چین بۆ ئەمریکا: دیموکراتی کۆکاکۆلا نییە

پۆڵەتیک پرێس

وەزیری دەرەوەی چین ڕایگەیاند، دیموکراتی کۆکاکۆلا نییە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ناتوانێت وڵاتانی جیهان ناچار بکات هەمان تامی هەبێت کە خۆی دایهێناوە .

وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین لە کۆنگرەیەکدا لەگەڵ نوێنەرانی ئەنجومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، هیچ هێزێک ناتوانێت نکۆڵی لەو ڕێڕەوە بکات کە هێزێکی دیکە لەسەری دەڕوات، هیچ دەوڵەتێکیش سیستەمەکەی خۆی لەبەر بەدڵبوون یان بەدڵنەبوونی دەوڵەتێکی دیکە ناگۆڕێت، لەکۆتاییدا تەنها میللەت دەتوانێت بڕیار لەوە بدات کە سیستەمی هەر دەوڵەتێک ڕاستە یاخود هەڵەیە.

جەختی لەوەش کردەوە، ” ئێمە نمونەی بەڕێوەبردنی بێگانە ناهێنینە وڵاتەکەمان، ئایدۆلۆژیاشمان هەناردەی هیچ وڵاتێک ناکەین، داوا لە هیچ وڵاتێکیش ناکەین شێوازو ڕێوشوێنەکانی بەڕێوەبردنی ئێمە بەکاربهێنێت”

وتیشی: چین سیستەمی دیموکراتی سۆسیالیستی پەیڕەو دەکات، ئەم سیستەمە لەگەڵ گەل و وڵاتی چین گونجاوەو گەلی چینیش ئەمەی قبووڵە و پشتیوانی دەکەن.

ئاماژەی بەوەش کرد، جیهان تەنها  پابەندی بەو ڕێسا و یاسایانەوە قبووڵ ناکات کە چەند دەوڵەتێکی ڕۆژئاوا دایانناوە.

وەزیری دەرەوەی چین ئەمریکای بەوە تۆمەتبار کرد  کە دوو سیاسەتی جیاواز بەرامبەر ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر دەگرێتە بەر و وتی: ئەم شێوازەش لەلای جیهان گومانێک دێنێتە ئاراوە کە ئەمریکا خاوەنی بنەمایەکی ڕوونی کارکردن نییە.

 

 

 

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا