میسی بڕوات كەتەلۆنیا دەسوتێنن

پۆڵەتیك: سپۆڕت

سەعات 3.00 بەیانییە ڕۆژی چوار شەممەیە ئەوەی خەوتووە ئاگای لە دڵی هاندەرانی بەرشەلۆنە نییە ئەوەی بێ‌ ئاگایە لە هەواڵی شەوی ڕابردووی گۆی زەوی نەبووە بۆیە خەوتووە دونیا خرۆشاوە و هەرێمی كەتەلۆنیا لە باكوری وڵاتی ئیسپانیا بۆتە چەقی جیهانی تۆپی پێ‌ میسی قسەی كرد كێشەكە لەو كاتانە دایە كە میسی قسە دەكات نەك ئەو كاتانەی قاچی قسە دەكات: (من دەڕۆم) دوو وشە پێشگرێك و كردەیەك دەڕۆم.

ڕۆژنامەی marca ی مەدریدی دەنووسێت: میسی بۆمب
ڕۆژنامەی Sport ی كەتەلۆنی: هەموو شتێك دەوەستێت
ڕۆژنامەی aS ی مەدریدی: شۆك میسی و بەرشەلۆنە جیا دەبنەوە
ڕۆژنامەی Mondo Deportivo: میسی ناڕوات هەموانی تر بڕۆن

ئەوانەی سەرەوە تەنها مانشێتی ڕۆژنامەكانی ئیسپانیا بوون كە هەموویان پاش ڕاوێژ و گەڕانێكی زۆر بۆ كورتترین دەستەواژەی زۆرترین مانادار دواجار ئەوەیان نووسیوە كە گوزارشتە لە هەموو شتێك.

لە لایەكی ترەوە لەگەڵ بڵاو بوونەوەی هەواڵەكە هاندەرانی یانەی بەرشەلۆنە ڕژانە سەر شەقامەكان و بەرەو بارەگای یانەكە ڕۆیشتن و هەموو بە یەك دەنگ هاواریان دەكرد:بارتۆمیۆ بڕۆ بارتۆمیۆ بڕۆ.

پاش ئەو كۆبوونەوەیەی جەماری هاندەری یانەكە هەواڵی ئەوە بڵاو كرایەوە كە خۆزێ‌ ماریا بارتۆمیۆی سەرۆك ڕایگەیاندووە كە قسەی لەگەڵ میسی كردووە داوای لێ‌ كردووە بمێنێتەوە لە بەرامبەردا ئەو واز لە پۆستی سەرۆكایەتی یانەكە دەهێنێت.

ئەو هەواڵە تۆزێك دۆخەكەی هێور كردەوە، بەڵام دواتر وتەبێژی تایبەتی سەرۆكی بەرشەلۆنە ئەو هەواڵەی ڕەت كردەوە و ئاشكرای كرد كە سبەینێ‌ سەعات 11.30 ترینكا یاریزانە نوێیەكەی بەرشەلۆنە پێشكەش دەكرێت دەشێت بارتۆمیۆ لەو دیدارەدا قسەیەك بكات لە بارەی كێشەكەی لیۆ میسی كاپتنی یانەكەوە.

دۆخەكە جارێكی تر كڵپەی كردەوە و بڵێسەی ئاگر لە چاوی هاندەرانی بەرشەلۆنەوە سەری هەڵدایەوە لە ئێستادا ڕۆژنامەی aS ی مەدریدی كامێرای لایڤی لە بەردەم بارەگای یانەكەیە هاندەران هاوار دەكەن (میسی تەنها كاپتنی بەرشەلۆنە نییە ئەو سەرۆكی بەرشەلۆنەیە ئەو سەرۆكی كەتەلۆنیایە … میسی بڕوات كەتەلۆنیا دەسوتێنین).

دۆخەكە خەریكە لە دەست بارتۆمیۆ و كومان و هەمووان دەردەچێت هاندەرانی بەرشەلۆنە خۆیان ڕەشمەكەیان گرتۆتە دەست و هاوار بە ناوی میسی دەكەن و داوای مانەوەی دەكەن.

جێی بیرهێنانەوەیە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەواڵی ڕۆیشتنی لیۆ لە بەرشەلۆنە جیهانی تۆپی پێی هەژاند، بەڵام ئەوەی شەوی ڕابردوو ڕوویدا پاش كۆبوونەوەی میسی و كومان ئیدی پڵیتەی تەقاندنەوەی بۆمبەكەی گڕدا و لە ئێستادا هاندەرانی بەرشەلۆنە خەریكن سەرۆكێكی ئەبەدی بۆ خۆیان دادەنێن و دەیكەنە دیكتاتۆرەكەی دڵ و ڕۆحیان بە وێنەی ئەوەی لە ڕابردوودا هاندەرانی یانەی ناپۆلی ئیتاڵی بۆ ئەفسانەی سەدەی بیست و مامۆستا مەزنەكەی میسی دیێگۆ ئەرماندۆ مارادۆنا كردیان كە تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت ئەوان مارادۆنا بە سەروەر و سەركردەی ئەبەدی خۆیان دەزانن.

كەواتە لێرەدا میسی لە سەرو هەموو شتێكەوەیە و هاندەران بڕیاریان ئەوەیە یان میسی یان كەتەلۆنیا و یانەی بەرشەلۆنە دەسوتێنن.

 

دانەر ئەسڵان

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا