حكومه‌تی هه‌رێم پاره‌ی چاككردنی ژینگه‌ وه‌رده‌گرێت و له‌ موچه‌دا خه‌رجیده‌كات

پۆڵەتیك پرێس
ساڵانە بەناوی پاراستن و چاككردنی ژینگە بڕێكی زۆر پارە لەهەرێمی كوردستان كۆدەكرێتەوە، بەوتەی لێپرسراوانی ژینگەش حكومەت پارەكە دەبات و بۆ ئەو سندوقەی بەناوی ژینگەوە دانراوە ناگەڕێتەوە.

لوقمان وەردی، ئەندامانی لیژنه‌ی كاروباری ته‌ندروستی و ژینگه‌ و مافی بەکاربەر لەپەرلەمانی كوردستان بە پۆڵەتیك پرێس-ی راگەیاند، ئەو پارەیەی بەناوی ژینگەوە حكومەت كۆی دەكاتەوە لە 80% ی وەزارەتی دارایی بۆخۆی دەبات و لە 20%یشی هاتوچۆكانی هەرێم بۆ پێداویستیەكانی خۆیان بەكاریدەهێننه‌وه‌، ئەوەش پێچەوانەی یاسایە و غەدرێكی گەورەیە لەدەستەی ژینگەی هەرێم و ژینگە دەكرێت لەكوردستان.

وتیشی: “لەئێستادا دەستەی ژینگە تەنها دەوام دەكەن و رۆڵیان نیە لەچاككردنی ژینگەی هەرێمی كوردستان چونكە پارەی پێویستیان پێنیە”.

لوقمان وەردی، ئاماژەی بەوەشكرد، لەنزیكترین كاتدا بۆچارەسەركردنی داهاتی سندوقی ژینگە، لیژنەكەیان لەگەڵ دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە كۆدەبێتەوە.

لەلایەكی ترەوە ئەحمەد محه‌مه‌د، وتەبێژی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی:”حكومەت بەناوی سندوقی ژینگەوە چەندەها جۆری باج و رسومات لەهاوڵاتیان وەردەگیرێت و هیچ لەوپارانەش بۆ سندوقەكە ناگەڕێتەوە و هەر وەزارەتەو بەشە پارەی خۆی دەباتەوە”.

وتیشی:” داوامان لەحكومەت كردووە بۆ ئەوەی ئەو سندوقەی بەناوی ژینگەوە دانراوە هەڵبوەشێنێتەوە بەناوێكی ترەوە دابنرێتەوە، چونكە پارەكەی بۆ ژینگە نیە و بەشێكی زۆری بەبیانوی قەیرانی دارایی بۆ موچە و پێداویستیەكانی تر خەرجدەگرێتەوە”.

ئەحمەد محه‌مه‌د ئاماژەی بەوەشكرد، بۆ بابەتە ژینگەییەكان و چاككردنی ژینگەو ئەنجامدانی چالاكی پارەمان لەبەردەست نیە و وەزارەتی دارایی ئاگاداری كردوون، كە بەبڕی كەم و لەرێگەی نوسراوەوە پارەیان بۆخەرجدەكرێتەوە.

عەبدولڕەحمان سدیق، سەرۆكی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگەی هەرێم لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ڕایگه‌یاند، حكومه‌تی‌ هه‌رێم هاوشێوه‌ی‌ سندوقی‌ خانه‌نشینی‌ ده‌ستی‌ بۆ سندوقی‌ ژینگەش بردووه‌ و پارەکەی بۆ مەبەستی دیکە بەکارهێناوە.

پەرلەمانی كوردستان بەیاسای ژمارە 8 ی ساڵی 2008 یاسای پاراستن و چاككردنی ژینگەی له‌هه‌رێمی كوردستان دەركردووە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا