شادی ئارام: لە هیچ كارێكم پەشیمان نیم و بە مێژووی خۆمیان دەزانم

پۆڵەتیک پرێس

ئەکتەری بواری دراماو شانۆو سینەما ( شادی ئارام ) ساڵانێكە كاری هونەری دەكات و دەرچووی پەیمانگای هونەرجوانەكانی سلێمانی – بەشی شانۆ ، لقی نواندنە ، ئێستاش سەرقاڵی خوێندنی سینەمایە لە زانكۆی سلێمانی و لەچەندین بەرهەمی دیاردا كاری كردووە ، بەباشمان زانی ئەم چاوپێكەوتنەی لەگەڵ سازبكەین و بەسوپاسەوە بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە:
ـ شادی ئارام مناڵێكی پچوك بوو لەدراماكانی خولێخۆشبووحسێن میسریدا دەركەوت چۆن بوو؟ لەڕێی كێ وە بەشداری كرد ؟

+ ڕاستە من لە دراماكانی رەحمەتی دەركەوتم و ناسرام تا ئێستاش بەناوی (هەرزاڵ) كە یەكێكە لەو كارەكتەرانەی ناو درامای (ڕەشەی پۆلیس) بانگ دەكرێم و دەناسرێمەوە بەڵام دەسپێكی كاری هونەریم لە تەمەنێكی زۆر بچوكتریش بوو، بەهۆی ئەوەی لە خێزانێكی ئەدەبی و هونەریدا پەروەردەبووم هەمیشە هاوكاربووە بۆ سەرەتاكانی كاركردنم و هاوڕێیەتی باوكم لەگەڵ حسین میسری و هاتوچۆی نێوانمان بووە هۆی هەڵبژاردنم بۆ ئەو درامایە لەسەر خواستی دەرهێنەر خۆی.

ـــ لەگەڵ ئەوەی ئەزموونی دراماو شانۆت هەیە، بەڵام ئاگادارین لەئێستادا خوێندكاری قۆناغی دووهەمی سینەمایت لەزانكۆی سلێمانی ، ئەمەچۆن بوو ؟
+ شانۆ بۆ من تاكە شوێنە كە ڕۆحم ئاسودە دەكات بەڵام دراما بەشێكی گەورەی كاركردن و ناوبانگی منە ، سینەما لەئێستادا ناتوانم كۆمێنتم هەبێت چونكە لە قۆناغەكانی سەرەتای خوێندنیم وە من لە یەكەم ساڵی خوێندنی پەیمانگاوە ئاواتم بووە هەموو پلەكانی خوێندن تەواو بكەم لە هونەردا بەو ئومێدەوە دەستم بە خوێندن كردەوە كە تۆڵەی ١٠ ساڵ بكەمەوە كە بەسەرمدا تێپەڕی.

ـــ شانۆو دراما و سینەما ، كامیان زۆر ماندوویان كردوویت ؟
+ هەرگیز لێیان ماندوو نابم بەڕاستگۆیانە بیڵێم و ئەوەی بمناسێت دەزانێت ئەو كاتانە من ماندوو دەبم كە سەرقاڵ نەبم بە كارێكی هونەرییەوە.

ـــ شادی ئارام لەئێستادا سەرقاڵی چییە؟ پڕۆژەی تازەت چیە؟

+ جگە لە خوێندن ، درامایەكمان كرد بە ناوی (گورگەكان) لە ماوەیەكی نزیكدا پەخش دەبێت لە دەرهێنانی (میهران شیریی) كە دڵنیام كارێكی باش پێشكەش دەكەین.

ـــ لەكام لەكارە كانی شانۆودراماكانی تیڤی پەشیمانیت؟

+ هەرگیز لە هیچ كارێكم پەشیمان نیم و بە مێژووی خۆمیان دەزانم ، تەنها وریاتر دەبم لە كاركردنم لەگەڵ كەسەكان.

ـــ نواندن دەتوانێت داستكاری ژیان بكات؟ ئایا گۆڕانكاری لەكەسێتی و شێوازی ژیانی تۆداكردووە؟

+ رەنگە بیكات بەڵام بۆ من جیاوازە چونكە من ناتوانم خۆم نەبم رونتر بڵێم زۆر ئازادییەكانم لە خۆم زەوت ناكەم و لەپێناو ئەوەی وێنەیەكی ساختە پیشانی خەڵك بدەم ، تێگەیشتنیش بۆ خەڵك ئازادە وەك چۆن ئازادی بە خۆم دەدەم بێگومان تا ئەو سنورەی كە هی منە.

ـــ دەەڵێن شادی ئارام كەسێكی لوتبەرزە ؟ زۆر لەخۆی ڕازییە؟ ئەم قسەیە هیچ ڕاستییەكی تیایە؟

+ ئەگەر ڕۆژێك خودی خۆمم گۆڕی ئەوكات رەنگە لوتبەرزبم.

ـــ شادی ئارام ، بۆچوونی لەبارەی خۆشەویستی چۆنە؟ نیازی هاوسەرگیری هەیە ؟

+ كومێنتم نیە.

ـــ دواقسەو پەیامی تۆ بۆ هەوادارانت چییە؟

+ سوپاس بۆ رێزو خۆشەویستی هەمووان .

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا