پۆڵەتیك: سپۆڕت
ئەگەر چی لە سەر ئاستی تۆپی پێ وەرزی ڕابردوو یانەی ڕیاڵ مەدرید توانی لە نازناوی لالیگا لە ژێر دەستی بەرشەلۆنە دەربهێنێت و ببێتەوە پاڵەوانی مێژوویی ئەو خولە بە 34 نازناو ئەوا لە وەرزشێكی تریشدا ڕیاڵ جارێكی تر بۆڕ بە بەرشەلۆنە دەداتەوە و بردنەوەی لە بەرامبەر تۆمار دەكات و لە سەر حسابی ئەو یانەیە نازناو بە دەست دەهێنێت.
لە وڵاتی ئیسپانیا یاری باسكە یەكێكە لەو یارییە گرنگانەی ئیسپانییەكان بە وێنەی تۆپی پێ حەزیان بۆی هەیە و خولیای سەریانە هەر بۆیە كاتێك ڕیاڵ و بەرشەلۆنە لەو ئاستەشدا ڕووبەڕووی یەكتر دەبنەوە ئەوا هەموان بە جۆش و خرۆشەوە تەماشای ڕووبەڕووبوونەوەكەیان دەكەن.
شەوی ڕابردوو لە هۆڵی ئەنسۆلار هەردوو یانە زەبەلاحەكەی باسكەی ئیسپانیا ڕووبەڕووبوونەوە لە جامی سوپەردا كە تیایدا ڕیاڵ بە ڕێبەرایەتی پابلۆ لاسۆی ڕاهێنەری مەزن و مێژوویی باسكەی ئیسپانیا توانی لە 4 چارەكی یارییەكە 3 لە بەرژەوەندی خۆی بە كۆتا بهێنێت بەرامبەر بە 1 چارەك بۆ بەرشەلۆنە واتا بە ئەنجامی 72 خاڵ بەرامبەر بە 67 خاڵ.
بەم شێوەیەش بەرشەلۆنە جارێكی تر لە بەردەم ڕیاڵ مەدرید چۆكی دادایەوە و ڕیاڵیش توانی نازناوی سوپەری باسكەی ئیسپانیاش بخاتە پاڵ نازناوی جامی سوپەر و قەڵغانی لالیگا لە تۆپی پێ دا هەروەك لاسۆش بووە یەكەم ڕاهێنەر لە مێژووی وڵاتی ئیسپانیا و ئەوروپادا ژمارەی نازناوەكانی بكاتە 20 نازناو و 6 نازناوی سوپەریشی پێشكەش بە یانەی شاهانە كرد.
دانەر ئەسڵان