سودانی بۆ خامنەیی: رێگەنادەین عێراق ببێتە شوێنێك بۆ هێرشكردنە سەر وڵاتە دراوسێكان

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

سەرۆكوەزیرانی عێراق بە رێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێرانی راگەیاند، حكومەتەكەی پابەندە بە دەستووری وڵاتەكەیەوە و دەستووریش رێگە نادات عێراق ببێتە شوێنێك بۆ هێرشكردنەسەر دراوسێكانی.

رۆژی سێشەممە، 29-11-2022، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق لە تاران لەگەڵ عەلی خامنەیی، رێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران كۆبووەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سودانی سوپاسی ئێرانی كردووە بۆ پشتگیریكردن و پاڵپشتیكردنی عێراق لە جەنگی دژی تیرۆر. هەروەها جەختی لە گرنگیی بەردەوامیی ئەو هەوڵە هاوبەشانە كردووەتەوە بۆ رووبەڕووبونەوەی تیرۆر و پەڕگیری و ماددە هۆشبەرەكان هەن.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، سەرۆكوەزیرانی عێراق ئاماژەی بە گرنگیی بەردەوامیی پەیوەندیی دوو قۆڵیی نێوان هەردوو وڵات لە بوارە جیاجیاكان داوە و وتوویەتی، حكومەتی عێراق پابەندە بە دەستووری وڵاتەكەوە و ئەویش رێگە نادات عێراق ببێتە پێگەیەك بۆ هێرشكردنەسەر دراوسێكانی.

هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، عەلی خامنەیی پیرۆزبایی لە محەمەد شیاع سودانی كردووە بە بۆنەی بوون بە سەرۆكوەزیرانی عێراق و وتوویەتی: ئاسایشی عێراق ئاسایشی كۆماری ئیسلامییە.

بەپێی هەواڵی میدیای فەرمیی ئێرانیش، رێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران داوایكردووە رێگە نەدرێت خاكی عێراق بۆ تێكدانی ئاسایشی ئێران بەكاربهێندرێت و رایگەیاندووە، هەندێك ناوچەی عێراق بەكاردەهێندرێت بۆ تێكدانی ئاسایشی ئێران و چارەسەریش ئەوەیە، حكومەتی فیدراڵیی عێراق دەسەڵاتی بەسەر ئەو ناوچانەشدا هەبێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا