پەرلەمانتاران ناچنە ژێر باری فشارەكانی پارتی

پۆڵەتیك پرێس: نازە سەعید
پەرلەمانتارانی كوردستان ناچنە ژێر باری فشارەكانی پارتی دیموكرات، ئەوەش بۆ كشانەوەی ئەو واژووانەیان لەسەر نووسراوی بانگهێشتكردنی سەرۆكی حكومەتی هەرێم كردوویانە بۆ پەرلەمان.

رۆژی یەك شەممە 23ی ئاب، 24 پەرلەمانتار واژوویان لەسەر نووسراوێك كرد، بۆ ئەوەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت بانگهێشتی پەرلەمان بكرێت، بۆ ئەوەی لێپرسینەوەی لێبكرێت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست پۆڵەتیك پرێس كەوتووە، لەدوای ئەو نووسراوەوە، پارتی دیموكرات دەستی بەچەند فشارێك كردووە، بۆ ئەوەی چەند پەرلەمانتارێك واژووەكانیان لەسەر ئەو نووسراوە بكێشنەوە، تا سەرۆكایەتی پەرلەمان، رێكارەكانی بانگهێشتكردنی سەرۆكی حكومەت نەگرێتە بەر.

هەر بەپێی زانیارییەكان، هەموو ئەو پەرلەمانتارانەی واژوویان لەسەر نووسراوەكە كردووە، رەتیانكردووەتەوە، واژووەكانیان بكێشنەوەو جەختیان كردووەتەوە، كە دەبێت سەرۆكی حكومەت‌و جێگرەكەی‌و وەزیری دارایش بانگێشتی پەرلەمان بكرێت.

لەو بارەوە عەبدولستار مەجید، پەرلەمانتاری كوردستان لەفراكسیۆنی كۆمەڵ، بۆ “پۆڵەتیك پرێس” وتی: هیچ كەسێك ناتوانێت فشارمان لێبكات، چونكە ئێمە ئۆپزسیونین مافێكی یاسایی و رێكاریكی شەرعیمان گرتووتەبەر، بۆیە كەس ناتوانێت فشارمان بخاتەسەر بۆ كشانەوەی ئەو واژووانەی كراوە.

عەبدولستار مەجید وتیشی: فشاركردنە سەر پەرلەمانتاران هیچ سودێكی نابێت لەبەر ئەوەی واژووەكان كۆكراوەتەوە، بۆیە حكومەت دەبێت زۆر بە ئاسایی وەریبگرێت و بێتە پەرلەمان‌و لەبەرانبەر پەرلەمانتاران قسەی خۆی بكات بۆ رای گشتی‌و خەڵكی هەرێمی كوردستان.

پەرلەمانتاران دەیانەوێـت لەسەر دۆخی دارایی هەرێم‌و دابەشكردنی موچەی فەرمانبەران بەلێبڕنەوە لەپرسینەوە لەسەرۆكی حكومەت‌و جێگرەكەی‌و وەزیری دارایی بكەن، بەڵام پارتی پێیوایە لەم دۆخەدا نابێت سەرۆكی حكومەت بانگهێشتی پەرلەمان بكرێت.

هاوكات، گۆران عومەر پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان، كە واژووی لەسەر نووسراوەكە كردووە، بۆ “پۆڵەتیك پرێس” وتی: كەس ناتوانێت فشارمان بخاتەسەرو هیچ جۆرە فشارێكیش كاریگەری لەسەر ئێمە نابێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا