یاریەکانی پێش دوو ئیدارەیی لە هەرێمی کوردستان

نووسینی: هەڵۆ ساڵح

دەرچووی- دیبلۆماسێت و پەیوەندیە گشتیەکان

ململانێ سیاسی و ئابووری و ئیداریەکان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە خەستبوونەوە و قوبڵونەوەدان لەنێوان هەردوو پارتی زاڵی حوکمەتی هەڕێمی کوردستان-پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، کە بووەتە هۆی پەکخستنی فرمانە دەزگای و ئیداریەکانی حوکمەتی هەرێمی کوردستان. لە دوای دەسپێکردنی شەڕی ناوخۆ لە ساڵی ۱۹۹٤ جۆرێک لە سنووری هۆشی و ئاگای لەلای مێشکی نوخبە سیاسیکانی هەردوو پارتی سیاسی PUK و KDP دروستبووە و تەنانەت ئەمە خۆی خزاندۆتە نێو کلتووری هاوڵاتیانی هەردوو ئیدارەی هەولێر و سلێمانی کە بە جۆرێک دیفاکتۆی سنوورە شکاوەکان هەرگیز بێ-شەرعێت نابێت و چاکنابێتەوە لە شەڕی ناوخۆوە بۆ یەکخستنەوە حوکمەتی هاوبەشی هەرێمی کوردستان. هەمیشە هۆش و ئاگایەکی دابەشبوونی سنووری و کلتووری ئامادەی هەیە لەلای خەڵکی و نوخبە سیاسیەکان هەرێمی کوردستان.

نەوەی نێو KDP و PUK کە پێکهاتوون لە مەسرور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی و لاور جەنگی و پاڤێڵ تاڵەبانی جۆرێک لە ململانێی نوێ مۆدێرنیان دەست پێکردوە لە پرسی گەڕانەوە بۆ بەغداد، قەیرانی ئابووری،دابەزینی نرخی نەوت، ڤایرۆسی کرۆنا، پرسی یەکخستنەوە هێزە پێشمەرگە، کێشە ئیداری و سنووریەکان و پرۆژەی جیاوازی حوکمڕانی و شێوەی وەڵامدانەوە هەڕەشە دەرەکی و ناوخۆیەکان کە ئەمەش پەیوەندی هەر دوو حیزبی بردۆتە ئاستێکی زۆر خراپ و لێک-ترازاو. KDP لە پشت کابینەی نوێ مەسرور بارزانیەوە ڕیفۆرم و چاکسازی حوکمەتێکی سێنتراڵی جاڕدەدات و بە چارەسەری ئەم ڕەوشەی دادەنێت، و PUK لە پشت هاوسەروەکەکانەوە پرۆژەی لامەرکەزێت و گەڕانەوە دەسەڵات بۆ پارێزگاکان جاڕدەدات و بە چارەسەری ئەم ڕەوشەی دەزانێت. جون کاڵهوم دەڵێت ” یەکخەرەوەکان و هەڵوەشێنەرەوەکان هەرگیز ناتوانن پێکەوە بژین”. هەر دوولایەن یەکخستنەوە-KDP و هەڵوەشاندنەوە-PUK بە مەترسی بۆسەر پرۆژەی یەکتر دەبینن. چونکە ئێستا خەڵکی ناڕەزای ئەوە دەردەبڕێت بۆچی PUK لە حوکمەتی هاوبەش لەگەڵ KDP ناکشێتەوە ئەگەر مانەوە لە حوکمەتی هاوبەش بە مەترسی بۆ سەر خۆی دەزانێت.

لەو پانێڵەی کە لە زانکۆی کوردستانی هەولێر بەڕێوەچوو، سکرتێری گشتی UN بۆ عێراق چەقۆی دەمی بە کولی هێنا بەسەر کێشەکانی هەرێمی کرودستان و وتی، “مەترسیە ناوخۆیەکان زۆرن و هەردوو پارتی زاڵ لە ململانێدان، پێویست ناکات هەرێمی کوردستان بە دابەشبووی بمێنێتەوە و بەرەو دوو ئیدارەی زەرد و سەوز بڕواتەوە دووبارە و بەڵکو چارە هەیە ئەویش چارەی یەکگرتنەوەیە”. هێشتا دووبارە دابەشکردنەوە داهاتە دارایەکان و مەودای کۆنترۆڵی سنوورەکان لەنێوان هەردوو پارتی سیاسی هیچ ئەنجامێکی نەداوە بەدەستەوە. هەڵساندنەوە دوژمن لە زۆنی یەکتردا بەڵگەیەکی ڕونە کە هەردوولایان نایانەوێت بەتەنها داهاتە دارایەکان بەشبکەن، بەڵکو دەیانەوێت هەژمونیان لە سنووری یەکتر زیاد بکەن. لە پاڵ ئەم ململانێ قوڵە ناوخۆیانەدا چەن هێزێکی دەرەکیش کارنامەی خۆیان بەسەر هەرێمی کوردستاندا پەرە پێدەدەن.

چاکسازی و لامەرکەزێت بۆ هەرێمی کوردستان

لە ساڵی ۲۰۰٥ بۆ ۲۰۱٤، پرسی سەربەخۆی جوگرافی پرسێکی گرنگ و هەردوو پارتی سیاسی زۆر بە توندی پابەندبوون بە حوکمەتێکی سێنتراڵیەوە کە داهاتە ئابووری و دارایەکانیان لەلایەن حوکمەتی ناوەندی بەغدادەوە بۆ دەهات و گروپێکی تایبەت لە هەردوو حیزبی سیاسی KDP و PUK قۆرغی پارەکانیان دەکرد، لەو قۆناغەدا هەردوو حیزب زۆر دژی ئەوە بوون کە پارە بگەڕێتەوە بۆ پارێزگاکان لە پشت پرۆژەی لامەرکەزێتەوە چونکە هێزی ڤیتۆی مامەڵەکردن بە پارەی هەرێمی کوردستانەوە بە دەست گروپێکی تایبەتی هەردوو حیزبەوە بوو. لە ماوە ۷ ساڵی هەڵپساردنی بوجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن حوکمەتی ناوەندی بەغدادەوە دوای جاڕدانی سەربەخۆی ئابووری لەلایەن نێچیرڤان بارزانیەوە لە پاش هاتنی تەوژمی داعش، هەریەک لە KDP و PUK کەوتنە دابچڕاندنی بەشی خۆیان لە پارەی هەرێمی کوردستان لە ئەنجامی کەمی سەرچاوە ئابووری. هەرچەندە ناردنی بودجە لەلایەن بەغدادەوە بۆ هەرێمی کوردستان دەستی پێکردەوە لە ساڵی ۲۰۱۹ بەڵام دواتر بەهۆی شۆکی ئابووری کرۆنا ڤایرۆسەوە، نرخی نەوت دابەزی و سەرچاوە دارایەکان کەمی کرد و جوڵەی بازاڕی نەوت وەستا و دواتر لە مانگی ٤/۲۰۲۰ دوبارە ناردنی بوجە بۆ هەرێمی کوردستان هەڵپەسێنرایەوە.

دوای ئەوەی لە ساڵی ۲۰۱۹ مەسرور بارزانی هاتە سەر دەسەڵات و بوو بە سەروەک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بانگەشەی پرۆژەی چاکسازی کرد و زۆر بە توندی دژی خەرجی نا-پێویست و زیادەڕۆی وەستایەوە لە خەرجی داهاتی گشتیدا و بانگەشەی گەشەی ئابووری دەسپێکرد، بەڵام لەو کاتەی مەسرور بارزانی بووە بە سەروەک وەزیران ڕەوشی هەرێمی کوردستان خراپتر بووە و کێشەی ناوخۆی هەرێمی کوردستان زۆر زیادی کردوە لە کاتێکدا کە نێچیرڤان بارزانی سەروەک وەزیران بوو، کێشەکان بەم شێوەیە قوڵ نەبوونەوە. پرۆسەی ڕفۆرمی مەسرور بارزانی بەشێکی زۆر لە چاودێران بۆ دژایەتیکردنی نەوەی نوێ PUK سەیردەکەن کە لە ڕێگای ئەم پرۆژەیەوە دەیەوێت کۆی داهاتەکانی سنوورە جیاوازەکان و دەسەڵاتەکان بە سنووری هەولێر و دهۆک و سلێمانی بباتەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران، بۆ نمونە بڕیاری وەزارەتی بازرگانی حوکمەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەڵوەشاندنەوە دەسەڵاتی تۆمارکردن و پاکتاوکردنی کۆمپانیاکان. ئەمە ئاماژەیەکی ڕوون بوو کە مەسرور بارزانی بیر لەچی دەکاتەوە بۆ ئەوە داهاتەکانی سنووری سلێمانی بچنێتەوە، لە هەمانکاتدا KDP دەسەڵاتێکی ڕەهای بەسەر وەزارەتەکانی سامانە سروشتیەکان، وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی دارای و شارەوانێتی کە ئەمەش هێزێکی ڕەهای پێدەدات بۆ جڵەوکردنی داهاتەکانی هەرێمی کوردستان و بەکرێدان و فرۆشتنی موڵەکەکان.

بۆ وەڵامدانەوەی ئەم هەڵپەخوازیانەی مەسرور بارزانی کە دەیەوێت دەسەڵاتی PUK لە ڕووی هێز و دارایەوە قەتیز بکات، نەوەی نوێ PUK بە ڕابەرەیاتی هەردوو هاوسەروەک لاور جەنگی و پاڤێڵ تاڵەبانی پرۆژەی “لامەرکەزێت” جاڕدەدەن بۆ ئەوەی دەستی مەسرور بارزانی لەم پاڵەوانێتیدا پشکێنەوە و هێزی ئیداری و دارای ئەنجومەنی وەزیران لاواز بکەن لە پشت بانگەشەکانی لامەرکەزێتەوە کە کۆتای بە پرۆژەی مەسرور بارزانی دەهێنێت لەسەر دەسەڵات. کەواتە ناکۆکیکە لەنێوان هەردوو پرۆژەی ئەنجومەنی وەزیران و لامەرکەزێتە کە یەکێک لەم پرۆژانە ئەوتریان قوت دەدات. لە مانگی ١/٢٠٢٠، PUK جاڕی پرۆژەکەی دا و وتی لە ڕێگای ئەم پرۆژەیەوە دەمەوێت هێز لە ناوەندەوە هەڵوەشێنمەوە و بیگوازمەوە بۆ سەروەک ئیدارەی شارەکان و پارێزگاکان کە نمونەی حوکمەتی میسالی و دیموکراسیە دواتر داهاتە دارایەکانی نەوت و نا-نەوت پێشکەشیان کرێت لە بری ئەوەی لەلایەن مەرکەزێتەوە بۆیان بێت.

لامەرکەزێت بووە بە خاڵی سەرنجی پەیوەندیەکانی KDP و PUK. کە سەرەداوی ئەم پرۆژەیە چەندین شاندی بیانی هێنایە هەرێمی کوردستان بۆ قسەکردن لەسەر لامەرکەزێت لەگەڵ PUK. لاور جەنگی بەم دوایە جەختی لەوە کردەوە پرۆژەی لامەرکەزێت بەشێک دەبێت لە ڕەشنووسی دەستوور و دەبێت لە دەستوور جێ بکرێتەوە لە ئەگەری بەردەوامبوونی حوکمەتی هاوبەش. تەنانەت یەکێک لە ئەندامانی PUK دەڵێت لامەرکەزێت کاری لەپێشینە حیزبەکەیەتی و ئەنجامی دەدات لە ئەگەری مانەوە PUK لە حوکمەتی هاوبەش. KDP زۆر نیگەرانە و لامەرکەزێت بە هەڵوەشاندنەوە قەوارەی هەرێمی کوردستان وەسفدەکات و PUK و بەشێک لە چاودێرانی هەرێم و بەغداد باس لەوە دەکەن مانەوە هەرێمی کوردستان لەژێر مەرکەزێتێکی توند واتا زاڵبوونی هەژموونی تورکیا لە ناوچەکدا. بۆ ئەم مەبەستەش لەسەر داوای نێچیرڤان بارزانی سەروەکی هەرێم بانگێشتی پاڤێڵ تاڵەبانی هاوسەروەک کرا و لەوێدا پاڤێڵ بە نێچیر وتووە کە” لە ئەگەری بەدی نەهاتنی خواستی حیزبەکەی و بەرژەوەندیەکانی خەڵکی لە چوارچێوەی دەستوور و حوکمەتی هاوبەش، ئەوا حیزبکەی لە دەسەڵات دەکشێتەوە”. هەر بۆ ئەم مەبەستەش بەرهەم ساڵح بەخێرای خۆی گەیاندە لای سەرکردایەتی KDP بۆ چاکردنەوە درزی پەیوەندیەکانی هەردوو حیزب. تەنانەت قوباد تاڵەبانی سەرباری ئەو پەیوەندیە باشانەی کە لەگەڵ KDP هەیەتی دەڵێت “بەزووی هەوڵی گواستنەوە دەسەڵات لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە بۆ پارێزگاکان دەدەین” کە ئەمەش واتای لامەرکەزێتە کە KDP دژیەتی.

چەسپاندنی کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان و کارکردن لەنێو سنووری یەکتر

هەریەک لە KDP و PUK سنووری دەسەڵاتی یەکتر دەزانن بەباشی و دەزانن هێز و جوڵەیان چەندە لەنێو هەرێمی کوردستاندا. KDP خۆی بە خاوەن حوکمەتی هەرێمی کوردستان دەزانێت و نایەوێت ئیدارەی سلێمانی و گەرمیان لەژێر کۆنترۆڵی دەرچێت بەڵام بە هیچ شێوەیەکش ئامادە نیە هاوشێوەی ئیدارەی هەولێر و دهۆک خزمەتگوزاری تێدا ئەنجام بدات. بۆیە لێرەدا لامەرکەزێت لە بەرژەوەندی KDP نیە و بە دۆڕانی سیاسەتی خۆی دەزانێت و بە پلانی دوو-ئیدارەی سەیری دەکات و ڕوماڵی دەکات لە میدیاکانیەوە. بەڵام بەرژەوەندی PUK لەوەدایە لە ئەگەری نەسازانن لەگەڵ KDP لەچوارچێوەی حوکمەتی هاوبەش ئەوا دەست بۆ ئەم بژاردە ببات بۆ ئەوەی بتوانێت خۆی لە پاشکۆی مەرکەزێتی پرۆژەی KDP ڕزگاربکات و چیتر ئازادبێت لە مامەڵەکردن بە دەسەڵات و دارای سنوورەکەی خۆیەوە. بۆ ئەم مەبەستەش هەریەک لە KDP و PUK بە قوڵی لەڕووی دەزگای و ئاسایشەوە هەوڵدەدەن بۆ کارکردن لەسەر کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵایەتی سنووری خۆیان بۆ ئەوەی لە پرۆژە هەڵسانەوە بەرامبەرەکەی پارێزراوبێت.

گەورەترین مەترسێکانی بەردەم PUK لە پێس بەستنی کۆنگرە بریتیبوو لە “نەبوونی فرمان و دیسپلینی ناوخۆی” لەنێو حیزبکەی، بەڵام دوای سەرکەوتنی کۆنگرە گۆڕانی گەورە لە ڕووی فرمان و دیسپلینەوە ڕویداوە لە ڕەهەندێکی سیکوریتیەوە هەردوو هاوسەروەک کاریان لەسەر دیسپلین و تەنزیم و ئۆردەر کردوە. پێش کۆنگرە، گەورەترین بەکارێدانی موڵک و بە هەدەردانی سامان و خەرجی زیادە هەبوو لەنێو ڕێخراوەکەدا لەلایەن سەرکردایەتیەکانی پێشوە کە دواتر ڕاپێچی خانەیەکی تازە کران بۆ دیاریکردنی پەرژەوەندیە باڵاکانی حیزب و دەسەڵات و داراییان قەتیزکرا. هەردوو هاوسەروەک لەگەڵ دەست بەکاربوونیان دەستیان دایە جاڕدانی پرۆژەی “شەڕ دژی گەندەڵی” دەسەڵاتیان لە ئیدارەی گشتی-مەکتەب سیاسیەوە گواستەوە بۆ ئیدارەی گشتی-سەرکردایەتی و هاوسەروەکایەتی. لە ئێستادا جەستە نوێیە دارایەکەی PUK بە کارامەی و سیستەمەوە کارەکانیان ڕادەپەڕێنن بە چاودێری هاوسەروەکەکان و بە ڕوبەڕبوونەوە ئەو سەرکردایەتیانەی کە بۆ بەرژەوەندی خۆیان کاردەکەن، کە هێشتا ئەم کێشە بنبڕ نەبووە.

ئیدارەی گشتی یەکێتی نوێ واتا بە ستافە نوێکەیەوە، کارنامەی نوێ خستۆتە کار و دەیەوێت پشک و حسەی زیاتری ببات لە پێناو کەمکردنەوە گەندەڵی لە کۆی خەرجی ئیدارەی گشتی و کۆی گشتی پرۆژەکانی، چونکە بەرپرسە نوێکان دەیانەوێت پشکی زیاتر وەرگرن لە پێناو زیادکردنی توانا ئابروویەکانی دارای گشتی بە مۆدێلی نوێ. باشترین نمونەش مانگرتنی کرێکارانی گواستنەوە نەوت بوو کە ئیدارەی گشتی نوێ گرەوی بەڵێندەرایەتیەکەی بردەوە لە ڕوبەری گەرمیان کە ئەمەش ئاماژەیەکی ڕونە کە ئیدارەی گشتی نوێ دەیانەوێت دەستی سەرجەم بزنسە ناوخۆیەکانیان بەدەستەوە بێت. هاوسەروەکەکان دەیانەوێت کار لەسەر کۆترۆڵکردنی زیاتری بزنسە ناوخۆیەکان بکەن بۆ ئەوەی ڕێگری لەوە بکەن دارای زیادە خەرجی و گەندەڵی تێدا نەکرێت بۆ ئەم مەبەستەش دەسەڵاتێکی فراوانیان داوە بە ئیدارەی گشتی نوێ بۆ ئەوەی داهاتەکان بە مێسۆدی نوێ شەفاش بچنێتەوە بە دوور لە هەژموونی شەخس.

لە کاتێکدا PUK هەوڵی ڕێخستنی ماڵی خۆی دەدات لە ژێر دیسپلینی نوێ، KDP لەگەڵ کێشەی نوێ یەخانگیر دەبێت، وەک تەقینەوە خۆپیشاندان بەهۆی قەدەغی هاتوچۆ و پەلاماری و زیاکردنی بنکەی سەربازی تورکیا و موچە بڕین و کەمکردنەوە و شەڕی پەکەکە و تێکچوونی ئاسایشی هەولێر بەهۆی موشەکەکانی حەشدی شەعبی. مەسرور بارزانی لەژێر نیگەرانی گەورەدایە بەهۆی ئەم پرسانەوە. بۆیە مەسرور بارزانی هەموو شتێکی هێناوەتەوە ژێر چەمکی دەزگای هەواڵگیری و ئاسایشی لە پێناو پاراستنی پرۆژە و بەرنامە نوێکانی. بۆ نمونە لادانی فەرهاد ئەتروشی و هێنانی عەلی تەتەر بۆ سەر پۆستی پارێزگای دهۆک کە مەبەستێکی ئاسایشی لە پشتەوە بوو. مەسرور بارزانی دەیەوێت کۆی گشتی پۆستە ئیداریەکان بداتت بە بەرپرسی دەزگای و ئاسایشی نزیک لە ئۆفیسەکەی خۆی بۆ ئەوەی پرۆژەکانی لەپشت دڵسۆزی و ئاسایشەوە سەربگرێت. لە ئێستادا گەورەترین کێشەی گشتی و مەدەنی بەسەردا ساغبوتەوە ئەویش دەستگیکردنی پۆلێک لە ڕۆژنامەنوس بوو لە بادینان لەژێر پاساوی سیخوڕی و پاراستنی ئاسایشی نەتەوەی، کە پێگەی مەسرور بارزانی لەلای میدیا جیهانیەکان دابەزی و ئەم جوڵەی بە دیکتاتۆری وەسفکرا.

سەرباری ئەم هەموو ناکۆکیەی نێوانیان کۆمەڵێک جوڵەی هاوبەش لەنێوان هەردوو حیزب هەیە ئەویش بۆ هێشتنەوە پەتی پەیوەندیکانیانە. بۆ نمونە مەسرور بارزانی پرۆژەی نوێ لە سلێمانی جاڕدا کە ئەمەش بۆ ڕازیکردنی سەرکردایەتی نوێ یەکێتی بوو کە سلێمانی پشتگوێ نەخراوە و هیچ کاتێک بە خەیاڵی سنوورەکانی شەڕی ناوخۆوە بیرناکەینەوە، یان مەسرور بارزانی تەنها سەروەک وەزیرانێکی شارچێتیخواز نیە تەنها خزمەتی ئیدارەی هەولێر و دهۆک بکات، بەڵام ئەم جۆرە جوڵانە هیچی لێ سەوز نابێت لە ئاشتەوایدا. KDP دەیەوێت گۆڕان ببوژێنێتەوە و دووبارە ڕکابەری PUK لە سنووری خۆی پێ بکات و ئەجێندای میدیای بۆ داڕێژێتەوە و دەست بکات بە هێرشکردنە سەر PUK بەڵام هەر زوو بەخێرای PUK و گۆڕان هاوپەیمانێتی کوردستانیان بۆ ئەم هەڵبژاردنە دروست کرد و کۆمەڵێک میراتی مێژوویشیان هەڵدایەوە و کە بۆنی یەگرتنەوە لێ دەهات، چونکە بزوتنەوە گۆڕان لە کۆتای تەمەنی خۆیدایە و ئەندامەکانی بەردەوام دەست لەکار دەکشێنەوە و خۆیان ڕادەستی KDP و PUK دەکەنەوە. لەسەر و بەندی ڕێکەوتنە سیاسیەکەی نێوان PUK و گۆڕان، عەبدوڵای کوێخا موبارەک کە سەرکردایەتی گروپێک میلیشیای چەکدار دەکات جاڕدانی چوونە نێو KDP ڕاگەیاند و هێمن هەورامی جێگری سەروەکی پەڕلەمانیش بۆ دژایەتیکردنی لاور جەنگی لە هۆڵی پەڕلەمان پێشوازی لێکرد.

لە ئێستادا سەروەکایەتی PUK ستراتیژیەکی نێویان لەژێر دەسەڵاتی KDP جاڕداوە بەتایبەت لە ناوچەی بادینان و سۆران. کەمونەوە دەسەڵاتی KDP لەم ناوچەنەدا بەهۆی ئامادەی PKK و پێوانەی ئاسایشیەکانی KDP بۆ ناوچە، هەژار و بێکاریەکی زۆر بڵاوبوتەوە و ئەمەش دەرفەتی بەخشیە PUK بۆ ئیدارەدانی ئەم ناوچانە. بەهۆی ئەجێندای هاوبەشی KDP و تورکیا، KDP ناتوانێت بەر بەهێرشەکانی تورکیا بگرێت و ناشتوانێت دانیشتوانی ئەم سنورانە ڕازی بکات بۆیە ئەمە دەرفەتی بە PUK بەخشیوە کە کار لەسەر خاوەن هۆز و عەشرەتەکان بکات. بۆیە هەردوو عەشرەتی برادۆست و هەرکی کە دوو گەورەترین عەشرەتی هەرێمی کوردستانن بەهۆی بێدەنگی KDP لە نەپاراستنی هاوڵاتیانی ئەم ناوچەیە لە سوپای تورکیا، سەلام کەریم خان سەروەکی عەشرەتی برادۆست بوون بە PUKی بوونی خۆی ڕاگەیاند و براکەی فەیسەڵ خۆی بۆ ئەندام پەڕلەمانی عێراق پاڵاوتووە لەسەر لیستی PUK. ئاغا جەوهەر هەرکیش کە ئێستا خاوەن هۆزی هەرکیە پەیوەندیەکانی زۆر توند کردوە لەگەڵ PUK لەڕێگا دامەزراندنی کۆمیتەیەکی نوێ لەو دەڤەرە.
ئەم جۆرە ململانیانە، هەردوو حیزبی بردۆتە ئاستی جەنگێکی وشییەوە. ئەم ماوەیەدا PUK دەزگای پاراستنی KDP تۆمەتبارکرد بەوەی کە ئاغا جەوهەر و کوڕەکەی بە ژەهراوی کردن تۆمەتبارکرد لە پای ئەو چوونە لای PUKیە. تەنانەت چەکدارانی عەشەرەتەکە ئاغا جەوهەر چوونە پەلامارێکی سەربازیەوە لەگەڵ هێزەکانی ئاسایشی KDP. بەهۆی کەمی ڕۆڵی KDP لە ڕاوەستاندنی تورکیا لە لەشکرە سەربازیەکانی و یارمەتیدانی تورکیا لە شەڕی پەکەکە بەشێکی زۆر لە خاوەن عەشرەتەکانی ئەو دەڤەرانە مەیلیان بۆ PUK دروست کردوە و PUK مەیلی لە هەڵکشانی هەژموونی خۆی هەیە لەو دەڤەرانەدا. نمونەش جوڵە نوێکانی لە زێنێ و وەرتێ لە ڕێگای خانەکانی ئاسایشەوە.

بوجەی بەغداد و داهاتەکانی هەرێم، هیوایەک بۆ ئاشتەوای

وەستاندنی بەشە بوجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن حوکمەتی ناوەندی عێراق، بووە هۆی دەرکەوتنی سیراعێکی نوێ لەنێوان KDP و PUK کە یەک لە دوای یەک شاندیان دەنارد بۆ ئەوەی بتوانن بەشە بوجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ۲۰۲۱ بگەڕێنەوە و لەلای خەڵکی هەرێمی کوردستان وەک حیزبی ڕێز لیگراوی بەغداد خۆیان نمایش بکەن. دەرئەنجام ئەوە سەرکەوتنێک بوو بۆ هەردوو پارتی سیاسی بەتایبەت PUK کە پەیوەندیکانی لەگەڵ بەغداد زۆر باشە و توانی لەسەر دەستی شاندەکەی PUK بودجە بگەڕێتەوە هەرێمی کوردستان بە هاوکاری لۆبیەکانی KDP لەلای پارتە سیاسیکەی سەدر و لە پاش ڕازیبوون بە مەرجەکانی بەغداد. هەرچەندە مەسرور بارزانی ناکۆکیەکی زۆری لەگەڵ پارتە سیاسیەکانی بەغداد هەیە، و دژی پرۆژەکانی PUK بوو بۆ گەڕانەوە بۆ بەغداد، بەڵام دواتر لە ڕێگای لێدوانێکەوە ڕایگەیاند ” گەڕانەوە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان نەفەسێکی باش دەدات بە ئابووری هەرێمی کوردستان و بلۆکی کوردی بەهێزتر دەکات”.

ناردنی بەشە بودجەی ساڵی ۲۰۱٤، بووە هۆی کەمبوونەوەی سیراعی هەردوو پارتی سیاسی، بەڵام ناردنی بەشە بودجەی ساڵی ۲۰۲۱ وا چاوەڕوان ناکرێت کە ببێتە هۆی دەکشانەوەی سیراعی نێوانن هەردوو پارتی سیاسی هەرێمی کوردستان. بەشە بودجە بە کەمی یان بە تەواوی بنێردرێت قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان لە بەردەوام بووندایە. چی لە ڕووی قەرزی کۆمپانیا دەرەکیکانەوە و چی لە ڕووی کورتهێنانی بودجەوە و موچەی هاوڵاتی و بونیادنانی ئەو پرۆژانەی کە جێ هێشتووە و بەڵێنی ئەنجامدانی داوە. هەروەها، لەکاتێکدا داهاتەکانی هەناردەی نەوت لەوانەیە یارمەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بدات قەرزەکان بداتەوە بە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت (IOCs) بەڵام پێناچێت تێچوونی زیادەی ژێرخانی هەناردەی نەوت دابین بکات و پابەندبێت بە فرۆشتنی نەوت، چونکە حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی کرێی زیادە دەبێتەوە بۆ هەناردەکردن بۆ تورکیا و بەم شێوەیە داهاتی کەمتری نەوت وەردەگرێت. هەرێمی کوردستان بەهۆی جوڵە نا-تەندروستیەکانی ڕابردویەوە بە تایبەتی جاڕدانی ئابووری سەربەخۆ لەسەر دەستی نێچیرڤان بارزانی، ناتوانێت لە ئێستادا کۆتای بە لێبڕینی موچەی ٪٢١ بهێنێت و قەرزەکان و خەرجی گشتی و موچەی هاوڵاتی و خانەنشین بەیەک جار لەگەڵ ناردی هەر بەشە بودجەیە دابین بکات چونکە ۲۷ ملیار دۆلار قەرزێکی زۆرە لەسەر هەرێم.

کێشە یەک لەدوای یەکە ئابووریەکان، سیراع و ناکۆکی هەردوو حیزب زیاتر دەکات و هەرکیان ئەویتریان تۆمەتر باردەکەن بە کێشە ئابووریە ناوخۆیەکان. بەڵام زۆرینەی جومگە هەستیار گرنگەکانی حوکمەت هەیە لەژێر دەستی KDP و ئەو بەرپرسە لە ڕودانی هەر کەموو کوڕیەک ڕودەدات لە هەرێمی کوردستان. خەڵکی لە ئێستادا بەهۆی بێ-هیوایەوە سەرقاڵی بەراوردکردنی قوالێتی ژیان و دەرکەوتەی سیمای شارستانی ئیدارەی سلێمانی و هەولێرن. دەڵێن بۆچی هەولێر براوەتە ئاستێکی تر و کەچی سلێمانی پەراوێز خراوە. مەسرور بارزانی وا بیردەکاتەوە کە پێویستە کۆمپانیاکانی سلێمانی و بودجەی PUK خزمەتی ئیدارەی سلێمانی دەوربەری بکات، بەڵام PUK دەڵێت خۆ سلێمانی بەشێکە لە هەرێمی کوردستان و نێچیرڤان بارزانی تەنها خزمەتی ئیدارەکانی هەولێر و دهۆک دەکات. هەردوو حیزب سیاسی نیگەرانن لەم ڕەوشەی هەرێمی کوردستان و دەزانن زوبێت یان درەنگ ڕوبەڕووی شەپۆلێکی ناڕەزای گەورە دەبنەوە هەروەک لە ڕابردودا تەواوی ئیدارەکانی هەرێمی کوردستانی گرتۆتەوە دژ بە خراپی حوکمڕانی و گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری و موچە.

ناچاکردنی هەرێمی کوردستان بە ناردنی بەشە بودجە نا-نەوتیەکانی بۆ بەغداد، وا لە هەرێمی کوردستان دەکات پرۆژەی دژە-گەندەڵی بۆ خاڵە سنووریەکان جاڕبدات و ڕێگری لە کردنی قاچاخچێتی بکات. بەڵام دووبارە ئەمەش کێشە بۆ هەردوو حیزب کە هەردوو حیزب یەکتری تاوانبار دەکەن کە هیچ لایەنێکیان ئامادە نیە داهاتی خاڵە سنووریەکانی بەشێوەیەکی شەفاف ئاشکرا بکات و پارتیسیانی و مەیلی حیزبیاتی ڕێگە نادات کە کارمەندانی ئەو خاڵە سنوورانە داتای ڕاستی بدەنە دەستەوە. بەگوێرەی مەزندەی ساڵی ۲۰۲۰ داهاتی خاڵە سنووریەکان ٪١٦ کۆی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان پێک دێنێت. بەگوێرەی PUK حوکمەت هەرێمی کوردستان بەهۆی ئەوەی لەلایەن KDP بەڕێوەدەبرێت، ئەو فرمانانەی دەری دەکات دژ بە PUK یە و کاتێک باسی دەرخستنی داهاتی خاڵە سنووریەکان دەکات تەنها پێوانەکانی خۆی دژ بە پەروێزخان و باشماخ بەکاردێنیت کە دەکەونە زۆنی PUK بەڵام بە هیچ شێوەیەک پێوانە توندەکان بۆ ئیبرایم خەلیل و فیشخاپور بەکارناهێنێت و ئەمەش شەفافیەتی لیژنەکانی مەسرور بارزانی دەخاتە چوارچێوەی شارچێتی و دژە PUK یەوە نەک دژە-گەندەڵی سەرتاسەری.

دوای ئەوەی هەریەک لە عەلی حەمە ساڵح و دابان محمەدی پەرلەمانتار دەنگۆی گەندەڵیان بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند کە مانگانە ۱۷۰ ملیار دۆلار زیان لە حوکمەت هەرێم لە مەرزی پەروێزخان و باشماخەماوە دەدرێت بەهۆی قاچاخچێتیەوە. دواتر ڕێواز فایق لەسەر پشکی PUK، حەسانەی لەسەر هەڵگرتن و چونە بەردەم دادگا دوای ئەوەی لەلایەن بەڕێوبەری باشماخەوە ساکڵایان لەسەر تۆمار کرا. ئەم دوو ئەندام پەڕلەمانە دەنگۆی بوون بە لایەنگری KDP یان بڵاوبوتەوە و بەگوێرەی دەنگۆکان بەشێکن لە پرۆژەکەی مەسرور بارزانی بۆ دژایەتیکردنی PUK و هەڵماڵینی داهاتەکانیان. بەڵام هەمان چالاکی هەڵماڵینی گەندەڵی ناتوانن لە سنووری KDP ئەنجام بدەن. دواتر مەسرور بارزانی بۆ بەئەنجامگەیاندنی پرۆژەکانی دژە PUK هێزێکی لە پۆلیس و پێشمەرگە دروستکرد بۆ ئەوەی بتوانن چاودێری و پۆلێسیەتی سنوورەکان بکەن بەڵام بەهۆی لایەنگری وەزیرەکان بۆ هەریەک لە KDP و PUK جوڵەکە بە ئفلیجی مایەوە.

لە کۆتیادا، لەگەڵ گەشەسەندنی هەناردەی داهاتەکانی نەوت و گاز، KDP دەبێتە بە خاوەن قازانجی یەکەم چونکە زۆرینەی بیرە نەوتەکان لە سنووری KDP و کۆمپانیا بیانێکانیش مامەڵەکانیان لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتیەکانە کە پشکی KDP لە حوکمەتی هاوبەش و PUK بە خاوەن قازانجێکی کەم دادەنرێت لەم هەناردەکاریانە. نەوت هەرێمی کوردستان لەژێر جوگرافیای KDP ڕەوانەی تورکیا دەکرێت، هەر بۆیە نێچیرڤان بارزانی سەربەخۆی ئابووری جاڕدا لە ۲۰۱٤ و مەسعود بارزانییش ڕیفراندۆم لە ۲۰۱۷، وەک بەشێک لە سەربەخۆی بەپشت بەستن بەوەی KDP دەتوانێت مادە خاوەکانی خۆی بە هاوکاری دۆستەکەی، تورکیا ساغبکاتەوە. دواتر ئەمە وەک خراپترین جوڵە شکایەوە بۆ هەرێمی کوردستان و زیانی زۆر بەر قەوارەی هەرێمی کوردستان کەوت. تەنانەت بەشێک لە چاودێران باسیان لەوە دەکرد ڕیفاندۆم بۆ ئەوە کرا کە هەرێمی کوردستان ببێتە هەرێمی تورکی.

دەرئەنجام، جوڵەکان و هاوکێشە سیاسیەکان و سیگناڵەکان گەشتوون بە “دێد-لۆک- کۆسپ” کە هیچ زانستێکی چارەسەرکردنی ناکۆکی توانای باشتکردنی پەیوەندیەکانی ئەم دوو ڕێخراوە سیاسی نیە کە بوون بە دوو ڕکابەری گەورەی یەکتر و هەرکیان پرۆژەی خۆیان لە بچوکترین ئاستەوە بۆ گەورەترین هەیە بۆ هەرێمی کوردستان و دەیانەوێت پرۆژەکانیان بەبێ ڕاوێژی ئەوتریان بێت. هەرێمی کوردستان چیتر گەشتۆتە مەترسیدارترین قۆناغی مانەوە خۆی کە سەرەداوەکانی هەڵوەشاندنەوە نزیکبووتەوە و تەنانەت مەترسی شەڕی ناوخۆی لێدەکرێت بەهۆی ئەو سیراعەی هەیانە بۆ سەرچاوە ئابووریەکان. ناکۆکی لەڕێگایە بۆ یەخەگرتنی هەردوو حیزب، چونکە کارڵ مارکسی باوکی زانستی ناکۆکی یان کۆنفڵێکت ئەوە دەسەلمێنێت و دەڵێت “کەمبونەوەی سەرچاوە ئابووریەکان دەبێتە هۆی پێکدادانی گروپەکان”. کاتێک موفاوەزات نامێنێت لەنێوان هەردوولا و ناشتوانن پێکەوە بمێنەوە لە چوارچێوەی حوکمەتی هاوبەش، بێگومان ئەوەی کە زاڵدەبێت هەڵوەشاندنەوە و ناکۆکیە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا