محەمەد مەنتک: بە دەگمەن نەبێت توێژینەوەیەکمان نییە، سروشتی چیرۆکی کوردیمان تێدا دەرخستبێت

پۆڵەتیک پرێس- دیداری فەرهەنگی

سازدانی: دیار لەتیف

محەمە مەنتک، لە دایکبووی شاری هەولێرە، خاوەنی بڕوانامەی دوکتۆرایە لە ڕەخنەی ئەدەبی. ڕژدانە خەریکی توێژینەوەی دەقە کوردییەکانە و ئەوەش تایبەتمەندییەکی جیاوازی بەرهەمەکانییەتی و بەهایەکی نرخدارانەی بە کارەکانی بەخشیوه. تاکوو ئێستا نۆ کتێبی لە بواری توێژینەوە و ڕەخنەی ئەدەبی بڵاوکردووەتەوە، لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە بەردەوام وتاری ڕەخنەیی لەبارەی چیرۆک و ڕۆمانی کوردی دەنووسێت.

دیار لەتیف: بۆ ناساندنی چیرۆک باشترە بەوە دەست پێ بکەم، پێشەوای جیهانناسی مرۆڤ و کۆمەڵگە و ژیانە. بیرمەندان بە ئاوەز و چیرۆکنووسان بە کەرەستەی ئەندێشە دەست دەدەنە نەخشاندنی کەتوار و بەرجەستنەوەی. چیرۆک چووەتە ناو فەلسەفە و بەرەو ئاین چووە و سەرەوەتی ئاینە. بێ لە چیرۆک و شیعرییەت، ئاین دەکەوێتە بەر مەترسی  کاریگەری دانەنانەوە.

ئاین بە پاڵپشتی چیرۆک، پاڵنەری کاریگەردانانە لەسەر تاک و کۆ. کەواتە چیرۆک ستوونی پشتی ئاینە و  ئاین بێ ئەو ستوونە کەمئەندام دەبێت. لەکاتێکدا ڕۆمان شووناسێکی سەرمایەداریانەی هەیە، هاوتای سینەمایە و دوانەیەکی لێک دانەبڕاون. ئەوەی چیرۆک بە نمرەی یەک و لەهەمانکاتدا شیعر  بۆ مرۆڤ و بە مرۆڤی دەبەخشن، ڕۆمان پێی ناکرێت. چیرۆک و شیعر بابەتی باسکردن و وتنەوەن، دەقاودەق یان بە کەمێک پێش و پاشەوە، بەڵام ڕۆمان توانای ئەوەی نییە.

سەرەتاکانی چیرۆکی هونەریی کوردی لە هەرێمی باشووری کوردستان، بۆ بیستەکانی سەدەی بیست، بە دیاریکراوی ساڵانی ١٩٢٥ـ١٩٢٦، لەسەر دەستی جەمیل سائیب چرۆی کرد. سائیب لە ڕۆژنامەی ژیانەوە بەشێوەی ئەڵقە ژمارەیی چیرۆکی لەخەومای نووسیوە و بڵاوکردووەتەوە. جگەلەوەی یەکەم چیرۆکی هونەرییە، هەمان وەخت یەکەم چیرۆکی کراوەی هونەرییە و بەمجۆرە دەتوانین بێژین چیرۆکی کوردی بە تەکنیکی کراوە هاتەنووسین.

لەبارەی چۆنییەتی کراوەیبوونییەوە شایەن بە لەسەر وتنە و مەبەستی منیش نییە لێرەدا بەرباسی بدەم. ئەوەی گرنگە بیزانین ئەوەیە چیرۆکی لەخەوما ڕێبازی کەتوارگەریی ڕەخنەگرانەیە و چیرۆکێکی کراوەی هونەرییە و کۆتاییەکەی نووسراوە (ماوێتی). لەڕاستیدا ئەو وشە لەوێدا نە گرنگە و نە بەهاشی هەیە. ڕێبازی چیرۆکەکە لە سەدەی هەژدە و نۆزدە لە لە ئۆرووپا و ڕووسیا نەشونمای کردووە و نموونەی ڕۆماننووسانی وەک(بەلزاک ـ ستانداڵ ـ ولییەم گۆدووینی ـ تۆڵستۆی ـ دیکنز). مۆرکی ئەم ڕێبازە لە وێژەی کوردی،  لە جەمیل سائیبەوە دەست پێدەکات و، پەنجاکان کە ڕژێمی پادشایەتی دەکەوێت، گۆڕانکارییەک لە خەتی بابەتدا ڕوودەدات و سەرهەڵدەدات، هەرچەندە هێزی ئەم ڕێچکە تاوەکو ئێستا بە شێوازی گۆڕێنراو درێژەی هەیە.

پاش لەخەوما، چیرۆکنووسانی دیکەی وەک(ئەحمەد موختارـ حسێن عارف ـ پیرەمێردـ شاکر فەتاح ـ عەلادین سەجادی ـ حسێن حوزنی ـ ئیحسان موستەفا ـ فایەق زێوەر ـ محەرەم محمد ئەمین ـ محمد مەولود مەم ـ مستەفا ساڵەح کەریم ـ کاکە مەم بۆتانی ـ کاوس قەفتان ـ جەماڵ بابان ـ جەماڵ نەبەزـ کامەران موکری) بەردەوامیان بە ڕەوتی ڕەگەزی چیرۆکی کوردی دا. هەرچەندە حسێن عارف وردترێک لە کتێبی چیرۆکی هونەریی کوردی ئاماژەی بەم ناوانە داوە و ئەوەی کە زۆر جێی سەرنجە، لێکۆڵینەوەکەی تاوەکو شەستەکانی چیرۆکی کوردی کردووە، کە زۆر پێویست بوو دەیەی شەست و هەفتاکانیشی لە خۆ گرتبا،  ئەو دوودەیەی چیرۆکی کوردی بۆ توێژینەوەکە پیتاک دەبوو بە هۆکاری ئەوەی چیرۆکنووسێکی وەک سەدرەدین عارف، کە ڕێک لە شەست و حەوتەوە پاش حسێن عارف نەخشەی چیرۆکی کوردی لە کەشوهەوای لادێوە بۆ شارستانێتی سەپاند و نەکەوتە ژێر هەژموونی ئایدۆلۆژیای زاڵی قۆناغەکەوە.

ڕۆژنامە و گۆڤار ڕۆڵی ڕۆشنکەرەوەی بەرچاویان لەسەرخستنی چیرۆکی کوردیدا گێڕاوە، گەر ڕۆژنامە و گۆڤار نەبان، زۆرینەی چیرۆکی کوردی نەدەهاتنە بەرهەم. چاپەمەنی گەشەی بە چیرۆکی کوردی دا، لە ئەگەری نائامادەیی ڕۆژنامە و گۆڤاردا جێی گومان نییە چیرۆکی کوردی درەنگترێک لەوادەی خۆی سەری هەڵدەدا.

ستەمێک بەرامبەر وێژەمان کرابێت لە چاپ نەدانەوەی سەرجەم ئەو چیرۆکانەیە لە ڕۆژنامەگەری کۆنی کوردیدا هەن. چاپدانەوەی لەچەند بەرگێکدا لەژێر ڕەچاوی ڕێنووس و خاڵبەندی و ڕستەسازی ڕێزمانی کوردی، دەبێتە هۆکاری پتەوکردن و ڕێکخستنەوەی پەرشی لەئارابووی چیرۆکەکان، ڕیزکردنی بەپێی بەرواری ساڵی بڵاوکردنەوەی چیرۆکەکە و لە فەوتان ڕزگارکردنی سامانێک لە وێژەی کوردی.

خاڵێکی زەق لە بەشێکی زۆری چیرۆکی پێشینمان ئاشکرایی و ڕاستەوخۆییە؛ بەر وتاردان و پەند و ئامۆژگاری دەکەوین، ئەوەش خەساری کوشندەیە، ئایا لادان لە ڕێڕەوی هونەریی لە پێناو گەیاندنی پەیامدا بووە؟ پەیام قووربانیپێدەری ڕەگەزە هونەرییەکە بووە، ئایا خێرایی لە گەیاندنی پەیامدا وێژە دەخاتە دۆخی پابەندبوونەوە؟ بەشێوەیەکی گشتی کەمینەیەک چیرۆکنووسمان هەن، نەکەوتوونەتە ژێر هەژموونی مێگەلنووسییەوە.

تەماشای مێژووی چیرۆکی پێشینمان بکەین دەبینین شاعیران ڕۆڵی بونیادنەریان لە دامەزراندن و جێگرکردنی ڕەگەزی چیرۆک لە وێژەی کوردیدا هەبووە، نموونەی وەک: ئەحمەد موختار ـ پیرەمێرد ـ فایەق زێوەر ـ ئێبراهیم ئەحمەد ـ و هتد. ئایا هۆکاری ئەمە بۆچی دەگەڕێنیتەوە؟ بابەتی تەنز لە چیرۆکی کوردی، دەکرێت سەرەتای چیرۆکە خەندەیییەکان بۆ چیرۆکنووسانی وەک: سەلامی شاعیرـ عەلادین سوجادی ـ حسێن حوزنی، بگەڕێندرێتەوە؟ تەنز وەک حاڵەت لە چیرۆکی هەریەک لەم چیرۆکنووسانە دەرکەوتەی هەبووە. بەڕێژەیەکی کەمیش بێت بەشدارییان لەم ڕەگەزەدا هەبووە. ئاخۆ چیرۆکنووسانی پاش ڕاپەڕین توانیویانە تەنز لە چیرۆکدا بڕەنگێنێنن؟ ئایا چیرۆکی کوردی مافی بە نەخشاندنی ڕەگەزی تەنز داوە؟ گرنگی تەنز بۆ چیرۆک چییە؟

قۆناغی تازە شێوەی نوێی گوزارشتی لەگەڵ خۆی هێنا، لە کۆتاییەکانی سەدەی بیست جۆرێک لە وێژە سەری هەڵداوە  بە ئەدەبی سەردیوار ناوزەد دەکرێت. ئەم تەرزە شێوە نوێیە پێرفۆرمانسە وێژەییە لە سەروەختی نا ئارامی و ناسەقامگیری مۆرکی خۆی دەسەپێنێت. چ لە شۆڕشەکان و چ لەخۆپێشاندانەکان سوودی زۆر لەم تەرزە وێژەییە وەردەگیرێت. ئەم تەرزە وێژەییە کە وێژەی سەر دیوارە، چووەتە ناو مەجازەوە. لەتۆڕی کۆمەڵایەتیدا شێوە دەربڕاوێک درووستبوو بەنای هاشتاگ، هاشتاگ ڕستەیەک، یان کۆپلەیەکی چڕکراوی زمانەوانییە و خاوەن پەیامێکە. دەکرێت بە چرکانە چیرۆک بیناسێنین، چرکانە بە واتای چیرۆکی ڕستەیی و کورتیلە چیرۆک. پەیام زاڵترە لە هونەرکاری و لەهەمانکاتدا ڕووداو لەگەڵ گڕێچن ئامادەیی نییە. پێکداچوونەوەی نێوان ڕەگەزەکان و ئاوێتەبوونیان وکشانەوە و لق لێ بوونەوەی، وادەکات فۆرمی تازە بێتە سەرهەڵدان. ڕەهەندی مرۆڤدۆستی لەقۆناغی نوێی چیرۆکی کوردی و ڕەهەندی بەرگری لەقۆناغی کۆنی چیرۆکی کوردی ئامادەییان هەیە، چیرۆک پێش ڕەچاوکردنی ڕەهەندی مرۆڤدۆستی و بەرگری، پێویست دەکات هونەریی بێت. ئاخۆ شەقڵی چیرۆکی چیرۆکنووسانی پاش ڕاپەڕین و چیرۆکنووسانی دوای دوو هەزار و دە، لە چیدایە؟ ئایا جیاوازییەکان زۆرترێکن، یان لێکچوونەکان؟

محەمەد مەنتک:بۆ قسەکردن لەبارەی چیرۆک بە گشتی و چیرۆکی کوردی بەتایبەتی، خواستمە سەرەتا لەبارەی چەمکی گێڕانەوەوە بدوێم. ئاشکرایە چیرۆک یەکێکە لە ژانرەکانی گێڕانەوە، من دەمەوێ ئەوە بسەلمێنم گێڕانەوە پێشمەرجی بوونە. واتە لە دەرەوەی گێڕانەوە بوون نییە. کەواتە سەرلەهەوەڵ دەمەوێ ڕووبەڕووی ئەو بۆچوونە ببمەوە، کە شیعر بە کۆنتر و لە پێشتر لە گێڕانەوە[پەخشان] دادەنێت، گوایە شیعر بە هۆی سانا دەرخکردن و لەبەرکردن مرۆڤ هەوەڵ جار دایهێناوە، بۆ ئەمەیش پتر دەقە ئایینەکان دەهێننەوە، کە بە شیعر بووە. خاوەنانی ئەم بۆچوونە لەوەدا سەرچیخ ڕۆیشتوون، کە گێڕانەوە پێش ئایینەکان هەبووە. خۆشت لە سەرەتای پرسیارەکەدا ئاماژەت بەوە کردووە، کە چیرۆک چووەتە ناو فەلسەفە و سەروەتی ئایینە، من لەوە دوورتر دەڕۆم و دەڵێم ئایین و فەلسەفە سوودیان لە چیرۆک وەرگرتووە بۆ ئەوەی گوزارشت لە خۆیان بکەن. تۆ سەیر بکە مرۆڤی سەرەتایی چۆن گوزارشتی لە خۆی کردووە، هەتا وێنەی سەر دیوار ئەشکەوتەکان گێڕانەوەن، پێش ئەوەی زمان پەیدا بێت، گێڕانەوە هەبووە. وێنەی سەر دیواری ئەشکەوتەکان تەنیا وێنەیەکی سادە و ئاسایی نین، بەڵکوو گێڕانەوەی چیرۆکی ژیانی ئەو مرۆڤانەن، چیرۆکی ڕاووشکار، شێوازی ژیان و چەندین شتی دیکە. بە بڕوای من گێڕانەوە بە گشتی و چیرۆک بەتایبەتی سەلمێنەری بوونی مرۆڤن، لە دەرەوەی چیرۆک مرۆڤ بوونی نییە، ڕەنگە ئەم تێزە وەک قسەیەکی نافەلسەفی بێتە بەرچاو، بەڵام دەمەوێ لە ڕێی تێزی چەند فەیلەسووفێکەوە کاری لەبارەوە بکەم. بەڵام پتر پێداگری لەسەر بۆچوونەکانی پۆل ڕیکۆر دەکەمەوە.

هەموو هەوڵی پۆل ڕیکۆر لەپێناو ئەوەدا بووە بیسەلمێنێت، کە پێوەندی لە نێوان ژیان و گێڕانەوەدا هەیە، چونکە گێڕانەوە ڕەنگدانەوەی ئەزموون و ژیانی مرۆڤەکانە لە چوارچێوەی کاتێکی دیاریکراودا. هەوڵی فەیلەسووفانی دیکە لەپێناو ئەوەدا بووە گێڕانەوە بە خەیاڵ ببەستنەوە، واتە هەرچی دەقی گێڕانەوەیی هەیە خەیاڵ داهێنەریەتی، یان لە دەرەوەی ژیانە و تەنیا ڕستەگەلی خەیاڵیین. هەرچی پۆل ڕیکۆرە پێچەوانەی ئەم تێزە دەوەستێتەوە دەیەوێ بڵێت: ژیان لە دەرەوەی گێڕانەوە نییە و گێڕانەوەیش بریتییە لە ئەزموونەکانی ژیان. بەڵگەی ئەو کەسانەی گێڕانەوە بە خەیاڵ دادەنێن [با ئاگەداری ئەوە بین، هەر کات چەمکی گێڕانەوەم بەکارهێنا، هاوکات مەبەستم چیرۆک و ڕۆمانیشە]، کە دەقی ئەفسانەیی و هەقایەت و گێڕانەوە کۆنەکان لەسەر خەیاڵ بنیات نراون، پاڵەوانەکان، ڕووداوەکان، کات و شوێنەکان هەمووی فەنتازی و خەیاڵیین، بێ ئاگا لەوەی هەموو ئەمانە لە ئەنجامی ئەزموونکردنی ژیانەوە هاتوون. ڕیکۆر لە سێنتەریزمی ئەم تێزە دەدات، ئەویش بە داڕشتنەوەی بۆچوونەکە بە شێوەیەکی دیکە. دێت خەیاڵ دەهێنێتەوە ناو ژیان، واتە دروستکردنەوەی، یان داڕشتنەوەی پێوەندی نێوان ژیان و خەیاڵە. بە واتایەکی دیکە واقیع و خەیاڵ دەکاتە دوو سەرچاوەی سەرەکی گێڕانەوە. ئەم هەوڵە هێنانەوەی گێڕانەوەیە بۆ ناو ژیان، دەیەوێ گێڕانەوە تەنێ ڕووداوە خەیاڵییەکان نەگێڕێتەوە، بەڵکو ژیانیش بگێڕێتەوە. دروستکردنەوەی ئەم پێوەندییە، گێڕانەوەی شکۆی بۆ گێڕانەوە. ڕیکۆر دەڵێت: ئەو ڕێیە بریتییە لە بەشداریپێکردنی خەیاڵ لە داڕشتنی ژیان، بە واتای بیۆلۆجی وشەکە ژیانی مرۆڤ دەگرێتەوە. دەمەوێ قسەیەکی نەستەقی سوکرات لەسەر پێوەندی نێوان ژیان و گێڕانەوە پراکتیک بکەم، کە دەڵێت: بەبێ دەردەسەری ژیان شایەنی ئەوە نییە تێیدا بژین. هەرچەندە قسەکردن لەبارەی پێوەندی نێوان ژیان و گێڕانەوە ڕیشەیەکی دێرینتری هەیە و بۆ بۆچوونەکانی ئەریستۆ دەگەڕێتەوە و چەندین چەمک لەو دەخوازێت بۆ ئەوەی تێزەکانی خۆی لەوبارەیەوە داڕێژێت، بەتایبەت چەمکی پڵۆت، ئەمە لە یۆنانی کۆندا بە میثۆس Muthos، کە بە خواوەندی ئەفسانە و گێڕانەوەکان دادەنرێت. ئەریستۆ لەو بارەیەوە دەڵێت: لە هەموو ڕەگەزەکان گرنگتر چنینە، واتە ڕێکخستنی ڕووداوەکانە، چونکە بێگومان تراجیدیا لاسایی کەسەکان نییە، بەڵکوو لاساییکردنەوەی کردەوە و ژیان و بەختەوەری و بەدبەختیە، بەدبەختی و بەختەوەری مرۆڤیش بە کردەوە بەستراوەتەوە. ئەمە کاریگەری گەورە لەسەر بیرکردنەوەی ڕیکۆر دادەنێت، چونکە لێرەدا ئەریستۆ چیرۆک Fable لە دەرەوەی ژیان و ئەزموون دانانێت، بەڵکوو گێڕانەوە، یان گەڵالەی ڕووداوەکانی ناو تراژیدیا لە ژیانەوە وەردەگرێت. مادام لاسایی کردەوەی کەسەکان بێت، کەواتە لاسایی چۆنیەتی ژیانی کەسەکانە. گەڵاڵەی چیرۆک، یان پلۆت بریتییە لەو نەخشەیەی نووسەر بۆ ڕووداو و کارەکتەر و شوێنەکان دایدەنێت، هەر کارەکتەرێک بە گوێرەی ئەو ڕێوشوێنەی بۆی دانراوە دەجولێتەوە. ئەمە ڕێك ژیانی ئێمەی مرۆڤە.

ڕیکۆر لە ئەنجامی ڕامان لە فەلسەفەی ڕۆژئاوا گومان لە کۆمەڵێک تێزی فەلسەفەی لەبارەی مێژوو، کات و گێڕانەوە دەکات. سەرەتا ڕیکۆر بەگژ فەلسەفەی دیکارتدا دەچێت و گومان دەخاتە سەر بۆچوونەکانی بەتایبەت کۆجیتۆ بەناوبانگەکەی “من بیر دەکەمەوە، کەواتە هەم.” بە گوێرەی ئەم کۆجیتۆیە، خود کەسێکی بیرکەرەوەیە، کەسێکە ئەركیکی قورسی هەیە، کە بیرکردنەوەیە، جەختکردنەوەیە لە خودی بیرکەرەوە، خودێکە ئاگامەندە، واتە دیکارت زانین و بیرکردنەوە دەخاتە پێش بوون. بەمەیش ئەرکێکی پراکتیکی و ئەزموونی بە بوونی خود دەبەخشێت. خود دەتوانێت لە ڕێی ئەزموون و زانینەوە بوونی بسەلمێنێت. ئەم بیرکردنەوە و گەڕانە بۆ زانیاری لە کن ئەم فەیلەسووفە لە ئەنجامی گومانەوە دێت. لە ڕێی گومانکردنەوە بیرکردنەوەی هەڵدەپیچێ بۆ ئەوەی بە دوای حەقیقەتدا بگەڕێت، بە واتایەکی دیکە خود بەردەوام بیربکاتەوە. واتە گومان و بیرکردنەوە زادەی ئاگاییە، مرۆڤ لە دەرەوەی ئاگایی ناتوانێت بیربکاتەوە، یان گومان بکا. بەڵام مرۆڤ تاکوو بوونی نەبێت چۆن دەتوانێت بە گومان بێت، چۆن دەتوانێت بیر بکاتەوە؟ لەم گۆشەنیگایەوە مرۆڤ وەکوو بوون، وەکوو خود ناکامڵ دەبێت. جێناوی “من” بەبێ بیرکردنەوە بە گوێرەی ئەم تێزە هیچ نییە، لە دەرەوەی بیرکردنەوە “من” بوونی نییە، کەواتە لێرەدا “من” بۆتە پێشمەرج بۆ بوونی بیرکردنەوە.

دواتر ڕیکۆر ڕەخنە لە تێزێکی هایدیگەر دەگرێت، کە بوون لەناو کاتدا دادەنێت، واتە لە دەرەوەی کات بوون نییە، ئەو دێت ئەم تێزە تێدەپەڕێنێت، کە بوون لەناو گێڕانەوەدایە، مرۆڤ دەتوانێت لە ڕێی گێڕانەوەوە بوونی خۆی بپارێزێت و بسەلمێنێت، هاوکات دەتوانێت مێژوویەک بۆ خۆی دروست بکات. گێڕانەوە لە کن ئەم تیۆریزانە، گێڕانەوەیەکە بۆ سەلماندنی خود لەناو ئەزموونێکی کاتەکیدا، خود لە ڕێی کردەوەی گێڕانەوەوە بە شێوەی جۆراوجۆر ناسنامەی خۆی دیاری دەکات و دەسەلمێنێت، بۆ نموونە لە دەقە گێڕانەوەیییەکانی هەقایەت، داستان و ئەفسانەدا. گێڕانەوە گوزارشتە لە خود لەناو کاتدا. ئەزموونکردنی گێڕانەوە گوزارشتە لە بوون و چالاکییەکانی خود. بۆیەیش گوتاری گێڕانەوە فۆرم و پێکهاتەی جیهانێکی خەیاڵ کراوە، گوزارشتە لە وێنەی ڕابردووی خود، تێگەیشتنی ئێستاییانەیە بۆ ڕابردوو. بەمەیش گێڕانەوە مێژووی خود و جیهان، کە تێیدا کردار و دابونەریت و ئاکاریان دەخرێتە ڕوو. ئەم بۆچوونانەی ڕیکۆر جێی لەناو گێڕانەوەناسی بونیادگەریدا نابێتەوە، بەڵکوو لە چوارچێوەی پڕۆژەی (گێڕانەوە گەورەکان) ، کە گێڕانەوەی خود و گێڕانەوەی ژیانمان هەن. گێڕانەوە لە کن ڕیکۆر هەموو پێکهاتەکانی ژیانی مرۆڤ، مەعریفە، ئایین، ئەفسانە، هەقایەت…تاد لە خۆ دەگرێت. سەیرکە گێڕانەوە بنەڕەتی بوونە، پێشمەرجی بوونە، بوون دەکەوێتە ناو گێڕانەوەکان. تەنانەت خودا پەنای بۆ گێڕانەوە بردووە بۆ ئەوەی پەیامەکانی خۆی بە مرۆڤەکان بگەیەنێت، هەرچەندە لە سەردەمی پێغەمبەری ئیسلامدا شیعر زۆر باو بووە، دەیان شاعیرمان هەبوونە، کە شیعری هونەریان گوتووە، بەڵام هێشتا قورئان پەنای بۆ ژانری گێڕانەوە بردووە، نکۆڵی لەوەیش ناکەم زمانێکی شیعری و ڕەوانبێژییانە بەسەر فەزای قورئاندا زاڵە.

بە بروای من گێڕانەوە بنەڕەتی هەموو شتێکە، مرۆڤی سەرەتایی کاتێک لە ئەشکەوت ژیاوە، دوای ئەوەی لە ڕاو و شکاری ڕۆژانە گەڕاوەتەوە بەسەرهاتی ئەو ڕۆژەی خۆی بۆ ئەندامانی خێزانەکەی گێڕاوەتەوە، تەنانەت ویستوویەتی بۆ نەوەکانی داهاتووی بگوازێتەوە، وەکوو باسم کرد، دێت هەموو سەرکێشی و ڕووبەڕووبوونەوەکانی خۆی لەسەر دیواری ئەشکەوتەکان کێشاوە. دوای ئەوەی لەناو ئەشکەوت و چیاکان دێتەخوارەوە و گوند لە لێواری ڕووبارەکان دروست دەکات و دەست بە زەوی کێڵان دەکات، هەمان شێوە شەوەکانی بە گێڕانەوەی چیرۆک بەسەربردووە. بێگومان بە تێڕامان لە لە سروشت و گەردوون درکی بە هێزێکی سەرووتر لە خۆی کردووە و دێت ئایین دروست دەکات. بۆ ئەوەی بەردەوامی بە ئایینەکەی بدات پەنا بۆ چیرۆک و گێڕانەوە دەبات. بە بڕوای من گێڕانەوە بە گشتی و چیرۆک بەتایبەتی نەک بڕبڕەی پشتی ئایینە، بەڵکوو بوونی مرۆڤە، مرۆڤ لە دەرەوەی گێڕانەوە بوونی نییە.

ئایین دێت پەرتووکەکانی خۆی لە ڕێی فۆرمی چیرۆکەوە دەنووسێت، بە بڕوای من دوو ئامانج هەبووە، یەکیان مەسەلەی پەروەردەکردنە، واتە لە ڕێی چیرۆکەوە دێت لایەنی پەروەردەیی پێڕەوکارانی پەرەپێدەدات، چونکە یەکێک لە ئەرکەکانی چیرۆک مەسەلەی پەروەردەکردنە، بۆیەیش ئیستایش لە قوتابخانەکاندا لە ڕێی چیرۆکەوە لایەنی ئاکاری، هوشیاریی قوتابیان گەشە پێدەدەن. ئامانجی دووەم بریتییە لە دروستکردن و چەسپاندنی باوەڕ و عەقیدەی خەڵک بەو ئایینە. خۆت دەزانی لە ئایینەکان چیرۆکی ئەفسانەیی و خورافی زۆرن، بەتایبەت ئەو چیرۆکانەی باسی کردە موعجیزەییەکان دەکات. مرۆڤ لە واقیعدا باوەڕ بەو ڕووداوە سەرووواقیعیانە ناکات، بۆ ئەوەی قەناعەت لە کن مرۆڤ دروست بکەن، پێویستە لە قالبێکی چیرۆکئامێزدا بیگێڕنەوە. ئایا ئێمە کاتێک چیرۆکە خەیاڵییەکان، یان ئەفسانەیی و خورافییەکان دەخوێنینەوە چۆن قەناعەت بە ڕووداوەکان دەکەین؟ هونەری قەناعەتپێکردن لە چیرۆکدا زۆر گرینگە، بۆیەیش زۆربەی کتێبە ئاسمانییەکان بۆ قەناعەتپێکردنی پێڕەوکارانیان شێوازی چیرۆک و گێڕانەوەیان بەکارهێناوە. بۆ نموونە قورئان، لە هەوەڵین سورەتەکانیدا باسی سەرەتای دروستبوونی مرۆڤ و چیرۆکی خەلقکردنی ئادەم و یاخیبوونی شەیتان لە فەرمانی خودامان بۆ دەگێڕێتەوە. پاشان زۆرێک لە بنەما و یاسا شەرعییەکان لە ڕێی چیرۆکی نەتەوەکانەوە باس دەکات، بۆ نموونە بۆ ئەوەی پێمان بڵێت: فێڵکردنی لە تەرازوو حەرامە، دێت چیرۆکی نەتەوەیەکمان بۆ دەگێڕێتەوە، بۆ ئەوەی پێمان بڵێت: پێوەندی هۆمۆسێکسواڵی حەرامە، چیرۆکی نەتەوەی لووت پێغەمبەرمان بۆ دەگێڕێتەوە. کەواتە ئایین بۆ ئەوەی هەموو شتەکانی خۆی بگەیەنێت و پێمان بڵێت ئەگەر سەرپێچی لە فەرمانەکان بکەن، بە هەمان شێوەی نەتەوەکانی دیکە سزا دەدرێن. ئەمە بۆ کتێبی ئینجیل و تەوڕات و زەبووریش هەر ڕاستە.

پۆل ڕیکۆ لە کتێبی خۆشەویستی و دادپەروەرییدا زۆر بە وردی لەبارەی کتێبی پیرۆزەوە قسە دەکات. لەناو قسەکانیدا ئاماژە بۆ شێوازی گێڕانەوەی کتێبی پیرۆز دەکات. بەتایبەت تەکنیکی فرەدەنگی. ڕیکۆر لەو کتێبەدا دەڵێت: پێویست ناکا دژ بە تایبەتمەندی فرەدەنگی بین، چونکە تەواوکەری فۆرمی یەکێتیی خەیاڵکارانەیە کە هەمەجۆرییە نایابەکەی کتێبە پیرۆزەکان بە دەستی دەهێنن. ئەمەیش کتێبی پیرۆز دەکاتە گەنجینەیەک نەک تەنیا قەسیدەیەک وەک داستانی ئەلیادە و ئۆدێسەی هۆمیرۆس. لەم بۆچوونەوە ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت، لایەنی بەهێز و کاریگەری کتێبە ئاسمانییەکان، کە ئایین وەکوو هۆکارێکی کاریگەری بۆ بڵاوبوونەوەی بنەما و باوەڕی خۆی بەکاری دەهێنێت، بریتییە لە شێوازی ئەدەبییەتی گێڕانەوەی ئەو دەقانە. هاوکات هەر لەم کتێبەدا ئاماژە بۆ بنیاتی گێڕانەوەیی کتێبی پیرۆز دەکات، بنیاتی گێڕانەوەیش بە پنتی کاریگەری و سەرکەوتنی کتێبی پیرۆز دادەنێت. هاوکات بە جێگیربوونی زمانی ئیمان لە گێڕانەوەدا پیشانی دەدات. کەواتە هۆکاری مانەوەی ئایین بریتییە لە گێڕانەوە.

چیرۆکی هونەری کوردی، چ لە باشوور، یان پارچەکانی دیکەی کوردستان مێژوویەکی هێندە کۆنی نییە، بۆ دیاریکردنی سەرەتایەک بۆ چیرۆکی هونەری کوردی، تاکوو ئێستایش مشتومڕێکی زۆر هەیە. کاتێک باسی چیرۆکی هونەری دەکەین، دەبی بزانین چیرۆکی هونەری چییە؟ بنەماکانی چین؟ توخم و ڕەگەزەکانی چین؟ بە بڕوای من چیرۆک بریتییە لە چۆنیەتی گێڕانەوە، ئەوەی لای جیرار جینێت بە گوتاری چیرۆک و لای تۆدۆرۆف بە سیستەمی گوتاری ناو دەبرێت. ئەگەر بۆ کتێبی “دەستووری ڕێزمانی دیکامیرۆن” زۆر پێداگری لەسەر ئەوە کردەوە ڕێزمانی زمان و ڕێزمانی گێڕانەوە جیاوازن. بۆ نموونە ئەو کارایەی لەناو ڕستەیەکی ڕێزمانیدا هەیە، جیاوازە لەو کارایەی لەناو چیرۆکدا هەیە. بۆ نموونە، کە دەڵێین: مامۆستا هات. ئەو کارایە لەناو ڕستەیەکی ڕێزمانی ئاشکرا نییە و ناتوانین دیاری بکەین کام مامۆستا هات، بەڵام کارای ناو چیرۆک، یان ئەو کارەکتەرەی لەناو چیرۆکدا کردەوەیەک ئەنجام دەدات، دەتوانین دیاری بکەین، واتە ناتوانێت لە دەست ئەو خوێنەرەی چیرۆکەکە دەخوێنێتەوە قورتاری بێت. هاوکات تۆدۆرۆف جیاوازی نێوان دوو سیستەم لە گێڕانەوە بە گشتی و چیرۆک بەتایبەتی دەکات. یەکەمیان سیستەمی چیرۆک Historie  و دووەمیان سیستەمی گوتارە Discours، ئەوەی لای ئەم ڕەخنەگرە گرینگە سیستەمی گوتارە، واتە چۆنیەتی گواستنەوەی ڕووداوەکان لە واقیع و خەیاڵەوە بۆ چیرۆک. ڕابێرت سکۆڵز لە کتێبی “ماکەکانی چیرۆک”دا کاتێک باسی چیرۆک دەکات، پێمان دەڵێت: چیرۆک جووڵەیە، حیکایەتی حیکایەتە چوون باس لە ڕەوتی گۆڕان دەکات. واتە چیرۆک گێڕانەوەی چیرۆکە، لێرەدا چیرۆک بە واتا جینێتییەکە بەکاردەهێنم، کە مەبەست لێی مادە و کەرەسە خاوەکەی گێڕانەوەیە. واتە ئەو کەرەسەیەی هێشتا نەبووەتە چیرۆک. بۆ نموونە مادە خاوەکەی چیرۆکی لە خەوما بریتییە لە واقیعی ژیانی گەندەڵی و چۆنیەتی حکومڕانی سەردەمی شێخ‌مەحموود، بەڵام جەمیل سائیب چۆن ئەو کەرەسە خاوەی کردووە بە چیرۆک، ئەمە گرینگە. تۆ ئاماژەت بە چیرۆکی لە خەومای جەمیل سائیب کردووە، وەکوو یەکەم چیرۆکی هونەری کوردی لە باشووری کوردستان، هەرچەندە بۆچوونی دیکەیش هەن، کە چیرۆکی “بۆچی جلخوارم” لە نووسینی کەریم سەعید بە یەکەم چیرۆکی کوردی لە باشووری کوردستان دادەنرێت. بەڵام پنتێکی زۆر گرینگ هەیە بۆ نووسین و بڵاوکردنەوەی چیرۆک، ئەویش پەیدابوونی ڕۆژنامەیە، چ چیرۆکەکەی کەریم مستەفا، یان جەمیل سائیب لە ڕۆژنامەدا بڵاوکراونەتەوە. من لە وتاری “ڕۆژنامە وەک پێشمەرجی چیرۆکی کوردی” ئاماژەم بەوە کردووە پەیدابوون و دەرچوونی ڕۆژنامە پێشمەرجە بۆ بوون و پەیدابوونی چیرۆکی کوردی. ئەوەشم لەبەر چاوە، چەندین بۆچوونمان لەبارەی یەکەمین چیرۆکی کوردییەوە هەن، نەک تەنیا لە باشوور، لە کۆی پارچەکانی دیکەی کوردستان، کە پێش دەرچوونی ڕۆژنامە باسی پەیدابوونی چیرۆکی کوردی دەکەن. بۆ نموونە دوکتۆر عیزەددین مستەفا ڕەسووڵ، مەولوودنامەکەی شێخ‌حسەینی قازی بە سەرەتای ساکاری چیرۆکی کوردی دادەنێت. هاوکات دوکتۆر فەرهاد پیرباڵ چیرۆکی “مەم و زین”ی مەلا مەحموودی بایەزیدی لە ساڵی ١٨٥٦ بە یەکەم چیرۆکی هونەری کوردی دادەنێت. هەندێکی تر چیرۆکەکەی فواد تەمۆ لە ساڵی ١٩١٣ بە ناوی “شویش” بە یەکەم چیرۆک دادەنێن. ڕەئوف حەسەن چیرۆکی “بۆچی جلخوارم” لە نووسینی کەریم سەعید لە ساڵی ١٩٢٥ بە یەکەم چیرۆک دادەنێت. زۆربەی کەسانی دیکەش “لە خەوما” بە یەکەم چیرۆک دادەنێن. ئەم مشومڕانە تاکوو ساڵانی نەوەدی سەدەی ڕابردوو هەبوون و بەردەوام بوون. بەڵام کەسیان نەهاتوون پێمان بڵێن چیرۆکی هونەری چییە؟ پێوەر و ڕەگەزەکانی چیرۆکی هونەری چیین تاکوو لەو سۆنگەیەوە لایەنی تەکنیکی و هونەری چیرۆکی کوردی دیاری بکەین. بێگومان ئەمە هەمووی بۆ کەمزەخیرەیی و کەمشارەزایی نووسەرانمان لە ڕووی تیۆرییەوە دەگەڕێتەوە. کەم نووسەر و ڕەخنەگرمان هەن، لە ڕووی تیۆرییەوە شارەزای چییەتی چیرۆک و گێڕانەوە بن. ئەمە بۆ توێژینەوە لە شیعریش هەر دروستە. تۆ تەماشا بکە ساڵانێکی زۆر مشتومڕێکی زۆر لە نێوان مامۆستا مودەڕیس و کوڕەکانی لەگەڵ دوکتۆر مارف خەزنەدار هەبوو لەسەر ئەوەی نالی ڕاستە، یان ناڵی، یان فڵان شاعیر ساڵی چەند لە دایک بووە. خۆ ئەمانە هەمووی بۆ نووسینەوەی مێژووی ئەدەب گرینگن، بەڵام تاکوو ئێستا بە دەگمەن نەبێت نەهاتووین لە سروشت و چیەتی شیعر، چیرۆک و ڕۆمانی کوردی بکۆڵینەوە.

لەسەرەوە گوتم ڕۆژنامە پێشمەرجی لە دایکبوونی چیرۆکی هونەری کوردییەوە. ئەوەیش یەکلابۆتەوە چیرۆک بە واتا مۆدێرنەکەی ژانرێکی ئەورووپییە و لەوێوە پەڕیوەتە ناو ئەدەبیاتی کوردی. دەبینین لەگەڵ پەیدابوونی ڕۆژنامە و گۆڤار لە بزاڤی ڕۆشنبیریی کوردیدا لە کۆتایی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستەم، وەکوو دیاردەی گەیشتنی سەرەتاکانی مۆدێرنیتە، ژانری دیکەی وەکوو چیرۆک و چیرۆکی درێژ پەیدا دەبن. کەواتە تاکوو کورد نەبووە خاوەنی ڕۆژنامە و گۆڤار، ژانری نوێ لەناو ئەدەبیاتی کوردیدا پەیدا نابێت. تەنانەت زاراوەی (چیرۆک)، کورد لە شارێکی وەکوو ئیستنەبوڵ بەکاری دەهێنێت و دەیخاتە ناو ئەدەبیاتی کوردییەوە. پێش ئەو وەختە، چونکە کورد خاوەنی ڕۆژنامە و گۆڤار نەبووە، هەر حەکایەت و قصەی عەرەبی بەکار دەهێنا، کە مەبەست لە هەردووکیان گێڕانەوەی هەقایەتی فۆلکلۆری بووە. تاکوو ئێستا توێژینەوەیەکی ورد لەو بارەیەوە نەکراوە. گۆڤاری هاوار و گەلاوێژ ڕۆڵێکی بەرچاو لە پەرەپێدانی چیرۆک دەبینین. نووسەرانی گۆڤاری هاوار، هیچ ژمارەیەک نییە چیرۆکی تێدا بڵاونەکەنەوە. تاکوو توێژینەوە لەوبارەیەوە نەکراوە. بۆ ئاگەداری ئێوە هەموو چیرۆکەکانی گۆڤاری هاوارم کۆکردۆتەوە و لە کرمانجی سەرووەوە بۆ کرمانجی ناوەڕاستم گۆڕیون. بەتایبەت نووسەرانی گۆڤاری هاوار کاریگەری ئەدەبی فرەنسیان لەسەر بووە و شارەزای چیرۆکی ئەورووپی بوون. نووسەرانی وەکوو: دوکتۆر کامەران بەدرخان، قەدریجان، نوورەدین زازا، دوکتۆر نافیز،  عەلی ئاغا زولفۆ، جگەرخوێن، ئەکرەم جەمیل پاشا، قەدری جەمیل پاشا و هەمزە بەگ ڕۆڵی باشیان لە پەرەپێدانی چیرۆکی کوردیدا هەبووە. بەم شێوەیە ڕۆژنامە و گۆڤار دەبنە هۆکارێک بۆ لە دایکبوونی چیرۆک، چیرۆک وەکوو ژانرێکی مۆدێڕن بەبێ ڕۆژنامە و گۆڤار ناتوانێت گەشە بکات (هەڵبەت دنیای ئینتەرنێتی ئێستاش بەشێکە لە ڕۆژنامەگەری)، چونکە ئەم ژانرە لە سەرەتاوە پێویستی بە دەرچەیەکە بۆ ئەوەی خۆی بڵاوبکاتەوە. لەوێوە میللەتان دەتوانن سوود لە یەکدی وەرگرن. چیرۆکی کوردیش بەو هۆیەوە توانی بێتە بوون و گەشە بە بوونی خۆی بدات.

بە بروای من لە خەومای جەمیل سائیب نۆڤلێتە نەک چیرۆک، هەرچەندە زۆربەی بۆچوونەکان لەسەر ئەوە کۆکن، کە چیرۆکە. لە سادەترین پێناسەدا نۆڤلێت لە ڕۆمان کورتترە و لە چیرۆک درێژترە. نموونەی زۆرمان لە جیهان هەن، بۆ نموونە ڕۆماننووسانی وەکوو: هیرمان ملڤێل، هنری جەیمس، تۆڵستۆی، جەیمس جۆیس، کۆنراد و هەمینگوەی و چەندان ڕۆماننووسی دیکە. پێوەرێک بۆ نۆڤلێت دانراوە، کە ژمارەی وشەکانی لە نێوان ١٥٠٠٠ بۆ ٤٠٠٠٠ وشە بێت، بەڵام ڕۆمانیشمان بەو قەبارەیە هەن. بە بروای من نۆڤلێت ئەوەیە ڕووداوەکانی لە دەوری یەک کارەکتەردا دەسوڕێتەوە، بەڵام چەندین ڕووداو هەن، کە درێژ دەبنەوە. ئەگەر تەماشای لە خەوما بکەین کارەکتەرێکمان هەیە کۆی ڕووداوەکان لە دەوری ئەودا دەسوڕێنەوە. ڕەخنەگرێکی وەکوو جۆدیت لایبۆڤیتز لە وتاری “گێڕانەوە و مەبەستەکەی لە نۆڤێلادا” ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ڕووداو لە نۆڤلێتدا لەو چوارچێوە فراوانەدا وەک لە ڕۆماندا هەیە پێشکەش ناکرێت، بەڵکوو لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا ئەنجامەکە بە دەستەوە دەدات. واتە لە نۆڤلێتدا ڕووداوەکان چڕ دەکرێتەوە و زوو ئەنجامەکەی دەردەکەوێ. لە نۆڤلێتی لە خەومادا خوێنەر زوو دەزانێت، ئەنجامی نۆڤلێتەکە چییە و کارەکتەر دەیەوی چیمان پیشان بدات.

منیش لەگەڵ تۆدا هاوڕام ئەم دەقە سەر بە ڕێبازی ڕیالیزمی ڕەخنەگرانەیە. ڕیالیزم بە کۆی ئاراستەکانی لە چارەگی دووەمی سەدەی بیستەم دێتە ناو ڕۆشنبیریی کوردییەوە. بێگومان دوای جەنگی دووەمی گێتی، ماوەی هوشیاربوونەوەی نەتەوە ژێردەستەکان بوو، بەتایبەت لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست. ئەو کات ڕیالیزم پێویستییەک بوو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو واقیعەی هەبوو، کە واقیعی جەنگ و تێکۆشان بوو. لە کوردستان بە گشتی و باشووری کوردستان بەتایبەتی حیزب دروست دەبێت، دروستبوونی حیزب قۆناغێکە بۆ هوشیاربوونەوەی کۆمەڵ. ئەو کات کاتی ئەوە دێت واقیع بە شێوەیەکی ڕاستگۆیانە نیشان بدرێت. ئەو کات ئایدیۆلۆجیای مارکسیزم بە شێوەیەکی تەواو لەناو کۆمەڵی کوردیدا ڕەنگدانەوەی دەبێت. شیعر تەواو دەکەوێتە ژێر کاریگەری ڕیالیزم، شاعیرانی وەکوو: گۆران، کامەران موکری، دیلان و…تاد نموونەی هەر دیارن. ئەمە لە چیرۆکیشدا ڕەنگدانەوەی دەبێت، بەتایبەت چیرۆکنووسانی وەکوو: مارف خەزنەدار و محەمەد مەولوو مەم. ئەو نووسەرانەی ناوت هێناون لە نموونەی تۆڵستۆی، دەق لای ئەو پیشاندانی کۆمەڵە بۆ ئەوەی خەڵک هوشیاربنەوە و چاک و خراپ لە یەکدی جودا بکەنەوە. ستانداڵ، دیکنز و گۆرکی نموونەی دیکەی دیاری سەر بەم ڕێبازەن. لە ساڵی ١٩٣٩ قۆناغێکی نوێ لە چیرۆکی کوردی دەست پێ دەکات، بێگومان بە کاریگەری دەرچوونی گۆڤاری گەلاوێژ. لەم بارەوەیەوە قسەی زۆر گوتراوە، من دەمەوێ قسەیەکی تری لەبارەوە بکەم. پیش ئەوە دەمەوی ئاماژە بۆ ئەوە بکەم، چ د.عەزیز گەردی و چ سابیر ڕەشید ساڵی ١٩٣٩- ١٩٥٠ بە قۆناغی نەشونماکردنی هونەری چیرۆکی کوردی و ساڵی ١٩٥٠- ١٩٦١یش بە قۆناغی پێگەیشتن و چەسپاندنی هونەری چیرۆکی کوردی دادەنێن. بەڵام بە بڕوای من لە گۆڤاری گەلاوێژەوە تاکوو ساڵی ١٩٧٠ هونەری چیرۆکی کوردی لە ڕووی تێمە و تەکنیکەوە زۆر لە یەک دەچن. ئەگەر تاکوتەرا چیرۆکنووسمان هەبێت بە شێوەیەکی جیاوازتر نووسیبێتی وەک خۆت ئاماژەت بە هەوڵەکانی سەدرەدین عارف کردووە، هاوکات ئیحسان مستەفا هەوڵی نایابی هەن. بەڵام ئەوانی دیکە تەنیا لە شێوازی گێڕانەوەدا جیاوازن، نەوەی گەلاوێژ شێوەی گێڕانەوەیان پتر هەقایەتئامێز بووە، بەڵام نەوەکانی دواتر مۆدێرنتر بوون. دەنا هەردوولایان پتر باسی جیاوازی چینایەتیان دەکرد. بۆ نموونە نەوەی گەلاوێژ باسی شەڕ و ململانێی چینایەتی نێوان جووتیار و ئاغا بوو، بەڵام نەوەکانی دیکە باسی ململانێی کرێکار و سەرمایەدار بوو. عەلائەدین سەجادی، بلە، شاکر فەتاح، مستەفا سائیب، شێخ سەلام، فایەق زێوەر، تاهیر ئەحمەد حەوێزی، حوسێن حوزنی موکریانی، پیرەمێرد و مەحموود ئەحمەد و…تاد. ئەوەی هونەری چیرۆکی ئەو ماوەیە داماو دەکات، زاڵبوونی ئایدیۆلۆجیایە، هەموو شتێک دەکرێتە قوربانی ئایدیۆلۆجیا. ئەم ئایدیۆلۆجیایە دەبێتە گوتارێک و بەردەوام دەق بۆتە قوربانی ئەم گوتارە. لێرەدا دەمەوی بپرسم: بە چ شێوەیەک ئایدیۆلۆجیا دەقی چیرۆکی ئەو ماوەیەی کۆنتڕۆڵ کردووە؟ ئەدی چ کاریگەرییەکی لەسەر لایەنی تەکنیک و هونەری چیرۆکی ئەو ماوەیە هەبووە؟ سەرەتا دەمەوێ ئەگەر بە کورتیش بێت بگەڕێمەوە بۆ دروستبوونی پێوەندی نێوان ئەدەب و ئایدیۆلۆجیا، دەمەوێ ئەوەیش بڵێم هیچ دەقێک، تەنانەت ئەفسانە و هەقایەتیش بێ ئایدیۆلۆجیا نین، بەڵام ئەوەی من پتر مەبەستمە، ئەوەیە ئایدیۆلۆجیایەکی خاوەن پرەنسیپ و بنەما و پێڕەو ئەدەب بە گشتی و چیرۆک بەتایبەتی بکاتە کەرەسەیەک بۆ گوزارشتکردن لە خۆی، مەبەستم ئەو ئایدیۆلۆجیایەیە. بە بڕوای من پێوەندنی ئایدیۆلۆجیا بە ئەدەبەوە لەوکاتەوە  تۆکمە دەبێت، کاتێك دێتە ناو کۆمەڵناسییەوە. یەکەم کەسێك چەمکی ئایدیۆلۆجیای هێنابێتە ناو کۆمەڵناسییەوە، «کاڕل مارکس»ە. لێرەوە ئایدیۆلۆجیا ڕەهەندی کۆمەڵایەتی و فیکری و مەعریفی وەردەگرێ. «مارکس» وتارێك بە ناوی “ئایدیۆلۆژیا و چینەکان” دەنووسێ. لەوێدا بۆچوونی خۆی لەبارەی گەشەی ئایدیۆلۆجیا دەخاتەڕوو، کە لە چوارچێوەی جووڵە و گەشەی ژیانی ئابووریی و کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵدا دەڕوات. ئەمەیش دەبێتە بەرهەمهێنانی فیکر و هوشیاری. هەموو هەوڵەکان لەپێناو ئەوەدا بوون، ئەدەب بە قوڵی بخەنە خزمەت ئایدیۆلۆجیا، چونکە ئەوان لە ڕێی ئەدەبەوە، هەوڵی گەیاندنی ئایدیۆلۆجیایەکەیان دەدا. بۆیەیش هێندێک لە توێژەران بۆچوونەکانی مارکس بە هوشیاریی ساختە ناودەبەن، چونکە دەڵێن: تەنێ خزمەتی یەک چینی دیاری کراو دەکات، بەبێ ئەوەی ئاگادار بن پێوەندیان بە چینەکانی دیکەوە هەیە. هاوکات ئایدیۆلۆجیا وەکوو شتە ساختەکان نەگۆڕن و جێگیرن. بەڵام کاتێک بۆ بۆچوونەکانی فەیلەسووف کاڕل یاسپێرس دەگەڕێینەوە ئەم تێزەی مارکس کەموکوڕی تێدەکەوێت، چونکە بە بڕوای ئەو هەموو هوشیارییەک لەناو دەستەیەک، چینێکی کۆمەڵدا گەشە دەکا و پەرەدەسێنێت. بۆ نموونە ئەگەر بۆ ساڵی ١٩٥٣ بگەڕێینەوە، لە دەشتی قەراج و کەندێناوە چینی جووتیاران لە ڕێی چەند کەسێکەوە هوشیار دەکرێنەوە و بە مافەکانی خۆیان ئاشنا دەکرێن و دژ بە ئاغاکان ڕادەپەڕن و ئاغاکان لە گوندەکان دەردەکەن، ئەو بە هەرای چەپرە (هەڵڵای چەپڵە) ناسراوە، دەبینین لەناو ئەو چینەدا جۆرێک لە هوشیاریی بەرانبەر مافەکانیان دروست دەبێت. بە بڕوای ئەم فەیلەسووفە گەشەی ئایدیۆلۆجیا پێوەندی بە گەشەی ئابوورییەوە، لێرەدا ئایدیۆلۆجیا وەکوو نەسەقێک دەردەکەوێت.

لۆسیان گۆڵدمان وەک جیهانبینی لە ئایدیۆلۆجیا دەروانێت. لە کن وی جیهانبینی جۆرێک لە بیرکردنەوەیە لە بارودۆخێکی تایبەتدا خۆی بەسەر دەستە و چیەنێکی ناو کۆمەڵدا دەسەپێنێت. سەیرکە هاوڕێ گیان هەمان خاسیەتی ئایدیۆلۆجیای تێدایە. ئایدیۆلۆجیاش جۆرێک لە بیرکردنەوەی دیاریکراوە و تایبەتە بە چین و دەستەیەکی ناو کۆمەڵ. بە واتایەکی دیکە جیهانبینی نووسەر هەمان ئایدیۆلۆجیاکەیەتی لەناو دەقدا. ئەمەش ڕاستەوخۆ ئەو بۆچوونە ڕەت دەکاتەوە، کە جیاوازی لە نێوان ئایدیۆلۆجیا و جیهانبینی دەکات. لەم بۆچوونەوە بۆمان دەردەکەوێ، کە جیهانبینی داهێنانێکی تاکەکەسی نییە، بەڵکوو بیرکردنەوەی چێنێکی دیاری کراوە، وەکوو چۆن ئایدیۆلۆجیایش تایبەتە بە چینێکی ناو کۆمەڵ.

کەواتە دەمەوێ پرسیارێک بورووژێنم: ئایا هونەری چیرۆکی کوردی لە یەکەم هەوڵەوە تاکوو ساڵی ١٩٧٠ چۆن سوودی لە ئایدیۆلۆجیا وەرگرتووە؟ مەبەستم چییە لەوەی ئەم چیرۆکانە بە چیرۆکی ئایدیۆلۆجی هەژمار بکەم؟ پێوەندی نێوان چیرۆک و ئایدیۆلۆجیا چییە؟ ئەگەر لە پرسیاری کۆتایییەوە دەست پێ بکەم، بێگومان هیچ چیرۆکێک بێ ئایدیۆلۆجیا نییە. وەک ئەوەی باختین لە ڕۆمانەکانی دۆستۆیڤسکی هەڵیهێنجاوە، هەمو ڕۆمانێک، چیرۆکێک دەبێ ئایدیۆلۆجیای تێدا بێت. مەبەستی ئەوەیە هەموو کارەکتەرێک دەبێ خاوەن بیرکردنەوە و ئایدیۆلۆجیای تایبەت بە خۆی بێت و ئازادیش بێت گوزارشتکردن لەو ئایدیۆلۆجیایە. کەواتە هیچ چیرۆکێک بێ ئایدیۆلۆجیا نییە. بەم واتایە ئایدیۆلۆجیا بەشدار دەبێت لە بنیاتنانی لایەنی جوانیناسی دەقی چیرۆکدا، بە دەر لەوە چیرۆک خۆی بەسەر کۆی لایەنەکانی دەقدا دەسەپێنێت. ئەوەی جۆرج لۆکاش پێداگری لەسەر دەکاتەوە ئەوەیە ڕۆمان (دەقی گێڕانەوەیی) لەگەڵ داستانی جیاوازی هەیە، بەوەی ڕۆمان بەرهەمی بورژوازییەتە. لە داستاندا ململانێی خواوەندەکان هەن، بەڵام لە دەقی گێڕانەوەییدا (چیرۆک) ململانێی نێوان مرۆڤەکانە، چونکە لە سەردەمی سەرمایەداریدا هوشیاریی کۆمەڵایەتی دروست دەبێت، جیهانبینی تاک دروست دەبێت. دەبێت ئەوەیش بزانین لەناو چیرۆکدا بە شێوەیەکی سنووردارتر ئایدیۆلۆجیا بەکار دێت. کەواتە مادام ململانێ لەناو چیرۆکدا هەیە، ململانێیەکان بەرەو ململانێی فیکری و ئایدیۆلۆجی سەردەکێشن. بەڵام کاتێک ئایدیۆلۆجیا وەکوو حەقیقەت دەردەکەوێ، ئەوا هەموو توخم و ڕەگەزەکانی ناو چیرۆک بۆ بەرژەوەندی خۆی و لەپێناو خۆیدا بەکاردەهێنێت. دەرکەوتنی ئایدیۆلۆجیا وەکوو حەقیقەت لەناو چیرۆکدا کاریگەری نێگەتیڤی لەسەر لایەنی هونەری چیرۆک هەیە. لەم ماوەیە یەکێک لە جوانترین وتارەکانم لە بارەی ڕۆمانەوە خوێندەوە، وتارێکی کاروان کاکەسوور بە ناوی پەیامی ڕۆمان و ڕۆمانی پەیامی لە سایتی ژنەفتن زۆر بە جوانی لەبارەی بوونی حەقیقەت لەناو ڕۆمان قسەی کردووە. لەوێدا کاروان باسی ئەوە دەکات باوەڕبوون بە حەقیقەت، دنیا بەسەر بەرەی چاکە و خراپەدا دابەش دەکات. بە واتایەکی دیکە بەسەر بەرەوی ڕاست و چەوت، خاوەن ماف و بێماف. بۆ ئەمەیش نموونەی تێزەکانی نیتشەمان بۆ دەهێنێتەوە. لێرەدا من سوود لە تێزەکانی ئەو وەردەگرم، بەوەی لەناو زۆربەی چیرۆکی کوردی ئەوە ماوەیەی سەرەوە، کە باسم کرد، دوو بەرە هەن، بەرەیەک لەسەر حەقە و بەرەیەکیش تاوانبار، جووتیار و ئاغا، کرێکار و سەرمایەدار، شۆڕشگێڕ و داگیرکەر. لەناو ئەم چیرۆکانەدا ئایدیۆلۆجیا بە گشتی و ئایدیۆلۆجیای چەپ بەتایبەتی وەکوو حەقیقەتێکی ڕەها دەردەکەون. حەقیقەتێک، وەک دوا حەقیقەت، وەک ئەوەی لە دەرەوەی ئەو ئایدیۆلۆجیایە هەموو شتەکانی دیکە هەڵە بن. بۆ نموونە ناونیشانی زۆربەی چیرۆکی ئەو ماوەیە دەلالەتە لە ئایدیۆلۆجیای چەپ، بۆ نموونە چیرۆکەکانی شاکر فەتاح، زیاتر باسی بابەتی بەرتیلخۆری و دەرخستنی ڕووی ڕاستەقینەی پیاوانی ئایینی و زوڵمی ئاغاکان. عەلائەددین سەجادی بە وردی ئازاری چینی جووتیار و پاڵە دەخاتەڕوو، تەنانەت ئەو چیرۆکانەی ڕووداوەکانی لە شار ڕوودەدەن، ڕووی ڕاستەقینەی پیاوانی شارەوانی و کاربەدەستانی حكوومی دەخاتەڕوو. ئیبراهیم ئەحمەد بە هەمان شێوە ململانێ و گرفتی جووتیاران، هاوکات کاتێک باسی شار دەکات، گەندەڵی و بەرتیلخۆری دەبێتە مژاری چیرۆکەکانی، داوای گۆڕینی سیستەم دەکات، بەتایبەتی سیستەمی پاشایەتی ئەمە درێژ دەبێتەوە تا ساڵی ١٩٧٠. بێگومان تاقولۆق چیرۆکی جیاواز هەیە، بۆ نموونە چیرۆکی چای شیرین لە نووسینی حسەین عارف، چیرۆکەکانی مستەفا ساڵح کەریم و جەمال نەبەز.

دیارگیان! کاتێک باسی ئایدیۆلۆجیا دەکەم، هەر ئایدیۆلۆجیای چەپ و مارکسیزمم مەبەست نییە، خۆ ئیشکردن لەبارەی تێمە ناتەوەیی و شۆڕگێڕییەکانیش هەمان شتن. هێندێک لە چیرۆکی کوردی تا ساڵی ١٩٧٠ و تەنانەت دواتریش لە خەمی نەتەوەییدا بوون، لێرەدا مەبەستم نییە بڵێم ئەمە نابێت و بڤەیە، نا، مەبەستم ئەوەیە هەر تێمایەک لەسەر حیسابی تەکنیک و لایەنی هونەری چیرۆک بێت ئەوا لە چیرۆکی دەخات و دەیکاتە نووسینێکی پەیامدار. ئەگەر بێین بۆ ساڵانی حەفتا، ئەوا هونەری چیرۆکی کوردی لە ڕووی فۆرم و ناوەڕۆکەوە گۆڕانی ڕیشەیی بەخۆیەوە دەبینێت. بەڵام گوتاری ئایدیۆلۆجی هێشتا بوونی هەیە. لێرەدا پێویست ناکا بۆ ئەو بارودۆخە بگەڕێمەوە، کە کاریگەری لەسەر ئەم نوێکردنەوەیە هەبووە، بۆ نموونە بەیاننامەی یانزەی ئازار، کە دەرفەتی بۆ مۆڵەتدان بە چەندین ڕۆژنامە و گۆڤار ڕەخساند، پەیدابوونی ڕەوتی نوێ وەکوو ڕوانگە و گرووپی کفری. ڕوانگە دەبێتە فاکتەرێک بۆ ئەوەی چیرۆکنووسان بیر لە تەکنیکی نوێ بکەنەوە، لێرەدا پێویست ناکا ناوەکانیان ڕیز بکەم. ناونیشانی چیرۆک گۆڕانی ڕیشەیی بەسەردا دێت، ئەگەر لە قۆناغەکانی پێشتر ناونیشان شێوەیەکی ئاشکرای هەبووبێت، واتە تۆ لە ناونیشانەوە دەتزانی چیرۆکەکە لەبارەی چیەوەیە، ئەگەر بۆ نموونە چیرۆکی “ڕۆنەزەنگی حەمەسەن” لە نووسینی عەلائەدین سەجادی، “کوێرەوەری‌”ی ئیبراهیم ئەحمەد، “پەنجا فلس”‌ی محەمەد مەولوود مەم و “لە کۆڕی خەباتا”ی حسەین عارف هەموو ئەمانە دەزانین چیرۆکەکە دەیەوێ چیمان پێ بڵێت، بەڵام لە دوای ساڵی ١٩٧٠ەوە ناونیشانی چیرۆکی کوردی دەگۆڕێت و پتر ڕەمزدار دەبێت و لە یەک وشە دەبێت. بۆ نموونە چیرۆکی “نێچیری” ئەحمەد محەمەد ئیسماعیل و دەیان چیرۆکی تر. خۆشەویستی دەبێتە تێمەیەکی سەرەکی لە چیرۆکی کوردی ئەو کات، بەڵام نەک وەک خۆشەویستییەکی مەم و زینانە. هاوکات شێوەی کرۆنۆلۆجی گێڕانەوەی ڕووداوەکان و کات تێکدەشکێندرێت، چیتر سەرەتا و ناوەڕاست و کۆتایی لەناو چیرۆکدا پێڕەوی لێ ناکرێت، بەڵام بەو واتایە نایەت بە تەواوەتی نەماوە، بەڵام گۆڕان لەمەدا ڕوودەدات. لە لایەکی دیکەوە چیرۆکی زۆر کورت پەیدا دەبێت، کە گۆڕانێکە لە فۆرمی چیرۆکی کوردی. پنتێکی دیکە گۆڕان ئەوەیە، ڕەمز بە شێوەیەکی هونەری لەناو چیرۆکی کوردی سوودی لێ وەردەگیرێت. پێشتر، ڕەمز هەبووە، بەڵام ڕەمزێکی هێندە ئاڵۆز نەبووە، چونکە ئیشکردن لەناو زمان بە شێوەیەکی سادە بووە. با ڕوونتر قسە بکەم، چونکە فۆرمی هەقایەت و ئەفسانە بەسەر زمانی گێڕانەوەدا زاڵ بووە. لە ساڵی ١٩٧٠ەوە ئەمە دەگۆڕێت، واتە گۆڕین لە زمانی گێڕانەوەدا ڕوودەدات، چونکە باری سیاسی کاریگەری دەبیت لەسەر ئەم شێوازە لە زمانی گێڕانەوە، چونکە چاودێرییەکی وردی نووسین و ڕۆژنامە و نووسەران دەکرێت. بەکارهێنانی ڕەمز و کارکردن لەناو زماندا، کە بۆ ساڵانی هەشتا درێژ دەبێتەوە، لە لایەک بۆ دروستکردنی شیعرییەت و لایەنی ئێستێتیکی دەقەکە بووە. لە لایەکی دیکەوە هەوڵێک بووە بۆ هێنانەدی دەلالەتی پتر بۆ وشەکان. کەواتە ئیشکردنێکی سایکۆلۆجیانە بووە، بۆ ئەوەی خوێنەر توێژینەوەیەکی، یان خوێندنەوەیەکی دەروونشیکاریانە. لە ساڵانی هەشتای سەدەی ڕابردوودا شێرزاد حەسەن دەبێتە پنتی گۆڕین لە فۆرم و ناوەڕۆکی چیرۆکی کوردیدا، بەتایبەت بە هەردوو کۆمەڵە چیرۆکی تەنیایی و گوڵی ڕەش. دەزانم لەبارەی ئەم بابەتەوە زۆر گوتراوە، دەمەوێ ئەوە بڵێم، شێرزاد ململانێیەکان لە دەرەوە و واقیعی ناو چیرۆک بۆ ناوەوەی کارەکتەرەکان دەگوازێتەوە. واتە دەروونی کارەکتەر دەبێتە شوێنی ململانێ. کارەکتەر هەموو ململانێیەکان لە دەرەوەی خۆی دەباتەوە ناو دەروونی خۆی. لە چیرۆکی پێش ئەو قۆناغە ئەگەر کارەکتەر بە وەسفی دەرەوە بناسرایەتەوە، ئەوا لە چیرۆکەکانی شێرزادەوە لە ڕێی وەسفی باری دەروونییەوە کارەکتەر دەناسرێتەوە. شێرزاد دێت هەموو ئەو چەپاندن و گرێ دەروونیانەی تاکی کورد هەیەتی لە چیرۆکدا باسیان دەکات. لەو ڕێیەوە دەروونشیکارییەکی ورد بۆ تاکی کورد دەکات. بێگومان چەپاندنی کولتووری، ئایینی و سیاسی و جەنگ کاریگەری قووڵیان لەسەر دەروونی تاکی کورد دروست کردووە، دەمەوێ بڵێم ئەگەر لە قۆناغی پیشتر واقیع و مەیدانی کۆمەڵایەتی جێی بایەخدانی چیرۆکنووسان بووبێت، ئەوا لە گەرمەی جەنگی عێراق- ئێراندا دەروونی کارەکتەرەکان دەبێتە ئەو جێیە. ئەم چیرۆکنووسە بە کاریگەری تیۆرییە دەروونییەکانی فرۆید و پاڤلۆڤ و ئەدلەر چیرۆکەکانی دەنووسێت. تاکی کورد لە باشووری کوردستان لەو سەردەم هێندەی لە ڕووی دەروونییەوە ماندوو بوو، هێندە لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە ماندوو نەبوو. نسکۆی ساڵی ١٩٧٥، شەڕی براکوژی حیزبە کوردییەکان لە شاخ، جەنگی نێوان عێراق و ئێران، سانسۆری سیاسی و دەیان هۆکاری دیکە دەروونی تاکی کوردیان ماندوو کردبوو، بۆ گوزارشتکردن لەو بارودۆخە، بۆ قسەکردن لەبارەی ئەو هەموو گرێ دەروونییە، دەروونزانی ئامرزێکی ورد و کاریگەر بوو. بۆیەیش دەبینین ناونیشانی چیرۆکەکانیش هەمان گوزارشتیان هەیە: تەنیایی، نهێنی، گرێ، من و قالە و سەگەکەی پاڤلۆڤ و ترس و…تاد.

چیرۆکنووسانی بەری ڕاپەڕین زۆربەیان بەردەوام دەبن و ئەزموونەکانیان لە دوای ڕاپەڕین بڵاودەکەنەوە، جودا لەوەیش لەو کات گەنجی دیکەیش دێنە پێشەوە. نەوەیەکی ماندوو، نەوەی سەردەمێکی ماندوو، ئومیدی زۆریان بە بەرپابوونی ڕاپەڕین هەیە، ئاسۆیەکی نوێیان لێ دیارە. گەنجەکانیش نەوەیەکن لەناو ئازادیی سیاسی پێدەگرن، بەڵام یادەورییان لەگەڵ سەردەمی بەعس هەیە. هەموو ئەم ئومێد و خەونە وەڕاست ناگەڕێ، وەکوو خەونی شاعیرانەی لێ دێت. هەر زوو شەڕی براکوژی نێوان براکان، گرانی و بارودۆخی ئابووری، دابەشبوونی زۆربەی نووسەران بەسەر حیزبەکان و دەیانی هۆکاری ماندووکەرتری دیکە. جۆرێک لە ڕەشبینی و بێئومێدی دەبێتە فەزای دەقە چیرۆکییەکان. تەنانەت زۆرێک لە چیرۆکنووسان و نووسەران بەرەو تاراوگە سەرهەڵدەگرن، لەوێ بەر ئەدەبیاتی ئەو وڵاتانە دەکەون. ئەم ڕەشبینییە دەقی شیعری و ڕۆمانیش دەگرێتەوە. ئەوەی جێی تێبینییە نەوەی پیش ڕاپەڕین وەکوو خۆیان بەردەوام دەبن، تاقوتەرایان دەتوانن گۆڕینێکی کەم لە ئەزموونی خۆیان بکەن، بەڵام نەوەی دوای ڕاپەڕین جودا لەوەی ڕشبینییەک فەزای چیرۆکەکانیانی داگیرکردووە، هاوکات نوێبوونەوەی چیرۆک خۆی بە ئەزموون و تەمەنەوە پێوەست ناکات، بەڵکوو خۆی لە چۆنیەتی نووسین و تایبەتمەندی نووسین دەبینێتەوە. ئەمەیش بێگومان بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، وەک باسم کرد زۆربەی نووسەران ڕوو لە تاراوگە دەکەن و لەوێ زمانی دیکە فێر دەبن، بەر ئەزموون و تەکنیکی نوێ دەکەون. هاوکات ئەدەبیاتی فارسی لە جیاتی ئەدەبیاتی عەرەبی کاریگەری پتر دەبێت. ئەگەر پیش ڕاپەڕین ئەدەبی عەرەبی لە باشوور سەرچاوە و دەرگەی یەکەم بوو بۆ بینینی ئەزموون و دەقی جیهانی، ئەوا لە دوای ڕاپەڕین، نەوەیەک پەیدا دەبن پتر فارسی دەزانن و لەوێوە ئاشنای ئەدەبیاتی دنیا دەبن. بە هەردوو بارەکە قازانج و زەرەرمان کردووە. قازانجمان کردووە بەوەی چیرۆکی کوردی زیاتر بایەخ بە لایەنی هونەری تەکنیک دەدات، بۆ نموونە فەرهاد پیرباڵ ساڵی ١٩٩٤ دێتەوە و “پەتاتەخۆرەکان” بڵاو دەکاتەوە، تەنیا تەکنیکە، خوێنەر کاتێک دەیخوێنێتەوە دەکەوێتە ناو جۆرێک لە گەمەی تەکنیک. کاروان کاکەسوور ئەسپیدیلۆن بڵاو دەکاتەوە، بە شێوەیەکی زۆر هونەریانە سوود لە یادەوەری وەردەگرێت و واقیعێکی دیکەمان بۆ دەخولقێنێت. بە گشتی بنەما ئایینی و فەزا ئایدیۆلۆجییەکان لە چیرۆکی دوای ڕاپەڕین پشتگوێ دەخرێن، ئەوەی زۆرتر جەغدی لەسەر دەکرێتەوە بابەتی تاکگەراییە و خودگەرایی دەکرێتەوە. بەڕۆژ ئاکرەیی لەو چیرۆکنووسانەیە، بەو دوو کۆچیرۆکەی بە کوردی هەیەتی، شێوازێکی تایبەت بە خۆی هەیە. هەرچەندە دەکرێ هەست بە کاریگەری شێوازی نووسینی چیرۆکی نوێی فارسی لەسەر شێوازی نووسینی چیرۆک لە کن بەڕۆژ بکەین. بۆ نموونە چیرۆکەکانی «گوڵشیری» و «چوبک» و «محەمەد عەلی جەمال‌زادە». «بەڕۆژ» خۆی لە چاوپێکەوتنێک دەڵێت: گوڵشیری واتە چیرۆک. بەڵام ئەمە واتای ئەوە نییە، بەڕۆژ تەواو لاسایی چیرۆکنووسانی فارس بکاتەوە، بەڵکوو کاریگەرە، کاریگەریش لە سروشتی مرۆڤ و ئەدەبدا هەیە. بایەخدان بە شتە بچووک و پەراوێزخراوەکانی ژیان، سادەکردنەوەی زمان لەپێناو چیرۆکدا، دروستکردنی فەزای هاوبەش لە نێوان چیرۆکەکانی یەک کۆچیرۆک، خوێنەر دەتوانێت هەر چیرۆکە بە شێوەیەکی سەربەخۆ بخوێنێتەوە و دەتوانێت ڕایەڵ و هێڵی هاوبەش لە نێوان چیرۆکەکانیش بدۆزێتەوە. دروستکردنی ڕیتم و جۆرێک لە مۆسیقا، ئەویش لە پێناو خێراکردنی ڕەوتی خوێندنەوە و لایەن ئێستێتیکای دەقدا. هاوکات شێوازی مینیماڵ دەبێتە شێوازێکی تازە لە نوونی چیرۆکدا بەتایبەت لە سەرەتای سەدەی بیستویەکەوە.

پنتێکی دیکەی جەوهەری هەیە سەبارەت بە توێژینەوە لە چیرۆکی کوردیدا. خۆت ئاماژەت بە بە هەوڵی حسەین عارف کرد. پاش ئەو عومەر مەعروف بەرزنجی هەوڵێکی دیکە، بە چاولێکەری و کاریگەری هەوڵەکەی حسەین عارف بڵاو دەکاتەوە. ئەوەی جێی تێبینییە توێژینەوەی تیۆرییمان بۆ چیرۆک لە ئەدەبی کوریدا زۆر کەمە. هەندێک وتاری حسەین عارف لە دەیەی شەست و حەفتای سەدەی ڕابردوو نووسراون. ئەوەی هەمانە لە وتاری ڕۆژنامەوانی تێپەڕ ناکەن. لێرە و لەوێ چەند توێژینەوەیەک بە کتێب نووسراون. بۆ نموونە ئەو دوو کتێبەی باسم لەسەرەوە، “ئافرەت لە چیرۆکی کوردیدا” لە نووسینی حەسەن جاف، “لێکۆڵینەوەی کورتەچیرۆکی کوردی لە باشووری کوردستان” لە نووسینی ئیبراهیم قادر محەمەد، “بینای هونەری چیرۆکی کوردی” لە نووسینی پەرێز سابیر و چەندین توێژینەوەی دیکە. ئەوەی جێی سەرنجە تاکوتەرایان نەبێت بە دەگمەن باسی تیۆریین، هەرچەندە نامەی ماستەر و دوکتۆرامان زۆرن لەو بارەیەوە، زۆربەیان کۆکردنەوەی زانیارین لە باتی ئەوەی توێژینەوەیەکی زانستی بن، هاوکات زۆربەشیان پاتەی بابەتەکانن، هەر بۆ نموونە چەندین نامەی ماستەر و دوکتۆرامان هەیە لەبارەی ڕەگەزی ڕووداو، کارەکتەر، شوێن، کات، دایەلۆگ و…تاد. زۆربەی ئەم نامانە لە ڕاستیدا وەکوو قالبێک وان، لە سەرچاوەی عەرەبی و فارسییەوە زانیارییەکان کۆکراونەتەوە و چیرۆک، یان ڕۆمانی کوردیان تێپەستێندراوە. ئێمە تاکوو ئیستا بە دەگمەن نەبێت توێژینەوەیەکمان لەبارەی چیرۆکەوە نییە، سروشتی چیرۆکی کوردیمان تێدا دەرخستبێت، زۆربەیان بە شێوەیەکی گردەبڕ بڕیاریان لەبارەی چیرۆکی کوردی داوە. تاکوو ئێستایش توێژینەوەگەلی وردمان لە ڕووی تیۆرییەوە لەبارەی چیرۆکەوە نییە، ئەوەی هەمانە پتر لە سەرنج دەچن، تەنانەت ئەوەیشی هەیە زیادتر ئیشکردنە لەبارەی ناوەڕۆکی چیرۆکەکان. من لە کتێبی “هونەرەکانی چیرۆکنووسین”‌دا هەوڵمداوە بیستوپێنج هونەری چیرۆک لە ڕووی تیۆرییەوە بەرباس بدەم، بەڵام ئەم هەوڵەی من، زۆر چکۆلانە و سەرەتاییە، پێویستی بە هەوڵی ئەکادیمیی گەورە هەیە، چونکە ئێمە دەبێت سروشتی چیرۆکی کوردی لە هەوەڵەوە تاکوو ئیستا بخەینەڕوو، ئەمە بۆ مێژووی ئەدەبی کوردی سوودی دەبێت. تۆ سەیر بکە لە نووسینەوەی مێژووی ئەدەبی فەرامۆشترین ژانر چیرۆکە، تەنێ بایەخ بە شیعر دراوە، وەکوو ئەوەی ئەدەبی کوردی تەنێ شیعر بێت، لە هەموو ئەو کێبانەی لەبارەی مێژووی ئەدەبی کوردییەوە نووسراون بە داخەوە گێڕانەوە بە گشتی و چیرۆک بەتایبەتی فەرامۆشترینە. تۆ سەیر بکە عەلائەددین سەجادی، خۆی یەکێک بوو لە چیرۆکنووسانی گۆڤاری گەلاوێژ، بەڵام کاتێک مێژووی ئەدەبی کوردی دەنووسێت، چ باسێک لە چیرۆک ناکات، مارف خەزنەدار، هەمان شێوە کۆمەڵەچیرۆکێکی هەیە، لە مێژووی ئەدەبی کوردییەکەیدا باسی چیرۆک ناکات، هەرچەندە تاکوو ساڵانی حەفتای سەدەی ڕابردوو دێت. بایەخنەدان بە چیرۆک لە توێژینەوەی ڕەخنەییدا وەکوو پیشتر گوتم کەمشارەزایی و دەستکورتییە لە چیرۆک لە ڕووی تیۆرییەوە، بە دەگمەن چیرۆکنووسمان هەن، بتوانن لە ڕووی تیۆرییەوە باس لە توخم و تەکنیکی چیرۆک بکەن. لە چاوپێکەوتنەکان پێمان دەڵێن: چیرۆک ڕووداو، کارەکتەر، شوێن، دایەلۆگ و…تاد تێدایە، بەڵام بە دەگمەنن ئەوانەی پێمان بڵێن: ڕووداوسازی چییە؟ کارەکتەرسازسی چییە؟ فەزاسازی چییە؟ شوێنسازی چییە؟ واتە ئەوان پێناسەی ڕووداو، کارەکتەر و فەزامان بۆ دەکەن، بەڵام تاقولۆق نەبێت ناتوانن پێمان بڵێن چۆن ڕووداو دەخولقێنن، چۆن کارەکتەر دەخولقێنن، چۆن دایەلۆگ دەخولقێنن. تۆ سەیری زۆربەی جیرۆکی کوردی بکە، پڕیەتی دایەلۆگ، بەڵام دەبینی کارەکتەرەکانی هەر چیرۆکێک بە یەک زمان دەپەیڤن. زۆر کەمن ئەو چیرۆکانەی کارەکتەرەکانی لە ڕێی قسە و شێوەئاخاوتن بناسینەوە. دەگمەنن ئەو چیرۆکانەی کارەکتەرسازی لەسەر بنەمای ژینگە و پێگەی کۆمەڵایەتی و ئاستی تەمەن ئەنجام درا بێت. ئەمە دەردێکە یەخەی کارەکتەرسازی لە ڕۆمانیش گرتووە. کارەکتەر ئەگەر پیاوێکی پیری گوندنیشن، منداڵێک، کچێکی قوتابی زانکۆ، پیرەژنێک، ژنێکی ماڵ، مامۆستایەکی زانکۆ، پزیشکێک و…تاد هەموویان یەک شێوەئاخاوتنیان هەیە، ئەگەر ناوەکەنیان دیار نەبێت خوێنەر نازانێت کامەیانە دەپەیڤێت.

تەنز لە چیرۆکدا، کە من پتر لەگەڵ زاراوەی ساتیرم، کە هەمان زاراوە ئینگلیزییەکەیە و پتر دەلالەتەکە دەگەیەنێت. لە بنەڕەتدا ساتیر جۆرێک لە شیعر بووە ڕیشەکەی بۆ سەردەمی یۆنانی کۆن دەگەڕێتەوە، بەلام زۆربەی توێژەران ڕۆمانییەکان بە داهێنەری ئەم جۆرەی شیعر دەزانن. بە شێوەیەکی زۆر سادە دەقی ساتیر هەوڵێکە بۆ ڕووبەرووبوونەوەی واقیعی کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئایینی. دەرفەتێکە بۆ ئەوەی خەمەکانی خەڵک، برینەکانی خەڵک پیشان بدرێت. خەمەکانی کۆمەڵ و خەڵک لە ڕێی ئەم جۆرە دەقەوە بە زەردەخەنە و پێکەنینەوە دەردەبڕدرێن. کەواتە ساتیر جۆرێکی سادەی دەق نییە، بەڵکوو هێندەی گرینگی بە لایەنی هونەری دەقەکە دەدرێت، هێندە ئامانج لێی پێکەنین نییە، چونکە نووسەر دەبێت هەموو ناشرینییەکان، ڕەخنەکانی بە بەرگێکی هونەری بەرز داپۆشێت بۆ ئەوەی بە سانایی کەشف نەکرێت. کەواتە ئەم جۆرەی شیعر هۆکارێکە بۆ ئەوەی ئاستی هوشیاریی خوێنەر بەرز ببێتەوە، چونکە خوێنەر دەبێ کۆشش بکات بۆ ئەوەی دەلالەتەکانی شیعرەکە ڕاڤە بکات. کەواتە دەکری هەموو ژانرێک سوود لە ساتیر وەرگرێت و یەکێکە لەو فاکتەرانی دەتوانین لە ڕێیەوە واقیع بگۆڕین. تەنانەت پێکەنین یەکێکە لەو هۆکارانەی دەکرێ لە ڕێیەوە ڕووبەڕووی دەسەڵات بینەوە، دەسەڵات تەنێ بە واتا سیاسییەکەی نا، بە کۆی واتاکانییەوە. ئەم شێوازە لە دەقدا ئاگاییەکی زۆری دەوێت. لە دنیادا زۆرن ساتیرنووسن، واتە تەنی بە شێوازی ساتیر دەق دەنووس، بۆ نموونە عەزیز نەسین لە بواری گێڕانەوەدا. هاوکات دەکرێت چیرۆکنووسێک هەبێت لێرە و لەوێ لە دەقەکانیدا سوود لەم فۆرمە وەرگرێت. ڕووبەرووبوونەوەی دەسەڵاتی سیاسی، ئایینی، ئایدیۆلۆجی و…تاد لە ڕێی ساتیرەوە جەنگێکی بێ خوێنە، کاریگەرترین فاکتەرە بۆ لێدانی سێنترالیزمی دەسەڵات. تۆ سەیر بکە لە ڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە چ حەشرێک بە دەسەڵات (بە کۆی فۆرمەکانییەوە) لە ڕێی قسە و شیعر و نوکتەی ساتیرییەوە دەکرێت. لەو ڕێیەوە دەتوانین خەمەکانی تاک و کۆمەڵ، گرفتەکانی کۆمەڵ دەرببڕین. دەتوانم بڵێم ساتیر کاردانەوەیە بەرانبەر ئەو گاڵتەجاڕیەی لەناو ژیاندا هەیە. بە بڕوای من بۆ نووسینی چیرۆکی ساتیرئامێز جۆرێک لە پسپۆڕیی وەرگرێت، مەبەستم ئەوە نییە، وەکو وانە بخوێندرێت، بەڵکوو مەبەستمە نووسەر تایبەت بەم فۆرمە خۆی تەرخان بکات، وەکوو چۆن دوکتۆر شێرکۆ عەبدوڵڵامان هەیە ئاوایش چیرۆکنووسمان هەبێت، دەقەکانی تایبەت بن بەو فۆرمە. فۆرمالیستەکان لە هەوەڵین ئەو ڕەخنەگرانە بوون، کە بایەخیان بە توێژینەوە لە دەقی ساتیرئامێز داوە. بۆ نموونە ئیخنباوم، هەوەڵین وتاری خۆی وەکوو فۆرمالیستێک تایبەت دەکات بە چیرۆکێکی گۆگۆل، چیرۆکێکی ساتیرئامێزە و گاڵتە بە واقیعی ئەو سەردەم دەکات. تەنانەت ڕەخنەگرێکی وەکوو یوری تیتانۆڤ بڕوای وایە گێڕانەوەی ساتیرئامێز لە زۆربەی کاتدا وەکوو ئامرازێک بۆ گۆڕینی ئەدەبی بەکار دێت، چونکە کاتێک نووسەری ساتیرئامێز دەقەکانی بەم فۆرمە بڵاودەکاتەوە، ئەوا ڕێ بۆ کۆمەڵێ خاسیەتی نوێ دەکاتەوە، کە وەکوو شێوازێکی نوێ خۆیان دەرخەن. بۆ لایەنی پراکتیکی ڕۆمانەکانی دۆستۆیڤسکی وەردەگرێت، چونکە ساتیر گرینگترین فاکتەرە بۆ تێگەیشتن لە واقیع. بە هەمان شێوە باختین بۆ داڕشتنی تیۆریەکەی لەبارەی فرەدەنگی لە ڕۆماندا پەنا بۆ کەرنەڤال و گاڵتەکردنەکانی کۆن دەگەڕێتەوە، چونکە لەو کەرنەڤاڵانەدا گاڵتە بە پاشا و پیاوانی ئایینی دەکرا و کەسیش بۆی نەبوو سزایان بدات. کەواتە پێکەنین و ساتیر ڕێیەکن بۆ هێنانەدی دەنگی نوێ و فرەدەنگی، چونکە هەموو کەس ڕێی پێ دەدرێت قسە بکات، هاوکات ڕێیەکە بۆ دروستبوونی جیهانبینی. بە داخەوە تاکوو ئێستا لە چیرۆکی کوردیدا چیرۆکنووسێکمان نییە تایبەت چیرۆکی ساتیر بنووسێت و لەو ڕێیەوە واقیع و گرفتە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان نیشان بدات.

جیاوازی نیوان چیرۆکی پێش ڕاپەڕین و دوای ڕاپەڕین لە زۆر ڕووەوە جیاوازیان هەیە، لە سەرەوە ئاماژەم بۆ هێندێک لەو جیاوازیانە کردووە، لێرەدا بە پێی ئەو ئەزموونەی لە خوێندنەوەی چیرۆکدا هەمە، دەمەوێ ئاماژە بۆ هێندێک لەو پنتە جیاوازانەی نێوان هەردوو نەوە بکەم. یەکێک لە پنتەکان بابەتی زمانە، لە چیرۆکی پیش ڕاپەڕین زمانی گێڕانەوە، زمانێکی ڕەمزدارە، زمانێکە پتر لە زمانی ڕۆشنبیران دەچێت، بەر کەمترین فرەیی لە زماندا دەکەوین. بەڵام لە چیرۆکی دوای ساڵانی دووهەزار هەر کارەکتەرە زمانی ئاخاوتنی تایبەت بە خۆی هەیە، مەبەستم ئەوە نییە کۆی چیرۆکی ئەو ساڵانە بەو شێوەیەیە، نا مەبەستم ئەوەیە ئەمە وەکوو شێوازێکی جیاواز لای هەندێک چیرۆکنووس دەردەکەوێت. هاوکات زمانێکی سادەی دوور لە ڕەمز، زمانێک سادە دەبێتەوە، چونکە هەموو کارەکتەرەکان بە گویرەی ژینگەی کۆمەڵایەتی خۆیان دەپەیڤن، ئەم شێوازە لای بەڕۆژ ئاکرەیی، سیامەند هادی، دانا فایەق و کاروان کاکەسوور و بەختیار حەمەسوور و چەند چیرۆکنووسێکی دیکە کاری لەبارەوە کراوە.

پنتێکی دیکە ئەو شێوازە مینیماڵیەیە، کە بوردی لە لایەن چەند چیرۆکنووسێکەوە کاری لەبارەوە کراوە، هەرچەندە پێشتریش ئەزموونی لەو شێوەیەمان هەبووە، بەتایبەت لای چیرۆکنووسانێکی وەکوو سابیر ڕەشید و فەرهاد پیرباڵ، ئەویش واتای فراوان بە کەمترین وشە. ئەم شێوازە لە چیرۆک بە چیرۆکی بروسکئاسا، چیرۆکی پۆستکارتی نار دەبرێت. بێگومان لەگەڵ هاتنی ڕەوتی مۆدێرنیزم ئەم شێوازە لە نووسینی چیرۆک پەیدا دەبێت. ئەم فۆرمە لە نووسین لە ڕۆمانیشدا ڕەنگی داوەتەوە، بۆ نموونە پیرەمیرد و زەریای هەمینگوەی، چیرۆکەکانی ڕەیمۆند کارڤەر و چیرۆکەکانی جەی.دی.سالینجەر و…تاد. لەگەڵ هاتنی ئەم شێواز و فۆرمە لە چیرۆک دوای ساڵی ٢٠٠٠، دەبینین گۆڕین لە کارەکتەریش ڕوودەدات، کارەکتەری زۆربەی چیرۆکی کوردی، کەسە پەراوێزخراوەکانن، کەسانی ئاسایین. ئەگەر لە چیرۆکی پێشتر کارەکتەرەکان، کەسانی ڕۆشنبیر و زانا و دانا بووبن، ئەوا لەم قۆناغەدا کارەکتەرەکان کەسانی ئاسایین، کەسانێک نین ئەهلی کتێب، سیاسەتڤان و هەڵگری خەونی گەورە. کەسانێکن، کێشەکەیان لە کیشەی ئاسایی خەڵک دەچێت، کەسانێکن تەنیان، بەڵام بە شێوەیەکی فەلسەفەی باسی تەنیایی ناکەن، بەڵکوو بەو شێوەیەی تێیدا دەژین باسی دەکەن، بۆیەیش دەبینین قسە و ڕەفتاریان سادەیە، پەیڤەکانیان سادەن، پفنەدراون بە وشە و قسەی قەبە و فەلسەفی، بە هەمان شێوەئاخاوتنی بازار و کوچە و کۆڵانەکان دەپەیڤن. کارەکتەر لەم شێوازەی چیرۆکدا هەر لە هەوەڵەوە بە شێوەیەکی کامڵ دەردەکەوێ، بەڵام دەبینین لە ڕۆماندا بە درێژایی ڕووداوەکان گەشە دەکات. لە چیرۆکی ئەم قۆناغەدا شازادە، فریادرەس، فریشتەی چاکەخواز دەرناکەوێت، کەسەکان بە شێوەی ئاسایی خۆیان دەردەکەون.

پنتێکی دیکەی جیاواز ئەوەیە ناوەڕۆکی چیرۆکی ئەم ماوەیە پتر دەغدغەی مرۆڤە لە عیشق، تەنیایی و مەرگ و…تاد دەگرێتەوە، ئەمەیش واتای ئەوە نییە لە چیرۆکی پێش ڕاپەڕین ئەمانە نەبوونە، بەڵکوو هەن، بەڵام شێوازی ئیشکردن لەبارەیانەوە جیاوازە. لە پیش ڕاپەڕین و تا دوای ڕاپەڕینیش بە شێوەیەکی گشتی کاریان لەبارەوە دەکرا، بۆ نموونە کە باسی مەرگ دەکرا، وەکوو مەرگی نەتەوە، مەرگی شۆڕش، مەرگی سەکردە باسی لێوە دەکرا، بەڵام چیرۆکی ئێستای کوردی مەرگ وەکوو شتێکی خودیانە، وەک تاکەکەس باس لە مەرگ دەکرێت، مەرگی تاکەکەس. لە ڕوانگەیەکی فەلسەفی و سیاسییەوە باسی ئەم تێمایانە دەکرا، لە زۆر باردا جیهانبینی و ئایدیۆلۆجیای چیرۆکنووس تێکەڵ بەم تێمایانە دەکرا، بە واتایەکی دیکە چیرۆکنووس لە جیهانبینی خۆیەوە، نەک کارەکتەرەکان ئەم تێمایانەی باس دەکرد، بەڵام ئەوەی ئێستا وەک پنتێکی جیاواز دەردەکەوێ ئەم تێمایانە لە جیهانبینی خودی کارەکتەرەوە ئیشیان لەبارەوە دەکرێت.

پار وەکوو یەکێک لە ئەندامانی لێژنەی چیرۆک بووم لە بیستوسێهەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژدا، دوای تەواوبوونی فێستیڤاڵ وتارێکم بە ناوی “بۆ ئەم چیرۆکانە خەڵاتیان برد؟” بڵاوکردەوە. لەوێدا بە وردی ئەو پنتانەم دەستنیشان کرد، کە بە لای منەوە لەو چیرۆکانەدا هەبوون، کە خەڵاتیان برد و پنتی نوی بوون لە ڕووی تەکنیکی و هونەرییەوە. یەکێک لەو پنتانەی لەوێدا ئاماژەم بۆ کردووە، ئیشکردن بووە لەناو ناونیشان. ناونیشان وەکوو ڕەگەزێکی هونەری لە دوای ڕاپەڕینەوە بە گشتی و دوای ساڵی ٢٠٠٠ بەتایبەتی گۆڕینی ڕیشەیی بەسەردا دێت. بۆ نموونە چیرۆکی پێش ڕاپەڕین زۆربەی ناونیشانەکانیان لە یەک وشە، یان گرێ پێکهاتووە، بەمەیش خوێنەر نەیدەتوانی هیچ خوێندنەوەیەکی جیاوازی بۆ بکات. بەڵام دوای ساڵی ٢٠٠٠ ناونیشانی چیرۆکی کوردی دەبێتە ڕستە، زۆربەی ڕستەکانیش جۆرێک لە گێڕانەوە لەخۆ دەگرن. بێگومان پیشتر لە ئاماژەم بەم شێوازی ڕستەییەی ناونیشان لە لای چیرۆکنووسانی جیهانی بۆ نموونە ڕەیمۆند کارڤەر و جەی.دی.سالینجەر و هەمینگوەی و چەندانی دیکە کردووە. لە کوردیدا دەتوانین ئاماژە بە چەند کۆچیرۆکێک بکەین، لەوانە: شتێک لەم دەوروبەرەی بەڕۆژ ئاکرەیی، لە ناکاو زەنگی تەلەفۆنەکە لێیدای دانا فایەق، خۆڵەمێشی ناودارەکان‌ی سیامەند هادی، کەسێک لەباتی هەمووان پێدەکەنێ‌ی فەرهاد مستەفا، مێروولەکان بەژێر ڕووناکیی مانگدا دەڕۆن و ئامادە: چرک!‌ی بەختیار حەمەسوور، بەڵی هەڵەیەک ڕوویداوەی تێکۆشەر خالید و چەند کۆمەڵە چیرۆکێکی تر.

 

 

تەواوی بەرهەمەکانی محەمەد مەنتک ئەم کتێبانەن:

١. سوریالیزم لە ئەدەبی نوێی کوردیدا، دەزگای ئاراس، هەولێر، ٢٠١١.

٢. لە مەدرەسەی نالیدا، یەکێتیی نووسەرانی کورد/ لقی کەرکووک، کەرکووک، ٢٠١١.

٣. سەرەتا دیالۆگ هەبوو (کۆمەڵی توێژینەوەی ڕەخنەیی و ئەدەبی)، یەکێتیی نووسەرانی کورد/ لقی هەولێر، هەولێر، ٢٠١٢.

٤. تەکنیکی فرەدەنگی لە ڕۆمانی کوردیدا، بەڕیوەبەرێتیی چاپ و بڵاوکردنەوەی سلێمانی، سلێمانی، ٢٠١٣.

٥. سیمیۆلۆژیای ناونیشان- ناونیشانی ڕۆمانی کوردی بە نموونە-، بەڕێوەبەرایەتی چاپ و بڵاوکردنەوەی هەولێر، ٢٠١٧.

٦. هونەری چیرۆکنووسین، لە بڵاوکراوەکانی کتێبخانەی مێخەک، سۆران، ٢٠١٨.

٧. مێتۆدەکانی ڕەخنەی ئەدەبی –ڕەخنەی ئەدەبی لە ڕووی تیۆرییەوە-، کتێبخانەی تەفسیر، هەولیر، ٢٠١٨.

٨. سیمیۆلۆژیای گێڕانەوە- هەقایەتی ئەفسانەی فۆلکلۆری کوردی بە نموونە-، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، ٢٠١٩.

٩. چەشە و چەشنە ئەدەبییەکان، لە بڵاوکراوەکانی کتێبخانەی مەم و زین، هەولێر، ٢٠١٩.

 

 

 

 

 

 

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا