خوێندنی ئەمساڵ هەڕەشەی بایكۆتی لەسەرە

پۆڵەتیك پرێس

نوێنەرایەتی ڕێكخراوە خوێندكارییەكانی هەرێم رایدەگەیەنن، ئەگەر بڕیاری خوێندنی ئۆنلاین هەڵنەوەشێتەوە ئەوا بایكۆتی خوێندنی ئەمساڵ رادەگەیەنن، وەزارەتی پەروەردەش بێ ئاگایی خۆیی لە داواكارییەكانی ئەو رێكخراوانە دەخاتەڕوو.

ئەو رێكخراوانە كە خۆیان بەنوێنەری قوتابیان و خوێندكارانی هەرێم دەزانن لەراگەیەنراوێكدا سێ هۆكاریان بۆ ڕەتكرددنەوەی خوێندنی ئۆنلاین دیاریكردووە كە ئەمانەن:

نەبوونی هۆشیاریی تەواو و رۆشنبیریی ئەلكترۆنی كەسوكاری قوتابیان، خراپیی و نەبوونی هێڵەكانی ئینتەرنێت و پەیوەندی، پاشان ئەزمونی خراپی ساڵی رابردوو بۆ خوێندنی ئەلكترۆنی (ئۆنلاین).

بەهۆی ئەو سێ هۆكارەشەوە گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی بڕیاری خوێندنی ئەلكترۆنی و ئۆنلاین كە بەهۆی نەخۆشی ڤایرۆسی كۆرۆناوە دراوە، رەتبكەنەوەو بەهەنگاوێكی گونجاوی نەزانن بۆ بارودۆخی هەرێمی كوردستان.

عەبدولوەهاب ئەحمەد، نوێنەری ڕایەڵەی خوێندكارانی بزوتنەوەی گۆڕان بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، لیژنەیەكیان دروستكردووە لە كۆی نوێنەرانی ئەو رێكخراوانەی كۆبوونەوەكەیان ئەنجامداوەو ئەو یاداشتە دەدەنە لایەنی پەیوەندیدار.

وتیشی، “ئەگەر وەڵامی پێویستمان نەدرێتەوە ئێمە لە قۆناغی یەكەم رێكاری مەدەنی دەگرینەبەر، ئەگەر بەمشێوەیەش كە بڕیاری لێ دراوە خوێندنی ئەلیكترۆنی بەردەوام بێت ئەوا ئێمە بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندن دەكەین”.

ئاماژەی بەوەشكرد، نایانەوێت خوێندنی ئۆنلاین و ئەلیكترۆنی دەستپێبكرێت و ئەگەر دەست پێبكرێت ئەوا سەرجەم خوێندكاران و قوتابیان ئاگادار دەكەنەوە تاوەكو بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندن بكەن.

لەلایەكی دیكەوە رێكان كەمال، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی پەروەردە بە پۆلەتیك پرێسی راگەیاند، ئاگاداری ئەو یاداشتە نین و تا ئێستا هیچیان بەدەست نەگەیشتووە.

لەبەشێكی دیكەی راگەیەنراوەكەیاندا رێكخراوە خوێندكارییەكان جەخت لەوە دەكەنەوە كە راستەوخۆ لە ناوهۆڵەكان پرۆسەی خوێندن دەست پێبكاتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش پشتگیریی داواكاریی مامۆستایان دەكەن بۆ دابینكردنی شایستە داراییەكانیان.

ئەو راگەنراوەش دوای ئەوە دێت لەماوەی رابردودا لەسەر پێنشنیاری وەزارەتی پەروەردە حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا جگە لە پۆلی 12ی ئامادەیی، تەواوی پۆلەكانی دیكە وەرزی یەكەمی خوێندنی ئەمساڵ بەشێوەی ئۆنلاین بخوێنن، ئەوەش كاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێناو بەبڕیارێكی نادروست لەقەڵەمدرا.

رەتكردنەوەی بڕیاری خوێندنی ئۆنلاین لەكاتێكدایە، بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە لەكۆتاییەكانی شوباتی 2020 دەرگای خوێندنگاكان داخران و دواتر هەندێك لەقۆناغەكان بەشێوەی ئۆنلاین وانەیان خوێند، بەڵام بە وتەی شارەزایانی پەروەردە سیستمەكە بۆ هەرێم گونجاو نەبووە.

هاوكات باس لەوەش دەكرێت پێویستە حكومەت رێگەچارەی دیكە بگرێتەبەر، چونكە لە زۆرێك لە وڵاتانی جیهانیش كە ڤایرۆسی كۆرۆنای بەشێوەی فراوان تێدا بڵاوبوویەوە، لەئێستادا دەرگای قوتابخانەكانیان كردوەتەوەو پەنایان بۆ خوێندنی ئۆنلاین نەبردووە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا