پۆڵەتیك پرێس
جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لەبارەی رووداوەكەی چیای مەتینا رایگەیاند: لەم دۆخەدا لە هەموو كات زیاتر پێویستمان بە یەكڕیزی و بیركردنەوەی ورد و دان بە خۆداگرتن هەیە بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان و گەلی كورد بەگشتی لەو مەترسیانەی هەن پارێزراوبێت، بەرهەمی ئاڵۆزی و ناكۆكییەكانی رابردوومان تەنیا شكست و بێهیوایی بووە بۆ گەلەكەمان، تا ئێستاشی لەگەڵدابێت ئێمە باجی شەڕی خۆكوژی و ئاڵۆزییەكانی رابردوومان دەدەین.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە راگەیەنراوێكدا هەڵوێستی خۆی لەسەر رووداوەكەی چیای مەتینا خستە ڕوو رایگەیاند: رووداوەكەی چیای مەتینا رووداوێكی دڵتەزێن بوو كە بووە مایەی نیگەرانی و پەرۆشی هەموو كوردێكی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر، گەلەكەمان لە رابردوودا تاڵی و ناخۆشی زۆری بینیوە بەهۆی ئاڵۆزی و شەڕی نێوان لایەنە كوردییەكانەوە، بۆیە حەق نییە ئەم گەلە خێرنەدیوە لەوە زیاتر تووشی دڵەڕاوكێ و نیگەرانی بكرێت. لە بەشێكی دیكەی راگەیەنراوەكەی جێگری سەرۆكی حكومەتدا هاتووە، دۆخەكە وا دەخوازێت هەموو لایەكمان لە قسە و كردار و هەڵوێستماندا بەرپرسیارانە مامەڵە بكەین و لەم دۆخەدا لە هەمووكات زیاتر پێویستمان بە یەكڕیزی و بیركردنەوەی ورد و دان بەخۆداگرتن هەیە بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان و گەلی كورد بەگشتی لەو مەترسیانەی هەن پارێزراوبێت.
باسی لەوەشكردووە، بەرهەمی ئاڵۆزی و ناكۆكییەكانی رابردوومان تەنیا شكست و بێهیوایی بووە بۆ گەلەكەمان، تا ئێستاشی لەگەڵدابێت ئێمە باجی شەڕی خۆكوژی و ئاڵۆزییەكانی رابردوومان دەدەین. ئەگەر لەم قۆناغەشدا بەردەوام بین لەسەر هەڵە كوشندەكانی رابردوو بێ گومان دەرەنجامەكەی شكست و بێهیواییەكی گەورەتر دەبێت بۆ هەموو كورد. بۆیە ئێستا هەموو لایەكمان لەبەردەم بەرپرسیارێتییەكی گەورەداین و دەبێت هەموو هەوڵێكمان بە ئاراستەی چارەسەركردن بێت نەك ئاڵۆزتركردنی دۆخەكە؛ با ژیرانە و خەمخۆرانە و كوردانە و بەرپرسیارانە كێشەكان چارەسەر بكەین.