پۆڵەتیک پرێس
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی بڵاویکردەوە، لەسنوری ماوەت ئاگرێکی گەورە کەوتووەتەوە کە زیانەکەی بەسوتانی دوو هەزار دۆنم لەپوش و پاوان و داری سروشتی مەزەندە دەکرێت.
بەپێی راگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتییەکە، رۆژی چوارشەممە بەهۆکارێکی نادیار لەشاخی گردەڕەش لەسنوری گوندی بەرگورد ئاگرێکی فراوان کەوتووەتەوە و لەگەڵ بیستنی هەواڵەکە دەستبەجێ مەفرەزەیەکی بەشی پۆلیسی دارستانی ماوەت گەیشتوونەتە شوێنی ئاگرەکە.
ئەوەش باسکراوە، بەهۆی بوونی مین و تەقەمەنی لەشوێنی دیاریکراو ئاستەنگی بۆ کارمەندان دروست بووە و بووەتە رێگر لەبەردەم خێرا کوژاندنەوەی ئاگرەکە، بەڵام پاش هەوڵ و ماندوبوونێکی زۆر دواجار توانراوە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت و بکوژێنرێتەوە.
لەبارەی زەرەر و زیانی ئاگرەکە ئاماژە بەوەکراوە، زیانەکان مەزەندە دەکرێن بەسوتانی دوو هەزار دۆنم لەپوش و پاوان و داری سروشتی، هەروەها نزیکەی 20 دۆنم رەز و باخی هاوڵاتیان زیانیان بەرکەوتووە.