هەرێمی كوردستان.. بەهەشتی بەخشینی باج

پۆڵەتیك پرێس:
وڵاتی پەنەما بەیەكێك لەوڵاتە هەرە گونجاوەكان دادەنرێت بۆ ژیان‌و كاركردن تێیدا، كە مامەڵەكردنی حكومەتی ئەو وڵاتە لەگەڵ بابەتی پەیوەندیدار بە كاركردن‌و بەخشینی باج، وای كردووە زۆرترین خواستی لەسەربێت بۆ كاری پیشەسازی‌و بازرگانی، تەنانەت لەلایەن كەسانی بیانیشەوە.

ئەو دۆخەی لەپەنەما بۆ بەخشینی باج هەیە، كە زۆرجار ناوەندە ئابوورییەكان، بە “بەهەشتی بەخشینی باج” ناوی دەبەن، كوتومت لەو دۆخە دەچێت، ساڵانێكە لەهەرێمی كوردستانیش هەیە، بەوەی زۆرێك لەكۆمپانیاكان ‌و سەرمایەداران باج نادەن‌و لەباجی گومرگیش دەبەخشرێن.

 

ئەو دۆخەی لەپەناما بۆ بەخشینی باج هەیە، كە زۆرجار ناوەندە ئابوورییەكان، بە “بەهەشتی بەخشینی باج” ناوی دەبەن، كوتومت لەو دۆخە دەچێت، ساڵانێكە لەهەرێمی كوردستانیش هەیە

 

بەخشینی باج لەهەرێمی كوردستان بەشێوەیەكە، كە تائێستا زیاتر لە 800 كۆمپانیای بیانی‌و ناوخۆیی تەنیا لەبواری نەوت كار دەكەن، بەڵام ئەو كۆمپانیایانە هیچ باجێك نادەن بەحكومەتی هەرێمی كوردستان.

بەخشینی باج لەپەنەما
شاری پەنەما، كە پایتەختی وڵاتەكەیە، بەیەكێك لە بنكە داراییە باڵاكانی جیهان دادەنرێت، پرۆژەی وەبەرهێنانی بیانی لەپەنەما زیاترە لە ئەمریكای ناوەڕاست و هێشتاش لە زیادبووندایە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی حكومەت باج لەكۆمپانیا بیانییەكان وەرناگرێت.

بەپێی بڵاوكراوەی میدیا جیهانییەكان، سیستمی باجدان لە پەنەما سیستمێكی هەرێمییە، بەجۆرێك لە هەموو ئەو باجانە خۆش دەبێت، كە پێویستە كەسانی بیانی كاتێك لەوڵاتەكە وەبەرهێنان دەكەن بیدەنە حكومەت، واتە سیاسەتی باجدانی سفری لەو وڵاتە بەسەر بازرگان و وەبەرهێنەرانی بیانیدا جێبەجێدەكریت.

باس لەوەشكراوە، لەو وڵاتەدا تەنیا باج لەسەر بەرهەمە پەنەماییەكان دادەنرێت، واتە ئەگەر وەبەرهێنەرەكە، یان خاوەن كارەكە بۆ بەڕێوەبردنی كارەكەی سود لەبەرهەمی ناو پەنەما و ناوخۆیی وڵاتەكە ببینێت ئەو كاتە حكومەت باج لەسەر بەرهەمەكانی دادەنێت، كە ئەمە دۆخێكی قورسی بۆ خەڵكی وڵاتەكە دروست كردووەو بووەتە ناوەندێكی گەورەش بۆ سپیكردنەوەی پارە لەجیهاندا.

پەنەما دەكەوێتە باشووری وڵاتانی ئەمریكای ناوەڕاست، دەكەوێتە نێوان باشووری كۆستاریكا و باكووری كۆلۆمبیاوە، بەزنجیرە چیای رۆژئاوا دەناسرێتەوە و خاوەنی چەندین دارستانی فراوانە لەناوچەی دەریای كاریبی.

باجدان لەهەرێم
هەمان ئەو دۆخەی لەپەنەما بۆ باجدان هەیە، لەهەرێمی كوردستانیش ئێستا دووبارە بووەتەوە، بۆ نموونە لەماوەی كابینەكانی رابردوو، هەر كۆمپانیایەكی بیانی بۆ وەبەرهێنانی نەوت هاتبێتە هەرێمی كوردستان لەو گرێبەستەی لەگەڵ حكومەت كردوویەتی، خاڵێكی بۆ جێگەكراوەتەوە، كە هیچ باجێك نادات بەحكومەت.

پۆڵەتیك پرێس لەبەدواداچوونێك ئەوەی ئاشكراكرد، ژمارەی ئەو كۆمپانیا بیانی‌و ناوخۆییانەی لەهەرێم باج نادەن، 822 كۆمپانیایە، كە ئەو كۆمپانیایانە تەنیا لەكەرتی نەوت كار دەكەن، لەكاتێكدا كۆمپانیاكان ساڵانە قازانجێكی گەورە لەوەبەرهێنانی نەوت دەكەن.

 

ژمارەی ئەو كۆمپانیا بیانی‌و ناوخۆییانەی لەهەرێم باج نادەن، 822 كۆمپانیایە

 

هەر بەپێی بەدواداچوونەكەی پۆڵەتیك پرێس، لەناو ئەو كۆمپانیایانەدا كۆمپانیا هەبووە، داهات‌و قازانجی ساڵانەی 800 ملیۆن دۆلار بووە، بەڵام هیچ باجێكی نەداوە بەحكومەت.

جگە لەبواری نەوت، حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبواری وەبەرهێنانیش لەماوەی رابردوو، دەیان گرێبەستی لەبواری دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون لەگەڵ كۆمپانیاكان واژوو كردووە، جا كۆمپانیاكان ناوخۆیی بووبن، یان بیانی، هیچ باجێكی لێوەرنەگرتوون.

هەروەها لەخاڵە سنوورییەكانیش، ئەو دۆخە هەیەو بەقسەی پەرلەمانتاری كوردستان دابان محەمەد، دەیان كۆمپانیا هەیە، بەخشینی باجیان بۆ كراوەو لەكاتی هاوردەكردنی كەلوپەل، هیچ گومرگێك نایانگرێتەوە.

بەخشینی باج ئێستا زیانێكی زۆری لەئابووری هەرێمی كوردستان داوەو كاریگەرییەكی گەورەشی لەسەر داهاتی ساڵانەی داناوە، بۆیە وەزارەتی دارایی بەنیازە هەمواری تەواوی گرێبەستەكان بكات‌و بەخشینی باجیش لەسەر كۆمپانیاكان هەڵبگرێت.

 

لەناو ئەو كۆمپانیایانەدا كۆمپانیا هەبووە، داهات‌و قازانجی ساڵانەی 800 ملیۆن دۆلار بووە، بەڵام هیچ باجێكی نەداوە بەحكومەت

 

لەو بارەیەوە دابان محەمەد لەلێدوانەكەی پۆڵەتیك پرێس وتی: وەزارەتی دارایی دەستی بەچەند هەوڵێك كردووەو لەماوەی رابردووش چەند بڕیارێكیدا، بۆ هەڵگرتنی ئەو بەخشینانەی لەسەر كۆمپانیاكان دانراوە بۆ نەدانی باج.

دابان محەمەد وتیشی: وەزارەتی دارایی هەرێم كار بۆ ئەوەش دەكات، هەمواری هەموو ئەو گرێبەستانەش بكات، كە لەگەڵ كۆمپانیا بیانی‌و ناوخۆییەكان كردوویەتی‌و دەیەوێت وا لەو كۆمپانیایانەش بكات، باج بدەن.

بەقسەی پەرلەمانتارەكە، هەنگاوی حكومەتی هەرێم گرنگە بۆ ئەوەی لەرێگەی وەرگرتنی باج داهاتی خۆی بەرز بكاتەوە، كە ئەوە وا دەكات دۆخی ئابووری باشتر بكات‌و بتوانێت خۆی لەو قەیرانە رزگار بكات، كە ماوەیەكی زۆرە تێیكەوتووە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا