پۆڵەتیک پرێس:
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
کۆسرەت رەسول عەلی، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی سەرەخۆشی بۆ بنەماڵەی بابەشێخی سیرێ بڵاوکردەوە.
لە پەیامەکەیدا کۆسرەت رەسول ڕایگەیاند، بەداخێکی زۆرەوە هەواڵی ئەم کارەساتە دڵتەزێن و جەرگبڕەی گەڕەکی کازیوەی شاری سلێمانیم بیست، کە تێیدا 15 ھاوڵاتی بوونە قوربانی و ژمارەیەکیش بریندار بوون، دڵگران و خەمبارم، هاوبەشی خەمتانم.
وتیشی، بەم کارەساتە جەرگبڕ و گەورەیە، لە دڵەوە خەمبارو نیگەرانین، داواکارم لە خوای گەورە سەبووری هەموو لایەکمان بدات و کۆچکردووان جێگایان بەهەشتی بەرین بێت و شیفای بەپەلەی بریندارەکانیش بدات.
ئاشکراشی کرد، بۆ ئەم کۆست و خەمە گەورەیە وێڕای هاوخەمی قووڵمان، بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتی و پشتیوانی خۆمتان بۆ دووپات دەکەمەوە و هەرچی پێویست بێت لە چارەسەرکردنی بریندارەکان و کەمکردنەوەی ئەو ئازارە قووڵەمان ئامادەین و خۆمان بە بەشێک لەئێوە دەزانین و هەڵگری ئەم خەمە قووڵەین.
لە کۆتایی پەیامەکەشیدا دووپاتیکردەوە، دووبارە پرسەو سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆمتان ئاراستە دەکەم، خوای گەورە هاوکارو پشتیوانمان بێت لە تێپەڕاندنی ئەم دۆخە قوڕسەو ئەم کارەساتە گەورەیە.