وەزیری شەهیدان: موچەی بەركەوتوانی چەكی كیمیاوی نەبڕاوە

پۆڵەتیك پرێس

وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەرێم ئەو دەنگۆیانەی رەتكردەوە كە باس لە بڕینی موچەی بەركەوتوانی چەكی كیمیاوی لە هەڵەبجە دەكەن.

عەبدوڵا حاجی مەحمود وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان رایگەیاندووە، ئەو موچەی كە بۆ بەركەوتوانی چەكی كیمیاوی بڕاوەتەوە بەردەوامەو نەبڕاوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، پێشتر هەندێك دەنگۆ لەو بارەیەوە بڵاوكراوەتەوە، بەڵام دوورن لە راستیەوەو موچەی كەس نەبڕاوە.

وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان باسی لەوەكردووە، ، لیژنەیەك لە دیوانی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان پێكهاتووە بۆ رێكخستنەوەی سەرجەم دۆسیەی بەركەوتوانی چەكی كیمیاوی و دوو لیژنەی وەزارەتی تەندرووستی لە پارێزگای هەولێر و سلێمانی بۆ پشكنین و دیاریكردنی رێژەی بەركەوتەی چەكی كیمیاوی پێكهاتوون بۆئەوەی لە بەر ڕۆشنایی یاسای چاكسازی، پاكسازی لە دۆسییەكاندا بكرێت و كەسانی شایستە دیاریبكرێن.

دەشڵێت، “بەركەوتوانی چەكی كیمیاوی ئەوانەی لەلایەن لیژنەكانی وەزارتمان و وەزارەتی تەندروستی دۆسیە و پشكنینیان پشتڕاستدەكرێنەوە موچەكانیان بەردەوام دەبێت، بەڵام هەر كەسێكیش بەركەوتووی چەكی كیماوی نەبێت بەپێی یاسا و رێنماییەكان نابێت ماف و ئیمتیازاتی بەركەوتەی پێبدرێت”.

ئەوەش لەكاتێكدایە، پێشتر كامیل عەبدولقادر وتەبێژی كۆمەڵەی قوربانیانی هەڵەبجە رایگەیاندبوو، لە ژێر ناوی یاسای چاكسازیدا دەست بۆ موچەی بەركەوتوانی چەكی كیمیاوی دەبرێت و موچەیان دەبڕدرێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا