یەكێتی تۆپی پێ‌ كۆدەبنەوە یاخود نا ؟؟؟

پۆڵەتیك سپۆڕت

شەوی ڕابردوو سەفین كانەبی سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان لە ئەكاونتی تایبەتی خۆیەوە ڕاستەوخۆیەكی كردەوە تیایدا باسی لە چەند پرسێكی تایبەت بە وەرزشی كوردستان كرد و داوای لە هاوڕێیانی لە یەكێتی تۆپی پێی كوردستان كرد ڕۆژی شەممەی داهاتوو لە هەولێری پایتەخت لە بارەگای فیدراسیۆنی تۆپی پێ‌ ئامادە بن بە مەبەستی كۆبوونەوە و قسە كردن لە سەر چەند پرسێك.

پاش تەواو بوونی ڕاستەوخۆكەی سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێ‌ لە نێوەندی وەرزشی كوردستاندا قسە و باس دەستی پێ‌ كرد سەبارەت بەوەی ڕووی داوە و ئەوەش كە چاوەڕێ‌ دەكرێت ڕوو بدات و كاریگەری لە سەر وەرزشی كوردستان.

سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێ لە لێدوانێكی تایبەتدا ئاشكرای كرد كە ئەو خوازیاری ئامادە بوونی هەموانە لەو كۆبوونەوەیەدا بۆ ئەوەی كۆتایی بە هەموو شتێك بێت و وەرزشی كوردستان ڕووبەڕووی هیچ جۆرە ئاستەنگییەك نەبێتەوە لە بەرامبەردا بەیانی ئەمڕۆ لە چەند پەیجێك و پێگەیەكی ئەلیكترۆنییەوە بڵاو كرایەوە گوایە هادی كەریم جێگری سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان ئاشكرای كردووە كە جارێ‌ نازانن ئاخۆ بەشداری ئەو كۆبوونەوە پێشنیار بۆ كراوە دەكەن یاخود نا.

لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنی تایبەت بە پۆڵەتیك سپۆڕت پرسیاری ئەوەمان ئاراستەی هادی كەریم كرد ئاخۆ ئەندامانی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان لە سەر پشكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە دەنگ داواكەی سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی كوردستانەوە دەچن یاخود نا لە وەڵامدا بەڕێزیان ڕایگەیاند: جارێ‌ دیار نییە ئاخۆ دەچین یاخود نا با سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێ‌ پیرۆزبایی بوون بە پاڵەوان لە یانەی نەورۆز بكات ئەو كات قسەیەكمان دەبێت.

هادی كەریم وتیشی: سبەی پێنج شەممە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی لەو بارەیەوە ئەنجام دەدەم قسەی خۆم دەكەم و هەڵوێستی خۆم و هاوڕێكانم ئاشكرا دەكەم.

چاودێرێكی وەرزشی كە نەیویست ناوی خۆی ئاشكرا بكات بە پۆڵەتیك سپۆڕتی ڕاگەیاند: دۆخەكە هیچ ڕاست نییە پێویستە كۆبوونەوە بكرێت و هاوڕێیانی دەڤەری ئەملا بە ڕوون و ئاشكرا بۆچوونی خۆیان و بڕیارەكەیان پشت ڕاست بكەنەوە و بە سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی ڕابگەیەنن كە ئەوان بە شێوەیەكی ڕەسمی كۆبوونەوەیان كردووە و بڕیاریش بە زۆرینەی دەنگ بووە.

ئەو چاودێرە وتیشی: وەرزشی كوردستان ئەمانەتە لە ملی سەفین كانەبی و هادی كەریم و تەواوی ئەندامانی تری فیدراسیۆنی تۆپی پێ‌ بۆیە دەبێت هەموو قوربانی بدەن و یەك دەنگ بن بۆ بەردەوامی دان بە وەرزشی كوردستان دەنا خول و هەموو شتێكی تر دەوەستێت ئەمەش شتێك نییە كەس پێی قبوڵ بێت.

هەروەك وتیشی: نەدەبوو جێگری سەرۆك و سكرتێری یەكێتی تۆپی پێ‌ لێدوان لە دژی یەك بدەن، چونكە ئەوە زیانی بە یەك ڕیزی و ناوی یەكێتییەكە لەكەدار دەكات.

لە بەشێكی تری بە دواداچوونمان لەگەڵ ئەندامێكی لیژنەی ئۆڵمپی گفتوگۆمان كرد و پرسیاری ئەوەمان ئاراستە كرد گوایە لیژنەی ئۆڵمپی لەم نێوەندەدا هەڵوێستی چی دەبێت ئەویش وتی: دەبێت ئەوان دۆخەكە هێور بكەنەوە دەنا ئێمە وەك ئۆڵمپی ناچار دەبین دەستتێوەردان بكەین ئەگەر كۆبوونەوەكەی شەممەی داهاتووش سەركەوتوو نەبوو ناچاریان دەكەین ڕووبەڕوو دابنیشن و چارەسەری دۆخەكە بكرێت، چونكە وەرزشی كوردستان نە موڵكی پارتییە نە یەكێتی نە گۆڕان و نە یەكگرتوو و كۆمەڵ وەرزشی كوردستان وەرزشی هەموانە.

 

دانەر ئەسڵان

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا