سیاسییەکی عێراق: حکومەتەکەی سودانی بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەکانی پێویستی بە ملیاران دۆلارە

پۆڵەتیک پرێس:

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

محەمەد سەلمان تائی، سیاسی عێراقی و ئەندام پەرلەمانی پێشووی عێراق ڕایگەیاند، حکومەتی ئێستای فیدڕاڵی بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی پێویستی بە ملیاران دۆلارە بۆ جێبەجێکردنی بەرنامە حکومییەکەی.

محەمەد سەلمان تائی بە میدیای عێراقی ڕاگەیاند، بەرنامەی حکومی سودانی پێویستی بە 300 ملیار دۆلارە تا جێبەجێ بکرێت، بەڵام ئەوەی لە خەرجکردنی بودجە و ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان و دامەزراندن بۆی دەمێنێتەوە لە 15 ملیار تێناپەڕێت.

باسی لەوەش کرد، سودانی دەکەوێتە دۆخێکی سەختەوە بۆ جێبەجێکردنی بەرنامە حکومییەکەی بەو شێوەیەی کە بەڵێنی بە هێزە سیاسییەکان و گەلی عێراق داوە بەهۆی ئەو کورتهێنانە گەورەیەی لەڕووی داراییەوە بۆی دروست دەبێت، بۆیە ناچارە ڕێگەچارەی بەپەلە بدۆزێتەوە بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە.

بەرنامەی حکومی محەمەد شیاع سودانی چەندین دۆسیە لەخۆدەگرێت کە زۆربەیان پەیوەستن بە ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییانەوە لەنێویشیاندا باشترکردنی دۆخی گوزەرانی هاوڵاتییان و بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی وزە و کارەبا، چارەسەرکردنی هەژاری و بێکاری ناو کۆمەڵگا، ڕوبەڕوبوونەوەی گەندەڵی دارایی و ئیداری لە جومگەکانی دەوڵەتی عێراق، ئەنجامدانی چاکسازی ئابووری و جێبەجێکردنی پڕۆژە ستراتیژییەکان، گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنەکانی خۆیان و ڕادەستکردنەوەی دۆسیە ئەمنییەکان بە وەزارەتی ناوخۆ.

 

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا