شاندێكی تەكنیكی هەرێم دەچێتەوە بەغدا

 

ئەمڕۆ شاندێكی تەكنیكی هەرێم دەڕواتە بەغدا و سبەینێ لە كۆبوونەوەی ستراتیژی پرۆژەیاسای بودجەی سێ ساڵی داهاتووی عێراقدا بەشداردەبن.

پەری نوری بەڕێوەبەری گشتی بودجە لە وەزارەتی دارایی هەرێم بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: شاندێكی تەكنیكی وەكو نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە ئێمە هەرێمێكین لە عێراقێكی فیدڕاڵدا و عێراق ستراتیژی پرۆژەیاسای بودجەی سێ ساڵی داهاتووی خۆی دادەنێت بۆیە لەو كۆبوونەوەیەدا بەشداردەبین.

ئەوەشی خستەڕوو، ئێمە بەشێكین لە عێراقی فیدڕاڵ و وەكو نوێنەری هەرێم لەو دانیشتنانەدا بەشداردەبین و كۆبوونەوەكەی سبەینێ بە سەرۆكایەتی وەزیری دارایی عێراق دەبێت.

لەبارەی كاتی گەڕانەوەی شاندی باڵای هەرێم بۆ بەغدا پەری نوری وتی: تاوەكو ئێستا كاتی گەڕانەوەی شاندە باڵاكە بۆ بەغدا دیاری نەكراوە.

لەبارەی ناردنی پارەكەی عێراقەوە بۆ هەرێم وتیشی: لە ئێستادا دابەشكردنی موچەی فەرمانبەرانی عێراق دەستیپێنەكردووە، كاتێك دابەشكردنی موچەی خۆیان دەستیپێكرد ئەو كاتە موچەی فەرمانبەرانی هەرێمیش دەنێردرێت.

لە ماوەی رابردوودا، شاندێكی تەكنیكی هەرێم كە پێكهاتبوون لە چەند بەڕێوەبەرێكی هونەری وەزارەتی دارایی و وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی دیكە، بۆ تاوتوێی پرسی بودجەی ٢٠٢١ی فیدراڵیی چوونە بەغدا، بۆ ئامادەكردنی بودجەی گشتی لە پەرلەمان و حكومەتی عێراق، كە بڕی ١٢.٦٧٪ی بۆ هەرێم داناوە و گۆڕانكاریی بەسەردا نەهاتووە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا