تەڵاقی بێعەقڵی

كاتێ كوڕەكان ئەگرن، ئەمە ستەمكارییە. بەڵام كاتێ كەسوكاریان ئەگرن، ئەمە لە ستەمییش لای داوەو تۆزێ ئەولاتریشە. یان با تۆزێ خاترتان بگرین. كاتێ كوڕەكان ئەگرن، هەمووی خەتای ئێوە نیەو بەشێكی خەتای كوڕەكانیشە. چونكە ئەگەرچی داواكان گشتی و ڕەوان، بەڵام بڕێك ئەجندای حیزبی و كەرەستەی ململانێشی تێدایە. كە ئەمەش دیسان هەر ڕەوایە، بەڵام عەقڵی بچوكی نادیموكرات بۆی هەزم ناكرێ. وەلێ كاتێ كەسوكاریان ئەگرن، ئیتر لەوێدا ستەمكاریی پڕئەبێ و هەرهەمووی بە كاملیی خەتای ئێوەیە. چونكە ئەم كەسانەی دووەم، هیچ داوایەكی سیاسی و گشتییان نیەو هیچ ڕەگەزێكی ململانێش لەگۆڕێدا نیە. ئەوەی كە هەیە، تەنیا مناڵێكە باوكی ئەوێ و تەنیا خوشكێكە براكەی ئەوێ و تەنیا ژنێكە داوای مێردەكەی ئەكات.

وەڵامی قەیران و ناڕەزایی، تەنیا چاكسازییەو چاكسازییش ڕیشەییەكەی نا. چونكە كە وتمان ڕیشەیی، ئیتر شتەكە ئەبێ لەسەر ئێوە جێبەجێ بكرێ، نەكئەوەی ئێوە خۆتان كارەكە بكەن. یەعنی مەبەستم لە چاكسازییەك كە ئێوە بیكەن، تەنیا دوو شتە: یەكەم هەر ئەونەی كە خراپتری نەكەن و گەندەڵی لەم ئاستەی ئێستادا بوەستێت. دووەمیش هەر تۆزێ پاشەكشێ ی پێبكەن، زۆر نا!

داواكارییەكەش بۆیە هەر ئەونەیەو زیاتر نیە، چونكە هەم هێزی ناڕەزایی، بایی گۆڕانكارییەكی گەورەنیەو لەوە زیاتری پێناكرێ. هەم دەسەڵاتێكی فاسدو ستەمكاریش لەوە زیاتری لێ چاوەڕوان ناكرێ. ئەو تۆزە داوایەش هەر بۆئەوەیە كە باجی قەیرانەكە، هەمووی خەڵك نەیداو بەشێكیشی لەسەر شانی خودی ستەمكاریی بێت.

وەلێ ئەم قسانە هیچ سودێكی نیەو گوێیەكیش نیە بیبیستێ. چونكە فەسادی ئێمە، لەو جۆرەیە كە هۆشیار نیە بە خۆی. ئاخر فەساد، لەوپەڕی بێعەقڵی خۆیدا، هێشتا بایی ئەونە عەقڵی هەیە، كە لەپێناو مانەوەدا شتانێك بكات. بەڵام فەسادی ئێمە ئینتیحارییەو ئەوەشی نیە! ئەمەش خراپترین جۆری فەسادە، چونكە لێرەدا فەساد، بەتەنیا خۆی ناكوژێ، بەڵكو هەموو شتێك بەخۆیەوە ئەكوژێ.

فەساد بەگشتی خراپە. بەڵام فەسادی هۆشیار بە خۆی، بڕێك ئەهوەنترە. مەسەلەن فەسادی خلیج، هۆشیارە بە خودی فەساد، بۆیە لەپێناو مانەوەی خۆی، مێگەلەكەی بە باشی ئەلەوەڕێنێ و ئەخافڵێنێ.. بەڵام فەسادی ئێمە، هۆشیارنیە بە خودی فەساد. بۆیە لەدزیدا، تەنانەت ئەوەش ئەدزێ، كە بۆ مانەوەی خۆی پێویستە!

هەڵبەتە كە ئەشڵێم، هۆشیارنیە بە خۆی. لەڕاستیدا مەبەستم لێزانییە نەك (هۆشیاریی). یەعنی ئەمانە خەریكی ئیشێكن كە تەنانەت لە ئیشەكەی خۆشیان نازانن. چونكە لێزانییەكەی فەساد، ئەكاتە فەسادی رێژەیی و سنوردار، نەك فەسادی پڕو ڕەهاو ئەوپەڕی!

جا نەك هەر ستەمكارەكەی سەرەوە، بەڵكو مێگەلەكەی خوارەش لە ئیشەكەی خۆی نازانێت. چونكە مێگەلایەتیش، یەعنی ئازادی بەرامبەر لەوەڕ، نەك ئەوەی شتەكە خۆبەخشی و بێبەرامبەر بێت!

بەڵێ لەو هۆشیارییەی سەرەوە، مەبەستم لێزانییە نەك هۆشیاریی. چونكە ئەوەی كە هۆشیاربێ بە ستەمكاریی، ئیتر ناتوانێ ستەمكاربێت. ئاخر خودی هۆشیاریی، خۆی لەخۆیدا، ستەمكاری ڕەفزو نەفی ئەكاتەوە. ئەوەشی هۆشیاربێتەوە بە مێگەل، هەر ئەوە هۆشیاربوونەوەشیەتی بە ئازادی و ئیتر مرۆڤەو ناتوانێ مەڕوماڵات بێت!

هەڵبەتە لە وجودی ستەمكارییدا، بوونی مێگەل شتێكی غەریب نیەو ئاساییە. چونكە مێگەل و ستەمكاریی دووانەی یەكن و ستەمكارییەك نیە، بێ مێگەل و مێگەلێك نیە، بێ ستەمكاریی و هەردوكیان “هێزو بوون” لە یەكتری وەرئەگرن. بەڵام ئەوەی كە نائاسایی و غەریبە، ئەوەیە كە ستەمكارییەك هەبێ، بێباكبێ لە مێگەلەكەی! لەكاتێكا سروشتی ستەمكاریی وایە، كە زۆر خەمی مێگەلیەتی، چونكە دەسەڵاتەكەی لەسەر ئەوە ڕاوەستاوە. لەوە سەیرتر مێگەلێكە، كە كێشەی نیە لەگەڵ ئەو بێباكییەی خاوەنەكەیدا! لەكاتێدا سروشتی مێگەلایەتی ئەوەیە كە، لانیكەم لەڕووی مادییەوە تێربێ، موقابیلی ئەو شتانەی لەڕووی مەعنەوییەوە لێ ی وەرگیراوە.

ئەو بێباكییەی دەسەڵاتیش پێمانئەڵێ، ستەمكاریی ئێمە، چیتر لەوە دەرچووە، كە لەسەر “پایەی ناوخۆیی مێگەل” وەستابێت. بەڵكو لەئێستادا تەنیا لەسەر پایەی دەرەكی و كلكایەتی ئیقلیمی وەستاوەو هیچی تر. بێباكییەكەی خوارەوەش دوو لایەنە. بەشێكی هۆشیارییە بەو هاوكێشە دەرەكییەو زانینی ئەوەیە كە لە وجودی ئەو هاوكێشەیەدا، ململانێ ی ناوەوە خراپتری ئەكا، باشتری ناكات. بەشێكیشی جەهلی مێگەلەكەیە بە مێگەل، هاوشێوەی جەهلەكەی ستەمكاریی بە ستەمكاریی. ئاخر ئەگەر مێگەڵ هۆشیاربێ بە خۆی، ئەزانێت كە مێگەلایەتی بێبەرامبەر نیە!

ئەو جەهلە دوو سەرەیەش، یەعنی ئەوەی ئێمە، تەنانەت ستەمكارییش نیەو هەر چەتەییەكی ڕووت و قووتە. چونكە ستەمكارییش بە مانا سیاسییەكەی، سیستەمەو بڕێك ئوسوڵی خۆی هەیە. وە ئەوەی ئێمە تەنانەت مێگەلیش نیەو هەر تۆپەڵە خەڵكێكی ڕووت و قووتە. چونكە تەنانەت مێگەلیش مواسەفات و مەرجی خۆی هەیە.

وەلێ دنیا بە قوڕ نەگیراوەو لەو نێوانەدا، محاوەلاتی فەردیش هەیەو چارەسەریش هەر محاوەلاتی فەردییەو هەر ئەوەیە كە هەركەس خۆی، لە دۆخی مێگەلیی بێتە دەرو بچێتە ناو هۆشیاریی خۆی. هەر بەوە، ستەمكارییشی ڕەتكردۆتەوە. چونكە مێگەل و ستەمكاریی پاكێجێكە.

مەترسیی یەكەمیش بۆسەر قەوارەكە، ناوەكییەو هەر ئەو ستەمكارییەیە، كە تەنانەت لە ستەمكارییش نازانێ و هەر ئەو مێگەلەیە، كە تەنانەت لە مێگەلایەتیش نازانێ. مەترسی دەرەكیش لە هەر چوار لاوە، هەیەو جدیشە. جۆرێكیشە لە گەمژەیی، كە لە كاردانەوەی مەترسییە ناوخۆكەدا، پێتوابێ مەترسییەكی دەرەكی لەئارادا نیە، یان تۆزێ زیاتریش بڕۆیت و پێتوابێ مەترسییە دەرەكییەكە چارەسەرە!

ئەو كاردانەوە قێزەونەی كە لەبەرامبەر ستەمی ناوخۆدا ستەمی دەرەكیی بە چارەسەر ئەزانێ. ئەویش بە هەمان شێوەی دەسەڵاتە فاسدەكە، ئینتیحارییەو وەكچۆن ئەمیان سنوری نیەو هەموو شتێ ئەكاتە قوربانی فەسادەكەی خۆی،، ئەویش سنوری نیەو هەموو شت ئەكاتە قوربانی گرێكەی خۆی. هەردوكیان یەك شتن و هەمان كورتانیان فڕێداوە. ئەمەی دووەمیان نەك شتێكی ترنیە، بەڵكو خراپترین لێكەوتەی ئەوەی یەكەمیانەو ئەگەر یەكەمیان بگوشیت، لە خەستترین ئاستیدا، ئەوەی دووەمیانی لێ ئەچۆڕێتەوە!

بەنەتیجەش ئیتر ئێمە ئەكەوینە نێوان دوو “خودنەفرەتیی”. یەكێكیان دەسەڵاتەكەیە كە بە كردەیی خودنەفرەتیی مومارەسەئەكاو نابووتمان ئەكات. ئەویتریان كاردانەوەكەیەتی كە بە زارەكی و لە زمان و دەربڕیندا خودنەفرەتیی ئەبێژێ و ڕقبوونەوە لە خۆ بەرهەمئەهێنێ. بە هاوكاریی هەردویكیشیان بەرەو نابووتبوونی یەكجارەكیی ئەڕۆین و ئەمەش ئەو مەترسییەیە كە هیچی كەمتر نیە لە مەترسی دوژمن و لەڕاستیشدا هەر ئەوەیە كە دوژمن ئەیەوێ.

ئینجا ئازادی بۆ ئەو كوڕانەو كەسوكاریان. تۆزێ عەقڵیش بۆ ئەو دەسەڵاتە، كە هەر ئەڵێ ی تەڵاقی لەسەر بێعەقڵیی خۆی خواردوە.

پەیكار عوسمان

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا