هەرێمی کوردستان لە نێوان ئێران و تورکیا!

کێشەی هەر گەورەی هەرێمی کوردستان جیۆپۆلەتیکە، واتا هەڵکەوتەی جوگرافی و هەژموونی سیاسی وڵاتانی دەوروبەر بەسەریەوە. هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراق دەستووری و دانپیاندراوە، بەڵام هەندێ لە وڵاتانی تر، ڕوونتر ئەو وڵاتانەی بەشێکی کوردستانیان داگیرکردوە بەڕێژەی جیاجیا ئەم هەرێمە بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆیان دەزانن. هەر ئەو هۆکارەشە وا ئەکات هەر کاتێک حکومەتی عێراق ڕووبەڕووی گرفتی سیاسی، سەربازی یان ئەمنی ببێتەوە دەوڵەتانی دەرو دراوسێ دەکەونە هەوڵ و تەقەڵا بۆ زیادکردنی هەژموونی سیاسی و عەسکەری خۆیان بەسەر عێراق بەگشتی و کوردستانیش بە تایبەتی، نەبادا هەرێم دەرفەرت بۆ جیابوونەوە یان فراوانکردنی سنورەکانی بقۆزێتەوە.
ئێمە لە ستراتیژ و مەرامی ئەو دەوڵەتانە تێدەگەین، بێگومان ئەوانیش لە ئێمە، بەڵام دواجار ئەوان مافە ڕەواکانی ئێمە بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆیان دەبینن.
هەرێمی کوردستان نەک هەر ناچارە، بەڵکو ئەرکی سەرشانیەتی ئەو واقیعە ببینێ و بەشێوەیەکی گونجاویش لەگەڵ ئەوان بەدوای بەرژەوەندییە هاوبەشەکاندا بگەڕێ، تا لانی کەم هەموو سەرەداوەکان نەپچڕێن و پەیوەندی و دیالۆگیش بەردەوام بن. مخابن سیاسەتی رەسمی هەرێم لەو بارەیەوە پڕ لە ناڕوونی و هەڵەی گەورە گەورەیە، چونکە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەو دەوڵەتانە نەک هەر لە ڕوانگەیەکی نیشتیمانیی فراوان و ستراتیژێکی ڕوون نین، بەڵکو مەترسیشن بۆ ئاییندە.
ئەگەر ئێمە جگە لە عێراق باسی هەرسێ دەوڵەتە دراوسێکەی تر بکەین دەبینین:
– سوریا بە هۆی کێشە ناوەخۆییەکانی سەرقاڵی خۆیەتی و لە هاژ و هوژ بەولاوە هیچ کاریگەریەکی نییە.
– تورکیا بە زەبری هێز و بە پاساوی پەکەکە بەشێک لە خاکی هەرێمی کوردستانی داگیرکردوە و هێشتاش بەرە و پێشەوە دێ و بەو ڕێگایەش دەیەوێ هەژموونی سیاسی لەسەر هەرێمی کوردستان و عێراق زیاد بکا.
– ئێران چاوی لە خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان نییە، بەڵام هەرگیز چاو لەسەر نەجەف و کەربەلا هەڵناگرێ و دەستبەرداری هەژموونەکەشی نابێ.
هەردوو دەوڵەتی ئێران و تورکیا ئەگەر سەبارەت بە هەرێمی کوردستان خاڵی هاوبەشیشیان هەبێ ئەوا تا ڕاددەیەک تاکتیک و ستراتیژیان جیاوازە. لەبەرچاو گرتنی جیاوازیەکان گرنگە، چونکە لەو ڕوانگەیەوە هەرێمی کوردستانیش دەتوانێ مامەڵەیان لەگەڵدا بکات. کاتێک ئێمە دەڵێین تاکتیک و مامەڵەی ئێران و تورکیا لەگەڵ هەرێمی کوردستان جیان دەتوانین چەند نمونەیەکی زەق لەو بارەوە نیشان بدەین:
یەکەم: یەکەمین وڵات قونسلیەی خۆی لە هەرێمی کورستان کردەوە ئێران بوو، بەڵام سەرەڕایی ئەو هەموو پەیوەندییە سیاسی و بازرگانیانەی نێوان هەولێر و ئەنقەرا هێشتا تورکیا ئامادە نییە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم وەکو تاران و واشنتن لە ئەنقەراش بکرێتەوە.
دووەم: تورکیا ئەندامی ناتۆ و هاوپەیمانی ئەمریکایە، بەڵام هەمیشە لە دژی خواستەکانی کورد لە هەموو دونیا دەجولێتەوە، بەڵام ئێران دژی ئەمریکایە و لە زۆر وێستگەشدا فشاری کردۆتە سەر هاوپەیمانە شیعیەکانی لە عێراق بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و رێککەوتن لەگەڵ هەرێم.
سێیەم: هەرچەندە زۆر لە مێژە حزب و هێزە شۆڕشگێڕەکانی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستانن، بەڵام تا ئەم دواییانە جگە لە کردەوەی سیخوریی لەلایەن ئێرانەوە بەهێز پەلامار نەدراون.
ئایا بۆچی ئێستا بارودۆخ گۆڕا، ئێران بە ئاشکرا و نوێژی نیوڕۆ بە پاساوی ڕاوەدونانی هێزە شۆڕشگێڕەکانی ڕۆژهەڵات ناوچە سنورییەکان تۆپباران دەکات؟
ئایا هەردوو دەوڵەتی ئێران و تورکیا رێککەوتون لەسەر بەر تەسککردنەوە و بێ هێزکردنی هەرێمی کوردستان یان هۆکاری تر هەیە؟
ئەزمون سەلماندویەتی دەوڵەتانی دراوسێی هەرێمی کوردستان هەموو کات ئامادەن لە دژی خواستەکانی کورد بەپێچەوانەی ناکۆکیەکانیان رێکبکەون، بەڵام توبڵێی ئێمەش بێ هەڵە بین؟
بە هۆکاری پەلکێشی سوپای تورکیا بەرەو قوڵایی هەرێم و سنورەکانی ئێران هەر ئێمە نا، بەڵکو ئێرانیشی نیگەران کردوە، چونکە تا دێ ئێران لە لایەن تورکیاوە ئابلۆقە دەدرێ، ئەوە لە کاتێکدایە ئەگەر حکومەتی هەرێم ئەو داگیرکەرییەی پێ باشیش نەبێ، ئەوا هەمان پاساوەکانی تورکیای بۆ دەهێنێتەوە!
ئێستا لەناو دامودەزگا و ناوەندە سیاسی و راگەیاندنەکانی ئێران و تورکیاش چەند پرسیارێک دەورووژێندرێن: ئایا ئەو بارودۆخە بەرەو کوێ دەچێ؟
دەپرسرێ بۆچی هەرێم یان لانیکەم بەشێکی هەرێم هاوکاری تورکیایە لە دژی پەکەکە، بەڵام لە هەمان کات و شوێندا پشتیوانی هێزە شۆڕشگێرەکانی ڕۆژهەڵات دەکرێ؟
دیارە لێرەدا مەبەستم رەخنەگرتن لە هاوکاریکردنی هەر هێزێکی رزگاریخوازی کوردستان نییە، بەڵام لای منیش پرسیارێکی گەورە هەیە ئایا ئەو تاکتیکانە بەشێکن لە ستراتیژی نیشتیمانی و چەندیش خزمەت بە کێشەی ڕەوای نەتەوەیی کورد دەکەن؟
دوا قسەم ئەوەیە پێویستە هەرێم ڕەچاوی ئەوە بکا، کە ئێمە ئێستا بەشێکین لە دەوڵەتی عێراق، لە حکومەتەکەشی بەشدارین، بۆیە دەبێ سود لە توانا و جومگەکانی ئەو دەوڵەتە وەربگرین و سیاسەتێک پەیڕەو بکرێ، کە سەروەریی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوە و سەروەریی دەوڵەتی عێراق بپارێزێ، نەک (گورگان خوارد)ی ئەم دەوڵەت و ئەو دەوڵەتی بکرێین.

ئارێز عەبدوڵلا

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا