كەسوكاری ئەنفالكراوان: جاش و خۆفرۆشەكان پلەو پۆستیان لەئێمە زیاترە

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان لەساڵیادی تاوانی ئەنفالدا رایدەگەیەنن، ئەوانەی بەشداربوون لەئەنفالكردنی كەسوكاریان لە حكومەتی هەرێمدا لە پێشمەرگە دڵسۆزەكان و كەسوكاری شەهیدان لە پێشترن و لەناو لایەنیشدان بە پلەو پۆستی بەرزو بەرپرسیارێتیان پێدەدرێت، دەشڵێن: پێویستە ئەنفال وەك كەیسێكی نیشتمانی سەیربكرێت.

ئەمڕۆ 14-4-2022، لە یادی 34 ساڵەی كارەساتی ئەنفالدا، لەگەرمیان كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند: پێشتر لە قۆناغە جیاجیاكاندا بەڕێپێوان و خۆپیشاندانی هێمنانەوە و دیداری سەرۆككۆمارو سەرۆكی هەرێم و هەردوو پەرلەمانی هەرێمی كوردستان و عێراق و ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێم و وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان، بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانمان و جێبەجێكردنی بڕیارەكانی دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق سەبارەت بە كارەساتەكانی ئەنفال و كیمیابارانی هەڵەبجە فشاری گەورەمان لەسەر حكومەت دروستكردوە بۆ گرتن و دەستگیركردنی جاش و مستەشار و داواكراوەكان.

راشیانگەیاند: ئەوەی جێگای نیگەرانییە پێشتر حكومەتی هەرێم لەسەر ئاستی عێراق سەنگ و قورسایی هەبوو، كابینە یەك لەدوای یەكەكانی هەرێمیش دەرفەتی زۆریان لەپێش بوو بۆ كاركردن لەسەر كەیسی جینۆسایدی گەلی كورد بۆ ئەوەی ئاسودەیی ببەخشنە خانەوادە رەشپۆش و جگەرسوتاوەكانی شەهیدان و ئەنفالكراوان، نەك هەر ئەمەیان نەكرد، بەڵكو زۆر دەرفەتی زێڕینیان لەدەستدا، گلەیی و ناڕەزایەتی كەسوكاری ئەنفالكراوان رۆژ لەدوای رۆژ زیاتر دەبیبَت و لەپەرەسەندندایە.

دەشڵێن: خۆفرۆشەكان خۆیان و نەوەكانیان پێگەیان لە پێشمەرگە دڵسۆزەكان و كەسوكاری شەهیدانی سەنگەرو ئەنفالكراوان و كیمیاباران بەرزترەو لایەنیش هەیە پلەو پۆستی بەرزی پێداون و ئێستا تاوانبارانی ئەنفال پێگەی كۆمەڵایەتیان بەهێزدەكرێت.

ئەوەشیان وت: بەهۆی نیگەرانییەكانمانەوە لەگەرمیان و لە یادی ئەنفالدا بەشداری ئەو یادە ناكەین كە حكومەت رێكیخستوە، ئەمانەش پەیامی گەورەن بەگوێی حكومەتدا دەدرێت بۆیە پێویستە ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی شەهیدان بەپەلە بێنەسەرخەت و كۆنفڕانسێكی گشتی بۆ شارەزایان و یاسا ناسان و چالاكوانان و نوسەران و رێكخراوانی بواری جینۆساید رێكبخەن بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەك بۆ دەربازبوون لەو دۆخە چەقبەستووەی جینۆسایدی گەلی كورد.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا