بێ‌ پارەیی بازاڕی زێڕی لەهەرێم گەرمكردووە

پۆڵەتیك پرێس:
بەهۆی نەبوونی دواكەوتنی دابەشكردنی موچەو لێبڕینی لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەشێكی زۆر لەهاووڵاتیانی هەرێم دەستیان بەفرۆشتنی ئەو زێڕانە كردووە، كە پێشتر كڕیویانە.

بەقسەی شارەزایانی ئابووری‌و ئەو كەسانەی لەبواری زێرەنگەری كار دەكەن، فڕۆشتنی زێڕ لەلایەن هاووڵاتیانەوە، بازاڕی زێڕی گەرمكردووەو ئەوەش جۆرێك بازرگانی نوێی لەنێوان هەرێم‌و وڵاتانی دەوروبەر بەتایبەتی توركیا دروست كردووە.

دلێر تاهر سەرۆكی لقی زێرنگەرانی سلێمانی لەو بارەوە بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: هۆكاری هەناردەكردنی زێر لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ وڵاتانی دیكە بۆ كەمی پارە دەگەرێتەوە، كە خەڵكی بەناچاری زێڕەكانیان دەفرۆشن‌و زێرەنگەرانیش هەناردەی وڵاتانی دەورەبەری دەكەن.

لەبارەی ئەوەی بۆچی لەناوخۆدا سوود لەو زێڕە وەرناگیرێت، كە كڕین‌و فرۆشتنی پێوەدەكرێت، دلێر تاهر وتی: ناچارین هەناردەی دەرەوەی وڵاتی بكەین بۆ ئەوەی بەپارە ساغبكرێتەوە.

لەبارەی ئەوەی ئەو زێڕە زیاتر هەناردەی كوێ‌ دەكرێت، دلێر تاهر ئاشكرایكرد، كە لەئێستادا تەنیا رێگایەك هەیە ئەویش لەگەڵ توركیایە، كە ئەوەش هیچ مەترسی نییە، چونكە ئەگەر دۆخی ئابووری باش بێتەوە، ئەوە بەدڵنیایی دەتوانین زێر لەتوركیا بكڕینەوە.

لەزانستی ئابووریدا، زێر وەك كاڵایەكی گرنگ سەیر دەكرێت، هەر بەو هۆیەشەوە كام وڵاتە زۆرترین زێڕی هەبێت، ئەو وڵاتە وەك وڵاتێكی ئابووری بەهێز سەیر دەكرێت.

عزت سابیر ئابووریناس، سەبارەت بەوەی ئایا هەناردەكردنی زێڕ بۆ دەرەوەی هەرێم مەترسی لەسەر ئابوورییەكەی نییە، وتی: بەهۆی كەمی رێژەی زێر، هەناردەكردن و هاوردەكردنی زێڕ داهاتێكی وای نییە بۆ هەرێم‌و مەترسیشی نییە، تەنیا سودشی بۆ جوڵەی بازرگانییە.

عیزەت سابیر بۆ “پۆڵەتیك پرێس” وتیشی: ئێستا زێڕ لە هەرێمی كوردستان بەرهەم ناهێنرێت تەنیا دەتوێنرێتەوە دەكرێت بەقاڵب، یاخود دوبارە دروستدەكرێتەوەو دەكرێت، بەخشڵ، بۆیە زۆر كاریگەری لەسەر ئابووری هەرێم دروست ناكات.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا