پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەوڵ دەدەن بە زووترین کات ئیدارەی سۆران و زاخۆ پێکبهێنن و سەرپەرشتیاری هەردوو ئیدارەش دیاری دەکەن، وتیشی: “هێرشەکەی سەر قوشتەپە لەو ناوچانەوە ئەنجامدراوە کە لەژێر دەسەڵاتی سوپای عێراقدان”.
ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێم رایگەیاند، “لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆماندا بڕیاردرا پێداچوونەوە بە هیکەلیەتی ئیدارە سەربەخۆکان بکرێت، لیژنەیەکی تایبەت دروستکرا بۆ ئەوەی هەیکەلیەتی ئیدارەکان رێکبخرێت و ئیدارەی سۆران و زاخۆش لەسەر ئەو بنەمایە دروست بکرێن”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی دەکرێت، بۆ ئەوەی بودجەی پێویست بۆ هەردوو ئیدارەکە دابین بکرێت”، وتیشی: پێویستە دەسەڵات بدرێت بە وەزارەت و ئیدارە سەربەخۆکان تا بتوانن فەرمان لە فەرمانگەیەکەوە بۆ فەرمانگەیەکی دیکە بگوازنەوە.
لەلایەکی دیکەوە لەبارەی ئاراستەکردنی چەند موشەکێک بۆ هەولێر ئاماژەی بەوەکرد، داوا لە حکومەتی فیدڕاڵ دەکەین رێگری بکات لە روودانی ئەم جۆرە هێرشانە و رۆڵی هەبێت لە سنوردانان بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت پەیوەندی عێراق و هەرێم تێکبدەن، وتیشی: “ئەو هاوەنانەی ئاڕاستەی قوشتەپە کراون، لەو ناوچانەوە بووە کە ئێستا لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراقدان”.
دوێنێ سێشەممە، چەند گوللـە هاوەنێك لە سنووری پارێزگای هەولێر لە نزیك قوشتەپە لە گوندەكانی دۆڵەبەكرە، دۆڵەزە و باشتەپە كەوتنە خوارەوە، هاوەنەكان بەر چۆڵەوانی كەوتن و هیچ زیانێكی ماددی و گیانییان نەبوو.