نێچیرڤان بارزانی: یەكێتی هاوبەشی سەرەكی پارتیە و دەبێت كێشەكانی نێوانیان چارەسەربكرێن

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە پانێلی دوازدەیەمی دیداری مێری بەشداری كرد و گفتوگۆی لە بارەی چەند پرسێكی هەنووكەیی كرد و تێیدا رایگەیاند، نابێت زۆنی سەوز و زەرد هەبێت، دەبێت زۆنی كوردستان هەبێت، دژی بەكارهێنانی ئەو دەربڕینەم، وتیشی: یەكێتی نیشتمانی كوردستان هاوبەشی سەرەكی پارتی دیموكراتی كوردستانە، دەبێت كێشەكانی نێوانیان چارەسەربكرێن.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە میانەی گوتەكانیدا گوتی: “دوای یەك ساڵ لە دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەتی عێراق، كە پێموابوو هەنگاوێكی گرنگ بوو، دۆخێكی نوێ هاتووەتە پێش، هەرێمی كوردستانیش دەیەوێت زۆر بە جدی یارمەتیدەری سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق و كابینەكەی بێت، چونكە ئەگەر عێراق سەقامگیربێت، هەرێمی كوردستانیش سەقامگیردەبێت، ئەگەر دۆخی ئەمنی عێراق تێكبچێت، لەهەرێمی كوردستانیش دۆخەكە تێكدەچێت، بۆیە ناتوانرێت بەغدا لە هەرێمی كوردستان جیابكرێتەوە و بە پێچەوانەوەش.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان دووپاتیكردەوە، كێشەكانی عێراق ئاسان نییە، ئەوەی هەرێمی كوردستانیش داوا دەكات، دەیەوێت بە گوێرەی دەستوور كێشەكانی لەگەڵ عێراق چارەسەربكات.

لەبارەی كێشەی نەوت و غاز لەگەڵ بەغدا، سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەكرد، هەر كاتێك لە بەغدا باسی مەسەلەی نەوت دەكرێت، هەمووی پەیوەست دەكرێت بە پرسی سەروەری عێراق، كە ئێمە نامانەوێ سەروەری عێراق پێشێل بكەین، نە مەبەستیشمانە، شێوەی بیركردنەوەی ئێمە لەگەڵ بەغدا لەمبارەیەوە زۆر جیاوازە، ئێمە وەك كاڵایەكی بازرگانی سەیری ئەم دۆسییە دەكەین، كە لە خزمەتی هاووڵاتیانی عێراقدابێت، دەرەنجام بۆ خزمەتگوزاری ئەو وڵاتەدابێت، دەبێت دید و بۆچوونی بەغدا لەمبارەیەوە بگۆڕدرێت، هەولێر هاوبەشی بەغدایە.

هێمای بۆ ئەوەشكرد، نابێت زۆنی سەوز و زەرد هەبێت، دەبێت زۆنی كوردستان هەبێت، دژی بەكارهێنانی ئەو دەربڕینەم، یەكێتی نیشتمانی كوردستان هاوبەشی سەرەكی پارتی دیموكراتی كوردستانە، دەبێت كێشەكانی نێوانیان چارەسەربكرێن.

لەبارەی نەبوونی دەستوور لە هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی وتی: رەنگە لە داهاتودا دادگای فیدڕاڵی بڕیارێك لە دژی هەرێمی كوردستان دەربكات و بڵێت، بۆچی دەستوورتان نییە، هیوادارین لەو ماوەی كە پەرلەمان تەمەنی خۆی درێژكردەوە، بتوانێت لە ئایندە ببینە خاوەنی دەستوور.

یەكگرتنەوەی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان تەوەرێكی دیكەی وتەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بوو، لەوبارەیەوە وتی: كاری باش كراوە، ئەو جەختەی هاوپەیمانان لەبارەی یەكگرتنەوەی هێزەكان دەیكەن، بۆ دڵسۆزیانە بۆ هەرێمی كوردستان، پڕۆسەكە بە سیستی بەڕێوەدەچێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا