قوباد تاڵە‌بانی گەورەترین كارگە‌ی بە‌رھە‌مھێنانی ئاردی کردەوە

پۆڵەتیک پرێس

لەتێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

قوباد تاڵە‌بانی جێگری سە‌رۆكی حکومەتی هەرێم، بە‌ئامادە‌بوونی وە‌زیری دارایی و ئابووری و وە‌زیری كشتوكاڵ و سە‌رچاوە‌كانی ئاو، لە‌چوارچێوە‌ی پڕۆژە‌ی نیشتمانی بە‌بازاڕكردنی گە‌نمی جوتیاران دا، كارگە‌ی بە‌رھە‌مھێنانی ئاردی لە سلێمانی کردەوە.

لە مەراسیمێکدا ئە‌مڕۆ 19ی ئەیلولی 2021، قوباد تاڵەبانی خۆشحاڵى خۆى نیشاندا کە لە ماوەیەکی کورتی چوار مانگەدا توانراوە کارگەکە تەواو بکرێت کە لە توانایدایە رۆژانە پێنج سەد تەن ئاردی خۆماڵی بە کوالێتی بەرزەوە بخاتە بازاڕەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ئەوەی لەماوەی رابردوودا نرخی ئارد بەهۆی گۆڕانکارییەکانی نرخی دراو و کێشەکانی هاوردەکردنەوە بەرزبووەوە، ئەوان لە حکومەت و وەزارەتی کشتوکاڵ و کۆمپانیای قەیوان و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان هەوڵەکانیان خستەگەڕ بۆ ئەوەی ئەم کارگەیە بەزوویی تەواوبکرێت تا کۆتایی بە نیگەرانی هاوڵاتیان بهێنرێت.

وتیشی: تەنها بە تەواوکردنی ئەم بەشەی پڕۆژەکە، توانراوە 400 هەلی کار دابین بکرێت، بە تەواوبوونی کۆی پڕۆژەکەش پێنج هەزار هەلی کاری راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی دیکەش دەڕەخسێت.

ئەوەشی خستەڕوو، لە ماوەی دوو ساڵی کابینەی نۆیەمدا مۆڵەتی وەبەرهێنان بە 860 پڕۆژەی گەورە و بچوک و مامناوەند دراوە کە زیاتر لە 48 هەزار هەلی کار دەڕەخسێنن. هەر لەم چوارچێوەیە ئاماژەی دا بە سێ پڕۆژەی بە بازاڕکردنی گەنمی جوتیاران و پرۆژەی سلێمانی بیست بیست و پڕۆژەی کارگەی شەکری بیتوێن کە تەنها ئەم سێ پڕۆژەیە نزیکەی 18 هەزار هەلی کار بۆ گەنجان دەڕەخسێنن.

لەبارەى سودی ئەم پرۆژە نیشتمانییە بۆ جوتیاران، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، چیتر جوتیاران نیگەرانی ساغکردنەوەی بەرهەمی گەنم نابن و چاو لەدەستی بەغدا نابن کە ئاخۆ چەندە گەنمیان لێ وەردەگرێت و کەی پارەی گەنمەکەیان بۆ خەرج دەکرێت.

ئاشکراشی کرد، لە داهاتووی نزیکدا پڕۆژەی زیاتر و گەورەتریش جێبەجێ دەکرێن کە هەلی کاری زیاتر دەڕخسێنن و ژێرخانی ئابوری هەرێمی کوردستان بەهێزتر دەکەن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا