بڕیارەكانی حكومەتی هەرێم زیان لەكەرتی گەشتوگوزار دەدات

پۆڵەتیك پرێس:
بڕیارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ قەدەغەی هاتووچۆی نێوان شارەكانی عێراق لەگەڵ هەرێم و رێگری كردن لەهاتنی گەشتیاران زیانی گەورەی بەكەرتی گەشت و گوزارو ئابووری هەرێم گەیاندووە.

ئەمەل جەلال سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان لەو بارەوە بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: گرتنەبەری ئەو هەموو رێكارە توندە، كە لیژنەی باڵای روبەرووبوونەوەی كۆرۆنا بەبیانووی رێگریكردن لەڤایرۆسەكە دایناوە بۆ قەدەغەكردنی هاتنی گەشتیاران گاریگەری گەورەو خراپی كردووەتە سەر كەرتی گەشتیاری و رۆژ لەدوای رۆژ كەرتی گەشتیاری هەرێمی كوردستان بەرەو دارووخان دەبات.

ئەمەل جەلال وتیشی: هەرێمی كوردستان بەتایبەت پشتی بەگەشتیارانی شارەكانی خوارو ناوەڕاستی عێراق بەستووە، بەڵام ساڵی رابردوو ئەمساڵیش بەرێكاری توند بۆهاتنی گەشتیاران بەتایبەت لەوەرزی بەهاردا دانراوە ئەوەش زیانی گەورەی بەبواری گەشتیاری گەیاندووە.

سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم جەختی كردەوە، لەبری قەدەغەكردنی هاتنی گەشتیاران دەبێت هۆشیاری بڵاوبكرێتەوە و رێنماییتەندروستی بەگەشتیاران بدرێت، چونكە گرتنەبەری رێكاری تودن و بەردەوامیدان بەو بڕیارانە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە گەورەترین هەڵەیە بەرانبەر گەرتی گەشتیاری و زیانی زۆر گەورە بەئابووری هەرێمی كوردستان دەگەیەنێت.

هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد، ئەگەر چاوەڕێی ئەوە بكرێت پەتاو نەخۆشییەكان بەتایبەت ڤایرۆسی كۆرۆنا كۆتایی بێت ئەوە هەرێم دەخاتە گەورەترین هەڵەوە، چونكە دیار نییە كۆرۆنا كەی تەواو دەبێت، بۆیە پێویستە ژیان و كاری هاووڵاتیان بەردەوام بێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا