شوعەیب میرزایی: شێعری کوردی بە تایبەت لە ساڵەکانی هەشتای کۆچی بەملاوە تووشی پەتا و نەخۆشینێکی سەیر بوو کە تا ئێستاش هەر بەردەوامە

پۆڵەتیک پرێس-دیداری فەرهەنگی

سازدانی: دیار لەتیف

شوعەیب میرزایی, شاعیر و ڕەخنەگر و رۆژنامەوان لە دایکبووی  ساڵی ١٩٨٤. ناوبروا  لە تەمەنی هەڤدە ساڵانەوە  کاری وێژەیی خۆی دەست پێکردووە. ناوبراو تا ئێستا سێ کتێبە شیعری بە ناوەکانی “کراسێ نەماوە دووریتی تیا نەگریم” ، ” گورگەکانی خانمی 1968و عەتا ” کە بریتییە لە دوو شیعری درێژ. هەروەها کتێبی “تارانەکانی ئەم پێستە ئێش ئەکا   “

بە گوێرەی ئەو وتار و بۆچوونانە تا هەنووک لە سەر کتێبەکانی میرزایی نووسراوە  : شوعەیب میرزایی یەک لەو دەگمەن شاعیرە ئاوانگاردانەیە، کە  ئرۆتیسمی زمانیی ، لۆمپەنیسمی زمانیی ، پۆرفێرمەنسە شیعر , کەڵک وەرگرتن لە زمانی  وتوووێژ و موحاورە و سوود وەرگرتن لە گوتاری ڕۆژانە بۆ بە شیعر کردنیان، هەروەها  ڤالای ڕەخنەگرانە  و تووڕە و تابۆشکێنی و زمانشکێنی و لادان لە زمان و گوتاری زاڵباو.  لە شیعرەکانیدا وەک گوتارێکی تۆخ ئامادە و لە بەردەست دایە.

دیار لەتیف: بەجۆرێک گەر سوپاکان نەبان، ژیان شاعیرانەتر دەبوو. گەر بێت و ژیان شاعیرانەبێت، دەسەڵاتە تاکڕەوەکان نەدەبوون، شۆڕش تەنانەت لەناو فەرهەنگیشدا جێگەی دەسڕایەوە. وێرانەیی جەنگمان نەدەدیت. بەڵام مرۆڤ ئاوەزی هەڵبژارد، ئایا عەقڵ هەمیشە لەبەرەی شەڕدایە، سەرەڕای هێنانەئارای گۆڕانکاری و پێشکەوتنەکان؟! گەر بگەڕێمەوە سەر ئەو پرسەی شیعر بەناوی شیعری ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە، ئایا بەکام وێستگە گەیشتووە؟ ئایا لە سوارە و هاوار و چاوە، بۆ مەلەکشا و هەژار و هێمن، چی گۆڕانێکی خۆماڵیانە و بنچینەیی لە شیعری ڕۆژهەڵات هاتەئارا؟ بۆچوونێک هەیە باوەڕی وایە، پاژێک، یان ڕووبەرێک لە شیعری نەوەی نوێی ئێستای ڕۆژهەڵات، لە شەپقەی شیعری فارسی، بەتایبەت (ڕەزا بەراهانی)ـیەوە هاتبێتەدەر، مەبەست لە کاریگەرییە، ئەم ڕوانینە تا چەند درووستە؟ ئایا باوەشکردنە تەکنیک و زمان، لە هەمان وەخت پەراوێزخستنی ناوەڕۆک، چی زیانێکی بە شیعری ڕۆژهەڵات گەیاندووە؟ لەلای باشوورییەکان بەجۆرێک پێچەوانەیە، زۆرتر پەنا بۆ ناوەڕۆک دەبرێت، بەڵام بیرمان نەچێت تەکنیک ئامادەیی هەیە، هەڵبەت بەشێوەیەکی کەمتر و کاڵتر وەک ئەوەی لەلای ڕۆژهەڵاتییەکان دەبینرێت. هاوڕێ لەگەڵیدا نموونەی شاعیری تەکنیکار و فۆرمخوازی باشووری هەن و یەک لەوانە “ئەنوەر مەسیفی”، خاوەن کارنامەی فۆرمی گران لە شیعردایە، ئایا مەسیفی چی سەربارێکی خستووەتە سەر ڕەوتی شیعریی ڕۆژهەڵات؟ ئایا شیعری ئێستای ڕۆژهەڵات لە ئارێشەدایە؟ ئایا شیعری ئێستای باشوور گرفتەکانی چین؟ ئایا ئەم تەرزە توانیویەتی بچێتە ناو دڵی بەردەنگەوە؟ ئایا تەکنیک و گەمە زمانییەکان هەموو شتێکی شیعری تازەن؟ ئاخۆ ئێستا سەردەمی ونکردنی پەیامە لەشیعردا؟ ئایا ڕەخنە مافی خوێندنەوەی بە ڕەوتی شیعری کوردیی ڕۆژهەڵات داوە؟ لە کتێبی (شەوێک لەم بێ شارییە شڵپاوە، عەتا زامارە، گورگەکانی خانمی 1968)، شیعری درامی مەودا ناوەند، یەک هەناسەن، بایەخێکی زۆرترت بە هونەرکاری و زمان داوە و پاشان دەبینرێت، کە  زمانێکیتر، زمانی فارسی و هەندێک کۆپڵەی زمانی ئاینیی  عەرەبی لە دەقەکانت بەکارهێناوە، ئەمە گەر وەک تەکنیک مامەڵەی لەگەڵدا بکەین، ئەوا پێشتر لە شیعری باشوور لە کلاسیکەوە، تاوەکو لەتیف هەڵمەت و قوبادی جەلیزادە ئامادەیی هەیە و بەکارهێنراوە. ئایا هەست ناکەن چێژ بە تەنیا قەتیسکردن لە پێرفۆرمانس و تەکنیکدا نییە؟ ئایا تەکنیک و فۆرم ویستیی، نابێتە هۆکاری خەسارناسی شیعر و ماناسازیی شیعرییەت؟ شوێن بەرباسدان لە شیعری ئێوەدا ئامادەیی زیندووی هەیە. ئایا شوێنتان لە شیعردا شیعراندووە؟ ئایا شیعری ئێوە تاچەند پەیوەستە بە دەرەکاتەوە، لە کتێبی   (شەوێک لەم بێ شارییە شڵپاوە، عەتا زامارە، گورگەکانی خانمی 1968)، واتا بەجۆرێک زەمەن هەیە، ئەم دەقە لەناو کاتەوە، یان دەرە کاتەوە بەرهەم هاتووە.

بەجۆرێک ئاشناین شاعیرەکان ئەو ڕاوچیەن هەموویان ئاواتیان ئەوەیە سەلەمونێک ڕاوبکەن، سەلەموونی شیعر. هەر ئەو دڵنیانەبوونەیە شاعیر دەخاتە گڕ و بەدوای هەردەم باشترینەکان عەوداڵ دەبێت. ئایا شتێک هەیە بەنێوی تەواوکۆی شیعرییەوە؟ شیعرێک وەک نەمر و شاکار و وەک گەیشتنە دواخاڵ؟ تێڕوانینی شاعیر بۆ دەقی خۆی وەک پیرۆز و  شا دەق، دەبێتە لەمپەر لەبەردەم گەشەسەندن و پێشچوونی؟ شیعر ئەو ئاژەڵە کێوییەیە هەم ترسناکە و ڕامکردنیشی سانا نییە. باوەڕێکی ناجێگیرە و کارکردنێکی سرکە لە ساتەوەختێکدا و دواتر پیشەسازکردنەوەی لەساتی دواتردا. شوختە بە دۆخی سەپاودا و ئازارێکی ئۆنتۆلۆژییە و هەروا ئاسان نابێت بیخەینە ناو پۆڵێنێکی دەستنیشانکراوە و بەڵام هەموو شیعرێکی باش لانیکەم بەو ڕاڕەوە ئۆنتۆلۆژییەدا تێدەپەڕێت، پاشان دەکرێت هەر خوودی دەقەکە لە ئازارێکی خوود ناوەندییەوە بازی بۆ ناو بابەت تەوەری دابیێت؟ شیعر هاوچوون بە ڕۆمان و دونیای گێڕانەوە، هەم خودخوازیی کار لەسەر بابەتخوازی دەکات و لە هەمانکاتدا چەپەوانەکەشی. هیچ شیعرێک نییە لە خوودگەریدا چەقی بێت و نەڕواتە دەر بەرەو بابەتخوازی. کەواتە هەر ئەوەی کە دەوترێت و ڕایەکی ناو ڕایەکانە گوایە شیعر هۆنینەوەیەکی خوودییە، هەم بابەت دەرهاوێشتەی خوودە و هەم خوود لەناو بابەتدا دەجمێت. چۆن ئەو پوختە سەرنجە هەڵدەسەنگێنن؟

شاعیران پاسەوانی زمانن زمان یانی شووناس، دەکرێت بڵێین بەرگریکار؟ ئاخۆ داهێنانی شیعری هەر تەنیا لە شێوازدا دەکرێت؟ یان هەر ڕەگەزێک لە شیعردا بۆخۆی پێویستە داهێنراوی تێدابکرێت و نموونەی وەک میتافۆر، بونیادی ناونیشان، وێنەسازی، سۆز، وشەکاری، واتاسازی، ڕەوانبێژی، شیعرییەت، هتد. لەباری وشەوە، ئایا تاچەند گرنگە شاعیرانی ئێستا خۆیان لە وشە زۆر بەکارهاتووەکان دووربگرن و نوێکاری لە وشەدا بکەن؟ پرسیاری ئەوە سەرهەڵدەدات، کە کوردەکان بڕستی جەنگ و ڕاوەدوونان و برسێتی و کۆمەڵکوژییان، بە جۆرێکی وزەپڕووکێن ماندوویکردوون، ئایا بۆ دەبێت شیعر دەستکراوەبێت بەرامبەر ساتەوەختەکانی کە تێیدا دەژی. چەندێک درووستە باوەڕمان وابێت شیعر خاوەن ڕەوانێکی بەرهەڵستکارانەیە و دەبێت بپارێزرێت؟ ئایا شیعر بۆچی دەبێت وەفاداربێت بەرامبەر بە ساتەوەخت و دەسەڵات و تەنانەت ڕەگەزپەرستی نەتەوایەتی؟ ئاخۆ شاعیران ناچارن هەڵوێستیان بە شیعر لەبارەی بۆنە نیشتمانییەکان هەبێت؟ ئاخۆ شاعیر ڕووداوخوڵقێنە، یان ئەوە ڕووداوە شاعیر دەخوڵقێنێت؟! ڕوانینتان لەسەر ئەدەبیاتێک کە پێی دەبێژن بەرگری و ناسیۆنالیست چییە؟ ئاخۆ ئامادەیی ئەدەبی بەرگری تەنیا لەکاتی مەرگەساتدایە، یان دەکرێت لەوپەڕی ئارامیشدا بەرهەمبێت؟ شیعر پێشەوەی بەرگری بێت لەهەر لایەک، بەرگرییە لە مرۆڤ، بەرگرییە لە پێکەوەژیان و بەرگریشە لە ڕەگەزی ئاشتی، بەڵام بەهۆکاری جەنگ و ناکۆکی، بۆچی دەبێت شیعر لەو پێوەرانەی خۆی، لەو قاوغە تەندرووست و ڕاستەقینەی خۆی دەرچێت و بە بارێکی پێچەوانەدا هەڵبسوڕێت؟ ئاخۆ لە ئێستادا ناکرێت و نابێت گوومان لەو پۆڵینە بکەین، کە وتراوە:ئەمە شیعری بەرگری، ئەمە شیعری خۆشەویستی ئەمە شیعری فێرکاری و دەستنیشانکردنی جۆریتر، ئەم ناولێنانە دەکرێت بێژین بۆخۆی بە زیندانکردنی وێژە و لە پێناسەدانێتی؟

شوعەیب میرزایی: یەک: وەک لە وتاری (( لە سوارەوە تا دەق)) وتاری ( شێعری ساکار شێعر دژواردا)) باسم کردووە،شێعری کوردی ڕۆژهەڵات هەر لە سوارە ئیلخانی زادەوە ناوبەناو چاوی لە پێشنیارە شێعرییەکانی شێعری فارسی لە نیما بەملاوە و بووە و لە چەند دەقی دەگمەن نەبێت شێعری کوردی ڕۆژهەڵات بە پێی گۆڕانکارییەکانی شێعری فارسی چۆتە پێشەوە کە ئەمە خۆی خاوەنی چەندین لایەنی پازتیڤ و نگەتیڤە کە پێشتر بە تێروتەسەل باسم کردوون و پێویست ناکات لێرەش لە سەر ئەو بابەتە گرینگە بدوێم و لە وتارەکانی پێشوو و چەند وتاری ئامادەی چاپی دیکەدا ئاماژەم پێ کردووە. ئەوەی کە جێی سەرنجدانە و زۆرتر لە هەمووی گرینگە ئەوەیە کە ئەگەر ئێمە شێعر و بابەتی  هونەری بە واتا ئەرەستوویەکی واتە پۆئێسیس یان داهێنان لە بەرچاو بگرین و ئەوەی نیتچەش بکەین بە فیلتەرێک بۆ تاوتۆی کردنی دەقە شێعرییەکان و پێوەری  قبووڵ کردنی بابەتێکی هونەری داهێنان و خولقاندنی بوونەوەرێکی تازە بە پێست و خوێن و ئێسقانی یەکسەرە جیاواز دابنێین یان بە وتەی تۆدۆرف ئاوەهای بۆ بچین کە شێعر و ڕۆمان ڕێک وەک کەسایەتییەکی تایبەت لە بەرچاو بگرین ئەوەتا ئەژماری دەقی شێعر کوردی بەو پێوەرە لە ئەژماری قامکەکانی دەست تێناپەڕێ.

ئەمە بەو مانایە نییە کە کاریگەرییەتی , بوونی نییە وهەرجۆرە کاریگەرییەتی وەرگرتنێ چتێ نەشیاو و ناجیددیە، بەڵکوو کێشە شرۆڤە و واتا کردنی چەمکی کاریگەریەتییە کە لاسایی کردنەوە و کۆلاژکردن و کۆپی کاری یان جێبەجێ کردنی ڕستە و وشەکانی دەقێکی تر ناڕواتە خانەی کاریگەرییەتییەوە-وەک ئەزانین نیما شێعری فارسی تووشی کۆمەڵێک ئاڵوگۆڕ کرد و کۆمەڵێ شاعیری ناودار وەک شاملوو، فرووغ، سوهراب، نوسرەتی رەحمانی، روئیایی و بەراهەنی لە سەر پێشنیارە شێعرییەکانی نیما توانیان خۆیان پێشنیاردەری شێعری بن و ئیمزا و واژۆی خۆیان لە سەر دەقەکانیان وەک زمان و فۆرم و ساختار و مامەڵەی جوانیناسانە جێ بهێڵن.

شاعیری خاوەن دەق و ئەزموون لە باتی ئەوەی کە لە خوێندنەوەی دەقی شاعیرانی خاوەن پێشنیار کەڵک وەربگرێت شاعیرێکی پرابڵماتیکە کە پرسیار بەرانبەر بە دەقە سەرکەوتووەکان ئاراستە دەکا. بۆ نموونە بەراهەنی چی وتنی نیمای بە لاوە گرینگ نییە، بەڵکوو چۆن وتن و چۆن داڕشتن و فورم و ساختاری زمانی و مامەڵەی جوانیناسانەی نیمای بەلاوە گرینگە و ئەمە ئەبێتە هۆی ئەوەی کە بەراهەنی بۆ سەرچاوکەکانی نیما دەگەڕێ، نەک دیسان دووپات کردنەوە نیما.ئەمە ئەو خاڵە گرینگەیە کە شێعری کوردی زۆر بە دەگمەن ئاوڕی لێ داوەتەوە. ئەمە ئەو واتایەیە کە لە پشت چەمکی کاریگەریەتییەوە دانراوە و خۆی لەگەڵ لاسایی کردن وتەقلید و کۆلاژ و کۆپی جیا کردۆتەوە.

دوو:  بەو ئاماژەیە زۆر کورت و کوردییە ئەمەوێ بڵێم شێعری کوردی بە تایبەت لە ساڵەکانی هەشتای کۆچی بەملاوە تووشی پەتا و نەخۆشینێکی سەیر بوو کە تا ئێستاش هەر بەردەوامە. لە یادداشتێکی فارسیدا سەبارەت بە ئەزموونی شێعری ڕەزا بەراهەنی و شاعیرانی فارسی دەیەی هەشتا نووسیبووم کە دوو تاقم و دەستە و گرووپ دوای بەراهەنی هاتنە ناو پانتای شێعری هاوچەرخی فارسییەوە. گرووپی یەکەم شاگردەکانی کارگای بەراهەنی بوون کەسانێ وەکوو روئیا تەفتی، شەمس ئاقاجانی، عەباس حەبیبی و … کە هەرچەند نەیانتوانی ئەو جۆرەی کە شیاوە درێژەدەری ئەزموونی شێعری و پێشنیارە شێعرییەکانی بەراهەنی بن، بەڵام لە دەقی کەسیاندا ئێمە لاسایی کردنەوەی بەراهەنی نابینین و ئەو کەسانە بە زانیاری لە سەر سەرچاوە مێتۆدیکەکانی بەراهەنی کاریان کردووە و دەقی خۆیان خولقاندووە، بەڵام گرووپی دووەم ئەو کەسانەن کە تا ئێستاکەش لە بەر نەبوونی ڕەخنەگری جیددی و ڕەخنەی بووتیقا تەوەر لە هەموو تەکنیکە فورمی و زمانییەکانی بەراهەنی خەریکن کەڵک وەردەگرن و بە داخەوە هیچ ئاماژەیەکیش بە دەقەکانی بەراهەنی ناکەن و بەردەنگی شێعری فارسی بە ئێستاشەوە لە بەر کۆمەڵێک هۆکار دەقی بەراهەنیان نەخوێندۆتەوە تاکوو ئەو ڕاستیانەیان بۆ دەرکەوێت. یەکێک لەو شاعیرانەی کە لاساییکەرەوەی بەراهەنی بوو و هەرچەند یەک دوو کۆمەڵە شێعری باشیشی لە سەردەمی خۆیدا بڵاو کردەوە و دواتر بوو بە پۆڕنۆنووس عەلی عەبدولڕەزایی بوو. گرینگایەتی عەبدولڕەزایی نەک لە شێعری فارسیدا، بەڵکوو لە شێعری کوردیدا لێرە بۆ من گرینگە.

وەک لە وتار و یادداشت و دەقە چاپ کراوەکاندا دەبینین هەر لە ساڵەکانی هەشتا بەملاوە چەن دەقێک چاپ کران و ئیدعای ئەوەیان بوو کە داهێنانێکی تازەیان لە شێعری کوردیدا کردووه. کە بە داخەوە بە هۆی تاقم بازی و گەمەی ڕۆژنامەوانی و داگیرکردنی کەش و فەزای   میدیاکان و نەبوونی  ڕەخنەی  بووتیقا تەوەر و جیددی لە  شێعری ڕۆژهەڵات و هەروەها بە کۆکردنەوەی نەوچە و سازکردنی نەوچەبازی نەیانهێشت کە ڕاستیەکان بۆ بەردەنگی ئەدەبیات نەخوێنی کورد دەربکەوێت. ئەوانەی کە لە باتی خوێندنەوە و ناسینی دەقەکانی بەراهەنی کەوتنە داوی خوێندن و لاسایی کردنەوە عەلی عەبدولڕەزایی کە دەتوانم بە دەقی دەستەچەندمی بەراهەنی دەست نیشانی بکەم. هەڵبەت نەزانین عەیب نییە شاردنەوەی حەقێقەتەکان عەیبە. وەک بۆ هەموو کەسێک ئاشکرایە ئەوەتا بە هەموویەوە دوو ساڵ ناخایەنێ کە شێعری بەراهەنی ناو ئەو تاقم و گرووپ و بەڕەیانەدا ناو ئەبرێت و بە شایەتی یادداشت و وتەکانی خۆیان بەراهەنی قەت شاعیر نەبووە. هەڵبەت وانەزانن کە ئەو بەڕێزانە بە ئەنقەست وا دەڵێن بەڵکوو هۆکارەکەی ئەوەی ساڵەهایە هەموویان لە تەکنیک و فۆرم و زمان و پێشنیارەکانی بەراهەنی کەڵک وەردەگرن، بەڵام لە بەر نەخوێندنەوەی دەقەکانی بەراهەنی و سەرقاڵ بوون بە خوێندنی دەقە دەستەچەندمەکانی کەسانێک وەک عەبدولڕەزایی ئاگایان لە ئەزموونە بەربڵاوەکانی بەراهەنی نەبووە. بە کارهێنانی بە هەڵەی کۆمەڵێک لەو تەکنیکانە یان ناپێویست بوونی کۆمەڵێک دەق بەو تەکنیکگەلە خۆی شایەتێکی بەڵگەمەندە بۆ ئەم باسە.

چەنددەنگی، چەندفۆرمی، چەندساختی، چەندزمانی و پارۆدی زمانی و فۆرمی و زۆر تێرم و تەکنیکی شێعری ترە کە لەم ساڵانەدا زۆر ئەیبیسین و ئەیخوێنینەوە. سەرەتا لای بەراهەنییەوە دێتە ناو شێعری فارسییەوە. ئەوە بەراهەنییە کە لە ڕێگەی وەرگێڕان  و خوێندنەوەی شێعری پۆست مودێڕنی ئامریکا  هەر لە ساڵەکانی پەنجا بەملاوە ئەو کۆمەڵە پێشنیارە چ وەک وتار و چ وەک تیۆری  و چ وەک شێعر و ڕۆمان ئەخاتە بەردەستمان.

سێهەم: شێعری کوردی وەک کەڵک وەرگرتن لەو تایبەتمەندیانەی کە ئاماژەم پێ دا لە دەقی شێعرەساتی حەمەساڵەی سووزەنییەوە ئەچێتە ناو ئەو دۆخە. ئێستا ئیتر ئەوە ئەرکی ڕەخنەگری بووتیقازانە کە بێت و بە تاوتوێ کردنی ئەو دەقگەڵە دەری بخات کە ئایا دەقێکی وەک شێعرەسات توانیگییە ئەو کاریگەرییەتیانە بە قازانجی دەقی خۆی هەڵبگرێت و ببێتە خاوەن واژۆ و ئیمزای خۆی یا نە؟ ئایا شێعری کوردی لە فورمەتگەلی فۆرمی و ڕژێمی جوانی ناسانەی دەقە فارسییەکان هاتۆتە دەرەوە و توانیویە فۆرمەتی خۆی داڕێژێ یان هێشتا هەر هەموومان لەو فۆڕمەتە ئامادانە خەریکی تاقی کردنەوەین.

دیارە ئەم پرسیارە ڕووبەڕووی دەقی خۆمیش ئەبێتەوە کە من لە ڕێی ناسینی سەرچاوە میتۆدیکییەکانی بەراهەنی و هەروەها ناسینی شێعری پۆست مودێڕن ئامریکا هەوڵەکانم بە دابین کردن و درووست کردنی فۆرمەتێکی فۆرمی و زمانی و جوانی ناسانە  بووە یان ئەو هەوڵانە تەنیا لە فۆرمەتە ئامادەکانی بەراهەنیدا ماونەتەوە.

بۆ نموونە هەر دەقە شێعرییەکانی “گورگەکانی خانمی 1968  و عەتا ”  یان  دەقی  کتێبی ” تارانەکانی ئەم پێستە ئێش ئەکا”  کە دەیبینن زۆر هەوڵم داوە لە ڕێی ئیجرای زمانی  و ئیجرای مووسیقایی وشە و پارۆدی زمانی و فورمی دەقێکی نوێ بخولقێنم. ئێسا ئەو هەوڵە چەندە توانیویە سەرکەوتووبێت و بگاتە ئاکام دیسان ئەبێ ڕەخنەی بووتیقاتەوەر باسی بکات. دیارە لای ئێمە ئەوەی تا ئێستا بە ناوی ڕەخنە نووسراوە یان فەکت تەوەرانە و پارادۆکسیکاڵ بووە و بە شێوازێ نان بە قەرز دان بووە یان لە باشترین حاڵەتدا خوێندنەوەی کۆمەڵناسانەی بۆ کراوە کە بە داخەوە لایەنە فەننی وبووتیقاییەکانی دەقیان پشت گوێ خستووە و بەو پێیە زۆر دەقی لاواز لە ڕێی ئەو خوێندنەوانەدا ناویان دەکردووە. کەچی ئەبینین چەندە دەقۆچکەی تازە چاپ کراو بە بێ ئاماژە بەو فۆرمەتە ئامادانە نووسراون. لای من شاعیر ئەبێ بەر لە هەموو شتێک لە گەڵ بەردەنگی خۆیدا ڕاستگۆ بێت و فێڵی لە گەڵدا نەکات. وەک بەراهەنی دەڵێ ئەگەر شێعر ئەزموون کردنی دۆزەخ و وشەیە,  ئەو دۆزەخە جنوونی شاعیر لە زماندا و هەوڵ دایینە بۆ دەربازبوونی دوابەدوا لە سیستەمی شێعری پێش لە خۆی و هاوچەرخی خۆی.

 

هەڵبەت سەیر نییە ئەو دۆخەی کە ئێستا بە سەر شیعری ئێمەدا زاڵە. کاتێک کە ئەو بە ناو شاعیرانە خەریکن خەڵکی فێری ئەوە دەکەن کە بە کۆلاژی شیعری چەند شاعیری تر ئەتوانن ببن بە شاعیر و بە ناو وانەی داهێنانەوە لە شوێنەکانەوە بانگەوازی بۆ دەکەن. کە واتە کاتێک مامۆستاکانیان داهێنانئەکەن بە کۆلاژ هیچ چاوەڕوانییەک لە کەس ناکرێت.

بە هەرحاڵ  بەپێ پێویست  هەوڵم  دا وڵامێکی زۆر کورت  بۆ ئەو پرسیارە گرینگانە بدەمەوە و وەک دەزانن وەک خۆم حەزم لە وتوووێژی لە پێش دا ئامادەکراو نییە و پێم وایە  هەر وتوووێژێ ئەبێ راستەوخۆ و لە سەر هێڵ  بکرێت  تاکوو  لە باتی  ئەوەی  سووژەی  وتوووێژەکە پەنا بۆ کتێبخانەکەی ببات,  لە سەرچاوکەی ئەو  کۆمەڵە  زانستە زیست و ژێ کراوه ی خۆیە  وڵامی پرسیارەکان بداتەوە   و  هیوادارم   بەم  زووانە  کتێبی کۆمەڵە وتارە  ئامادەکراوەکانم  چاپ بکرێت کە بریتی لە ورووژاندنی  کۆمەڵێ پرس و بابەتی هەرە گرینگ و باس نەکراو و زۆر پێویستە .

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا