وەرزشكارانی ناڕازی دەچنە ئەنجومەنی وەزیران

پۆڵەتیك: سپۆڕت
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێ‌ شەممە لە شاری هەولێری پایتەخت بڕیار بوو وەرزشكاران لە ڕاهێنەران و یاریزانانی كوردستان كۆبوونەوەیەك لە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران ڕێك بخەن بە مەبەستی پێشكەش كردنی بەیاننامەیەك بە سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێم و كابینەی 9 تا كێشەكانی وەرزشی كوردستان لەو كەندەڵە ڕزگار بكەن كە بە هۆی بیری تەسكی حیزبایەتییەوە تێی كەوتووە و چەقیوە.

ژمارەی میدیاكاران لە وەرزشكاران زیاترە بۆ؟

ئەمڕۆ بڕیار بوو وەرزشكارانی كوردستان بە ژمارەیەكی زۆر ئامادەی ئەو گرد بوونەوەیە بن، بەڵام بە داخەوە ژمارەی میدیاكارانی وەرزشی لەوێ‌ ئامادە بوون لە كاتێكدا دەبوو یاریزانانی كوردستان و ڕاهێنەران بە ژمارەیەكی زۆر لە میدیاكاران لەو شوێنە بن.

هیوا مەلا قادر یەكێك لە میدیاكارە دیارەكانی كوردستان و ئامادە بووی گرد بوونەوەكە بە Politic Sport ی ڕاگەیاند: (پاش ئەوەی گروپێكی ماسینجەر دروست كرا بە ناوی وەرزشكارانی ناڕازییەوە لە هەموو كوچەیەكی هەرێمی كوردستانەوە وەرزشكاران و ڕاهێنەران و یاریزانان و میدیاكاران داغڵی گروپەكە كران و باس لەم گرد بوونەوەیە كرا كە ئەمڕۆ دەبوو بە ژمارەیەكی زۆرتر وەرزشكاران تیایدا ئامادە بن، بەڵام بە داخەوە ژمارەی میدیاكاران لە وەرزشكاران زیاتر بوو).

بەردەم ئەنجومەنی وەزیران نزیك هێڵی بارلیف

هیوا مەلا قادر زیاتر لەو بارەیەوە دواو وتی: (پێشتر پڕۆژەیەكی تر هەبوو دوو كۆنفرانس لە سلێمانی و هەولێر ڕێكخرا لە لایەن دوو خەمخۆری وەرزشی كوردستانەوە ئەوان هەنگاوی باشیان نا واجیبی خۆیان جێ‌ بە جێ‌ كرد دواتر ئەم گرد بوونەوەیەش بڕیاری لێ‌ درا ئەمڕۆ سێ‌ شەممە سەعات 11 ی پێش نیوەڕۆ واتا هەموان ئاگادار بوون، بەڵام زۆرێك لە ڕاهێنەران داوای لێبووردنیان كرد تەنها ڕەفیق باڵەكی وەك ڕاهێنەر ئامادە بوو).

هیوا ئاماژەی بۆ 5 خاڵ كرد كە لە یاداشتەكەیاندا ئاراستەی سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێمیان كردووە كە ئەمانەن:
1/ نابێت چیتر وەرزشی كوردستان بێ‌ یاسا بێت بۆیە داوا دەكەین هەرچی زووە یاسای وەرزشی لە لایەن پسپۆڕان بنوسرێتەو و بڕیاری لە سەر بدرێت.
2/ دوورخستنەوەی هەموو ئەو كەسانەی بوونەتە هۆی دووبەرەكی لە ناو ماڵی وەرزشی كوردستان.
3/ هەڵوەشاندنەوەی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان و دانانی ستافێكی كاتی تا ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خێرا.
4/ بنبڕ كردنی دەستێوەردانی كەسانی حیزبی لە بڕیارەكانی لیژنەی ئۆڵۆمپی و یەكێتییە وەرزشییەكان.
5/ دەستپێكردنەوەی بە پەلەی گشت چالاكییە وەرزشییەكان و پاڵەوانێتییەكان

خاڵێكی تریش كە لە بەیاننامەكەدا نییە ئەوە بوو داوای ئەوەمان كرد بەڕێوەبەرە وەرزشییەكانیش بگۆڕدرێن.

دەقی بەیاننامەی وەرزشكارانی ناڕازی

ئەم پێنج خاڵە بە واژووی (دەستەی وەرزشكارانی ناڕازی كوردستان لە 15 – 9 – 2020) ئاراستەی سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێم و كابینەی 9 كرا كە بە داخەوە لەوەشدا جارێكی تر سووكایەتی بە وەرزشكاران كرا لە بری ئەوەی سەرۆك وەزیران دكتۆر كازمی خۆی یاخود با بڵێین مەسرور بەرزانی خۆی بێتە دەرەوە بۆ لامان 3 كەس چووینە ژوورەوە (هیوا و مۆفەق و ڕەفیق) نیو سەعات دانیشتین نەفەرێك نەیوت ئێوە كێن و چیتان دەوێت دواتر یاداشتەكەیان لێ‌ وەرگرتین بە ناشرینترین شێوە و ئیتر هاتینە دەرەوە و بەڵێنیان پێ‌ داین وەڵامی كاك ڕەفیق بدەنەوە كە ئەو ئێستا نوێنەری ئێمەیە بۆ گفتوگۆ كردن لەو بارەیەوە.

لە كۆتاییشدا میدیاكارەكەی شاری سلێمانی هیوای خواست كە دواجار ڕۆحی وەرزشی زاڵ بێت و حكومەت بتوانێت داواكارییەكان وەك خۆی ببینێت و دەستی مەڵبەند و لق لە ناو وەرزشی كوردستان ببڕێتەوە و كۆتایی بە بیری تەسكی حیزبایەتی بهێنێت.

دانەر ئەسڵان

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا