پۆڵەتیک پرێس
کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق حکومەتی بەوە تۆمەتبار کرد کە بەشێوەیەکی ئاشکرا پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ دەکات لە ئەنجامی قەرەبوو نەکردنەوەی ئەو خێزانانەی داهاتی سنورداریان هەیە و بەهۆی رێکارەکانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە زیانیان بەرکەوتووە.
لەوبارەیەوە فازڵ غەزاوی، ئەندامی کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، رێکارەکانی ئەم دواییانە بوونەهۆی ئەوەی زۆرێک لەو خێزانانەی داهاتێکی سنورداریان هەیە هێزی رۆژانەیان لەدەست بدەن و ئەو کارانەیان لەدەست دەربچێت کە رۆژانە بۆ بژێویان پشتیان پێبەستبوو.
وتیشی: بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک و قەرەبوونەکردنەوەی ئەو خێزانانە لەڕووی داراییەوە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بووەتەهۆی ئەوەی هەزاران خێزان سەرچاوەی سەرەکی داهاتیان لەدەست بدەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، بڕینی سەرچاوەی بژێوی هاوڵاتیان و رێگریکردنیان لە کاری رۆژانەیان بەبیانووی قەدەغەی هاتوچۆ و رێکارەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەبێ پێدانی هیچ قەرەبوویەکی ماددی، پێشێلکارییەکی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە.
هاوکات، داوای لە حکومەت کرد قەرەبووی ئەو خێزانانە بکاتەوە و لێخۆشبوونی بەپەلەی باجیان بۆ دەربکات، تا بتوانن بەسەر قەیرانەکاندا زاڵبن.
کۆتاییەکانی مانگی شوباتی رابردوو، حكومەتی عێراق چەند بڕیارێكی نوێی لەبارەی رێكارەكانی خۆپارێزییەوە دەكرد و یەكێك لە بڕیارەكانیش دانانی قەدەغەی هاتوچۆ بوو لە نێوان پارێزگاكاندا.