خوێندنی بەرهەمهێن

خوێندنی بەرهەمهێن، ئەو خوێندنەیە كە لەگەڵ ژینگەی كاردا كارلێكی هەیەو وەڵامی پێداویستییەكانی كۆمەڵ دەداتەوەو دەتوانێ خواستی هاووڵاتیان دابین بكات، نەك تەنیا مەعریفەو زانیاری هەمەجۆریان پێبدات، بەڵكو ئەو شێوازو رێگایانەیان پێ بڵێ كەبتوانن بەهۆیەوە لەژیانی رۆژانەیاندا بەشێوەیەكی بەرهەمهێن سوود لەو مەعریفەو زانیاریانە ببینن، ئەویش لەڕێی شارەزایی بوونیان تابتوانن ئەو مەعریفەو زانیارییەی وەریانگرتووە، لەچارەسەركردنی ئەو كێشەو ئاستەنگانەی لەبواری كاركردنیاندا رووبەڕوویان دەبێتەوە، تەوزیفی بكەن، كارامەیی پەیوەندییەكانی لەگەڵ كۆمەڵ لەلایەك‌و لەلایەكی تریش لەنێوان خۆیاندا پەرەپێبدەن، بەجۆرێك دوای دەرچوونیان ببنە هاووڵاتییەكی بەرهەمهێن‌و سوودبەخش بەكۆمەڵ‌و وڵاتەكەیان‌و ئاستی ژیان‌و گوزەرانی خۆیانیش بەرزبكەنەوەو بەشداری كارا لەگەشەپێدانی وڵاتدا بكەن‌و بەرەو پێشی ببەن.

ئەوەش دەخوازێت، سیستمێكی خوێندن پەیڕەوبكرێت كە لەسەر بنەمای داهێنان‌و ئەفراندن دامەزرابێت‌و داهێنەران لەساڵانی سەرەتای خوێندن بدۆزێتەوەو سەرپەرشتی‌و هاوكاری پێویستیان بكرێت، بۆئەوەی پەرە بەتواناكانیان بدرێت‌و بەئاراستەی دروستدا ببرێن، لەدوا رۆژیشدا ببنە كۆڵەكەی سەرەكی گەشەپێدان، لەهەمانكاتیشدا دەبێ جیاوازی نێوان تاكەكان لەبەرچاو بگیرێت.

چیدی خوێندن تەرەفێكی كلتووری نییە بۆ تەواوكردنی هەندێك رواڵەتی كۆمەڵایەتی بەكاربهێندرێت، بەڵكو لەم سەردەمەدا، پێویستە خوێندن سوود بەتاك‌و كۆمەڵ بگەیەنێت، بەتایبەتی كەتێچوونی خوێندن لەهەموو دەوڵەتاندا بەپێشكەوتوو و دواكەوتووەكانەوە، بەردەوام لەهەڵكشاندایە، ئەمەش دەخوازێ بۆ دڵنیابوون لەكەفائەت‌و كەڵك‌و بەهێزی‌و گونجانی لەگەڵ تازەگەرییەكانی زانست‌و شێوازە نوێیەكانی خوێندندا، ماوە ماوە بەرنامەو میتۆدەكانی بشكنرێت، تا لەچالاكبوون‌و تواناكانی دڵنیابین كەدەتوانێ وەڵامی پێداویستییەكانی كۆمەڵ بداتەوەو ئەو كادرانە دەربچوێنێت كە بەئاسانی لەبازاڕی كاردا شوێن پێی خۆیان بكەنەوە. خوێندن بۆتە چالاكییەكی زیندوو كاریگەرو پێگەیەكی گرنگی بونیانتانی وڵات‌و گەشەپێدانی بەردەوامی پێدەهێنێت.

ئەزموونی نەتەوەو گەلانی جیهان سەلماندوویانە، كە ئەو دەوڵەتانەی ئاستێكی دیاریان لەپێشكەوتن بەدەستهێناوە، ئەو نەتەوانەن كەزانستیان كردۆتەوە دەیدەن‌و تەكنەلۆجیاشیان كردۆتە ئامرازەكەی، بەهەموو ئامارازەكان هەوڵی نوێكردنەوەی سیستمی خوێندنیان داوە، تاببێتە گرنگترین ئامرازەكانی گەشەپێدانی كۆمەڵەكانیان، بۆ ئەو مەبەستەش بودجەیەكی دیاریان تەرخان كردووە، ئەویش لەو روانگەیەوە كەكەرتی خوێندن كەرتێكی گرنگی سەرمایەگوزارییە نەك خزمەتگوزاری.

هەرێمی كوردستان، هەوڵێكی زۆری داوە بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی خوێندن لەهەموو قۆناغەكانیدا، بەئامانجی دەربازكردنی لەو دواكەوتووییەی كەچەند دەیەیەكە تێیكەوتووە، توانا مرۆیی‌و سروشتییەكانیان بۆ بەدیهێنانی گەشەپێدانی بەردەوامی كۆمەڵدا تەوزیف بكەن. هەرێمی كوردستان هەنگاوی باشی ناوە، بەڵام هێشتا زۆری ماوە كەبتوانێت سیستمی خوێندنەكەی بگەیەنێتە ئەو ئاستەی كەپێویستە، چونكە هێشتا رێژەی نەخوێندەوار بەرزەو سیستمی خوێندنیشی ناتوانێ خواستە نیشتمانییەكان بەدیبهێنێت.

لەگەڵ ئەو پێشكەوتنانەی لەبواری خوێندندا بەدەستهاتووە، هێشتا سیستمی خوێندن بەدەست كەموكورتی زۆرەوە دەناڵێنێت، دیارترینیان، لاوازی خوێندن لەوەی كەبتوانێ پێداویستییەكانی كۆمەڵ‌و بازاڕی كار دابین بكات، بەدەرچوواندنی كادری زانستی‌و تەكنیكی لەبوارە جیاجیاكاندا، بەهۆی سروشتی ئەو وانەوتنەوە باوەی دامەزراوەكانی خوێندن كە لەسەر پێدانی مەعریفەی تیۆری بەردەوامەو لایەنە پراكتیكییەكان پشتگوێ خراون، بەوەش لاوازن لەوەی ئەو شارەزاییانەیان پێبدەن كەدوای دەرچوونیان لەژینگەی كاردا بتوانن مومارەسەی بكەن‌و سوودیان پێبگەیەنێت، ئەمەش دەخوازێ بەجدی‌و بەشێوەیەكی گشتگیر چاو بەشێوازی وانەگوتنەوەو بەرنامەو میتۆدەكانی خوێندن بخشێندرێتەوەو بۆئەوەی ببێتە خوێندنێكی بەرهەمهێن‌و سوودبەخش.

بەكورتی، خوێندن لای خۆمان بەهەموو قۆناغەكانیاوە، بەبەراورد بەدەوڵەتانی تر، هێشتا ئاستەكەی لەڕووی چەندو چۆنیاتییەوە نزمە، سەرەڕای ئەوەی كەتوانای دابینكردنی پێداویستییەكانی هەرێم نییە لەدەرچوواندنی ئەو كادرانەی كەپڕۆسەی ئاوەدانكردنەوەی هەرێم پێیەتی، بەوەی كەبتوانن رۆڵێكی بەرچاو لەپڕۆسەی گەشەپێدانی بەردەوام‌و گشتلاییدا بگێڕن، ئەمەش یەك لەو هۆكارە سەرەكییانەیە، كەبۆتە هۆی ئەوەی زۆربەی دەرچووانی زانكۆو پەیمانگاكان فشار بۆ سەر حكومەت بهێنن تا لەدامەزراوەكانیدا دابمەزرێن‌و هەرگیز بیر لەوە نەكەنەوە روو لەكۆمپانیاو دامەزراوەكانی كەرتی تایبەت بكەن. لەبەر ئەوە دەبێت، ئاراستەی رەوتی خوێندن بگۆڕدرێت، خوێندن ببێتە پڕۆسەیەكی كارلێكەرو بەرهەمهێن، بۆئەوەی زامنی دەرچوواندنی كادری زانستی‌و تەكنیكی بكات‌و بتوانن رۆڵێكی گرنگ لەڕەوتی ئاوەدانیدا بگێڕن.

فەیسەڵ عەلی

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا