکییەکان، ڕاوێژکاری فەرماندەی هێزە دەریاییەکان، سەرۆکەیاتی بەشێک لە بەشەکانی ناوەندیی توێژینەوەی وەزارەتی بەرگری، جگە لەوانەش لە ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیدا کاری کردووە.

ئەکبەری لە 21ی تشرینی یەکەمی 1961 لەدایکبووە و لە ئاداری 2019 تا ئاداری 2020 ڕاگیراوە.

ئەکبەری وەک دەردەکەوت نزیکایەتی لەگەڵ عەلی شەمخانیدا هەبوو کە بەرپرسێکی باڵای ئەمنی ئێران بوو، هەر ئەمەش شرۆڤەکارانی هاندا بۆ ئەوەی بڵێن، هۆکاری لەسێدارەدانی ئەکبەری دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ناکۆکییەی لەکاتی خۆپیشاندانەکاندا لەسەر دەسەڵات لەناو دەزگای ئاسایشی ئێراندا هەبووە.

ئەکبەری لە ساڵی 1988 بڕیاری ئاگربەستی لەنێوان عێراق و ئێراندا جێبەجێ کرد، لەو جەنگەدا کە ماوەی هەشت ساڵی خایاند و بەهۆیەوە هەزاران هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا.

پێشتریش دەسەڵاتدارانی ئێران ڕاگیرانی کەسانێکی زۆریان بەتۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ وڵاتانی دەرەوە ڕاگەیاندووە لەنێویشیاندا وڵاتانی ئەمریکا و ئیسرائیل و بەریتانیا.

سەرەتای مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ڕابردوو، دەسەڵاتی دادوەری ئێران لەسێدارەدانی چوارکەسی ڕاگەیاند کە تۆمەتبار کرابوون بە کارکردن بۆ ئیسرائیل.

لەسێدارەدانی ئەکبەری لەکاتێکدایە ماوەی چوار مانگە لەدوای گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینییەوە خۆپیشاندانەکانی ئێران بەردەوامی هەیە.

هەر بەهۆی ئەو خۆپیشاندانانەوە سەدان کەس گیانیان لەدەستداوە چ لە بەرەی گەل چ لەبەرەی دەسەڵات، بەدەر لەوەش دادگای ئێران لە کاتی هەڵگیرسانی خۆپیشاندانەکان تا ئێستا سزای لە سێدارەدانی بەسەر 18 کەسدا جێبەجێکردووە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا