په‌رله‌مانتارێكی یه‌كێتی: حكومه‌تی هه‌رێم پابه‌ند ده‌كه‌ین به‌بێ لێبڕین موچه‌ دابه‌شبكات

پۆڵه‌تیك پرێس
ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان ئەو بڕگانە ئاشكرادەكات، كه‌ بەهۆی پەسەندكردنی یاسای بودجەی عێراق لە پەرلەمانی عێراق، هەرێمی كوردستان سودیان لێ‌وەردەگرێت، جەختیش دەكاتەوە وەكو لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان هەوڵدەدەن لە كاتی گەشتنی پرۆژە یاسای بودجەی هەرێم بە لیژنەكەیان، حكومەتی هەرێم پابەندبكەن بە بێ‌ لێبڕین و لە كاتی خۆی موچە دابەشبكات.

سەركۆ ئازاد، ئەندامی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری لە پەرلەمانی كوردستان بە پۆڵەتیك پرێس-ی راگەیاند:”لەدوای پەسەندكردنی یاسای بودجەی عێراق و پشكی كوردیش لەناو یاساكەدا ئیتر لە مەودوا حكومەتی هەرێم دەتوانێت موچە دابەشكات و پرۆژە خزمەتگوزارییەكانیش بخاتەوەگەڕ”.

ئەو پەرلەمانتارە وتیشی:”بەهۆی جێگیركردنی پشكی هەرێم لە یاسای بودجەی عێراق، سەقامگیری سیاسی و ئابوری روو لە هەرێم دەكات و لە ئەگەری دابەزینی نرخی نەوت و كورتهێنانی بودجە، ئەگەر حكومەتی عێراق قەرزی دەرەكی بكات پێویستە بەشی هەرێمیش لەو قەرزە دەرەكییە بدات، نەك هاوشێوەی یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی بكات و هیچ بڕە پارەیەك لە قەرزی دەرەكی بۆ هەرێم نەنێرێت”.

روونیشیكردەوە، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و عێراقی ئێستا هەرێمی كوردستان بە یاسا مافی فرۆشتی نەوتی هەیە.

ئەندامەكەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان باسی لەوەشكرد، “لە ناو یاسای بودجەی عێراقدا حكومەتی هەرێم پابەندكراوە ئەو پشكەی بۆ هەرێم دێت، سەرەتا موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی لێبدات، لە كاتی گەشتنی پرۆژە یاسای بودجەی هەرێمیش بۆ لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان، هەوڵدەدەین حكومەتی هەرێم پابەندبكەین بە بێ‌ لێبڕین و لە كاتی خۆی موچە دابەش بكات”.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا