پارتی دەیەوێت یەكێتی‌و گۆڕان بەرێتە بەرەی دژایەتی هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكانی عێراق

پۆڵەتیك پرێس:
پارتی دیموكرات دەستی بەهەوڵێك كردووە، بۆ ئەوەی یەكێتی نیشتمانی‌و بزووتنەوەی گۆڕان بەرێتە بەرەوەی دژایەتیكردنی هەوڵەكانی هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لەبزووتنەوەی گۆڕان بۆ پۆڵەتیك پرێس، ئامانجی سەردانی شاندی مەكتەبی هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی بۆ لای بزووتنەوەكەو یەكێتی نیشتمانی ئاشكراكرد.

سەرچاوەكە، كە داوای كرد ناوی بڵاونەكرێتەوە لەلێدوانێكی وتی: شاندی پارتی لەكۆبوونەوەكە بەفەرمی رایانگەیاند، ئەوان لەگەڵ هەمواری یاسای هەڵبژاردنی عێراق نین، بەتایبەتی لەپرسی گۆڕینی سیستەمی هەڵبژاردن بەسیستەمی فرە بازنەیی.

سەرچاوەكە وتیشی: پارتی لەكۆبوونەوەكە داوای پشتگیری گۆڕانی كردووەو لەكۆبوونەوەی لەگەڵ یەكێتی نیشتمانیش ئەو داواكارییەیان هەبووە، بۆ ئەوەی كورد بە یەك دەنگ‌و یەك هەڵوێستەوە دژی هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكانی عێراق بوەستنەوە.

رۆژی شەممە 12ی ئەیلوول شاندێكی مەكتەبی هەڵبژاردنی پارتی سەردانی سلێمانی كردو لەگەڵ دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی‌و ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان بەجیا كۆبوونەوەو بڕیارە لەگەڵ لایەنەكانی تریش بۆ هەمان مەبەست كۆببێتەوە.

پێشتریش ئەو شاندەی پارتی دیموكرات سەردانی شاری بەغدای كردبوو، كە لەسەردانەكەیان بۆ بەغدا لەگەڵ نوری مالیكی سەرۆكی دەوڵەتی یاسا رێككەوتبوون بۆ رەتكردنەوەی هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكان.

ماوەیەكە پەرلەمانی عێراق دەستی بەهەوڵ كردووە، بۆ ئەوەی یاسای هەڵبژاردنەكانی عێراق هەمواربكاتەوەو سیستەمی بازنەی پارێزگاكان بگۆڕێت بۆ سیستەمی فرەبازنەیی لەسەر ئاستی قەزاكان، بەڵام ئەو هەوڵە لەلایەن بەشێك لەحیزبەكان رەتدەكرێتەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا