یادت بە خێر یانەكەی شەهیدان یانەی سلێمانی

ئەمڕۆ 17 – 9 – 2020 ڕۆژیادی دامەزراندنی یەكەم یانەی تۆپی پێی ڕەسمییە لە كوردستان و بە تایبەتیش لە شاری سلێمانی كە ئەویش یانەی دایك یانەی سلێمانی یە.

ئەگەر چی لە ئێستادا كەس نازانێت بە چ گوزارشتێك ناوی ئەو یانەیە بهێنێت كە بە یانەی شەهیدان مامۆستا یاسین و جەمالی عەلی باپیر و چەندان و چەندان شەهیدی نەمری تر و چەندان كۆچ كردووانی مەزن وەك سەڵاح حەمە كەریم و نوری بەدەوی و چەندان ئەفسانەی لە یاد كراوی وەك عەلی مەعسوم و حەمە بچكۆل و چەندان یاریزانی ناوازە كە ئێستا ناوی دیارن لە كوردستان وەك خەسرەو گوروون و حەمەی كەریم و سەفا قژلول و ئەحمەد سالار و چەندان سەرۆكی ڕاستەقینەی لە یاد كراو وەك ساڵح عەلی دامەزرێنەر و دكتۆر لەتیفی نەمر و چەندان و چەندان و چەندان كەسێتی جوانی شاری سلێمانی بە نموونەی فایەقی قەسابی ڕەحەمەتی و چەندان ناوی تر كە لێرەدا دەشێت منیش لە یادم نەبن.

یانەی سلێمانی كە یانەی دایكی تۆپی پێ‌ بوو لە كوردستان ئەمڕۆ ڕۆژیادی دامەزارندنی بوو كە تەمەنی 64 ساڵ دەكات لەم كاتەدا بە تاریكترین ماوەی خۆیدا تێدەپەڕێت یانەكە یانەی شارێك بوو یانەی تۆپی پێ‌ بوو ئێستا بەس تۆپی پێ‌ و ئەوانەی تۆپی پێیان تیادا كردووە نەماوە.

ئەو یانەیەی ناسنامەی شوڕشی ناو شار بوو بڵێسەیەك بوو بۆ دروست بوونی ڕاپەڕین لە هەموو ڕۆژێكدا بە ڕووی حكومەتە یەك لە دوا یەكەكانی عێراقدا ئەمڕۆ سەراپای هەپڕوون بە هەپڕوون بووە لە چەند تیپێكی تایبەت بە چەند كەسێكی تایبەت لە نێو یانەكەدا نەبێت هیچی تری نەماوە نە پارێزگاری شاری سلێمانی نە دادگا و دەسەڵاتی دادوەری شاری سلێمانی و نە یەكێتی تۆپی پێی عێراق/ لقی سلێمانی و نە لیژنەی بە ناو ئۆڵۆمپی كەس ناوێرێت بشپرسێتەوە ئەوە كوا یانە مەزنەكەی ئەوێ‌ دەم و ڕۆژگارێك بوو بووە مەكۆی ڕووبەڕوو بوونەوە و بە گژداچوونەوەی داگیركەرانی كوردستان.

دەبوو ئەمڕۆ گەورەترین مەراسیم ساز بكرایە تیپی تۆپی پێی یانەكە بەشدار لە چالاكییە وەرزشییەكان بناسرایە بە درێسی نوێ‌ و ئەجیندای تیپەكە پێشكەش بە میدیا بكرایە، دەبوو ئەمڕۆ شێخ (تاڵیب سەید عەلی) كە دواهەمین كەسێتی یە لە دەستەی بەڕێوبەرانی دوای دامەزراندنی یانەكە لە ساڵى 1956 دا میدالیای زێڕینی بكردایەتە ملی كۆمەڵێك لە ئەفسانەكان و یاریزانە ناوازەكانی یانەكە، دەبوو ئەمڕۆ نەك نیو مووچە بەڵكو مووچەی تەواو و پەیكەرێك پەردەی لە سەر لابدرایە و مەدرەجەكەی خوارەوە پشت گۆڵەكە بە ڕەسمی بە ناوی مەدرەجی (حەسەن قەلب) ناوبنرایە، دەبوو ئەمڕۆ حەمە بچكۆلی مەزن بە سەر تراكەكانی یاریگاكەدا بسوڕایەتەوە وەك ئەو دەمەی منێك منداڵێكی بچكۆلەی قژ لوولی دەم داچەقیو بووم بە دیار ئەو پیاوەوە كە ئەوەندە سەیتەڕە بەو تۆپە دەكات و ناشهێڵێت بكەوێت، بەڵام خۆ تراكەكان فڕێ‌ دران بۆ ئەوەی ئیدی لاوانی سلێمانی نەبنەوە پاڵەوانی كوردستان و عێراق حەمە بچكۆلیش لە لوتكەدا بوو لە هەموویان مەزنتر و سەربەرز تر بوو كردیانە دەرەوەی یانەكە ئیدی یادی چی و یانەی دایكی چی و مەلعەبەكەی چی و حەمەی عەبۆل با هەر بۆڵە بۆڵی بێت لە گۆڕەكەی خۆ خاڵە ڕەحیمیش ئەگەر ئێستا بگەڕێتەوە مەلعەبەكە چۆڵە و هیچی لێ‌ نییە ئەویش دەگەڕێتەوە بە دڵشكاوی بە خوا مامۆستا یاسینیش خوازیاری ئەوە نییە ئەو پەیكەرەی لەو شوێنەدا دانراوە بۆچی دابنرێت خۆ شتێك نەماوە بە ناوی ئەوەوە كە ئەو دەیكرد واتا تۆپی پێ‌ ئەگەر مام ئازاد سەرپشك بكەن لە نێوان گەڕانەوە بۆ نێو ژیان و یاری كردنەوە لەو یاریگایە لە ئێستا یاخود هەر ساتەكەی خۆی كە تیایدا كۆچی دوایی كرد هاوار دەكات دەڵێت: وازم لێ‌ بهێنن بەس نەبوو ئەمڕۆی یانەكەمم نەبینی باشە خەسرە و ڕەئووف و سیامەند و حەمەی كەریم و ئەوانی تر چۆن تا ئێستا لە داخا جەڵدە لێی نەداوم ئاخر بۆ؟ منیش دەڵێم بۆ؟

باشكاتب/ دانەر ئەسڵان

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا